ماڵ ئاوایی هاوکارێکی دێرین
|
|
|
سه لاح پيروتى، VOKRadio, Los Angeles, California, USA
|
ماڵ ئاوایی هاوکارێکی دێرین
سه لاح پيروتي
واشينتون- ئه مريكا
هەینی چواری جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی
بە داخێکی گرانەوە هاوکاری گەلێک ماندوویی نەناس و دێرین کاک خەلەف زێباری ئەمڕۆ ئێوارە کۆچی دوایی کرد. بە ماڵ ئاوایی ئەو بێژەرە، ڕادیۆی کوردی بە گشتی یەکێک لە باشترین دەنگە بێژە هەڵکەتووەکانی خۆی لە کیس دا. ساڵانێکی زۆر هەر لە سەرەتای دامەزرانی بەشی کوردی کاک خەلەف یەکێک لە ئەو کەسانە بوو کە کاری بێژەری و وەرگێڕی لە دەنگی ئەمەریکا دەست پێکرد. سەردەمانێک ئەو ڕادیۆیە بە لە بەرچاوگرتنی هەڵ و مەرجی بە تایبەت هەستیاری ئەو کات و دامەزراندنی بەشێک بۆ ڕادیۆی کوردی لە لایەن ئەمەریکاوە گرینگێکی زۆری هەبوو. بێگومان ژمارەیەکی زۆر لە گوێگرانی بەشی کوردی لە گەڵ دەنگی خەلەفی زێباری ئاشنان و خۆم یەکێک لە ئەو کەسانە بووم کە سەردەمی خۆی لە چیاکان بە دەنگێکی خاوەن هەست و سەرنج ڕاکێشم دەزانی.
تایبەمەندی هەرە بەرچاوی کاک خەلەف ئەوە بوو کە ساڵانێک بە سەر تەمەنی دا ڕابردبوو کە لە بەشی کوردی دەستی بە کارکردن کرد. هەر چەند پێشتر لە بەشی ڕادیوی شوڕش لە چیاکان بێژەرێكی چالاکی ڕادیۆ بوو، بەڵام لە بەشی کوردی چونکە زۆرتری کارەکە وەرگێڕان لە ئینگلیسی ڕا بۆ کوردی بوو، کارێکی ئەوەندە ئاسان نەبوو بە تایبەتی بۆ کاک خەلەف کە تەمەنێکی هەبوو درێژە بە ئەو کارە بدات. ئەوەندەی ئەمن ئاگادار بم لە کاری وەرگێری دا دەکرا مرۆڤ پشتی پێ ببەستێت. وەرگێرانەکانی پاراو و جێگای کەڵک لێوەرگرتن بوون. هەر چەند لە ئەمەریکا خوێندنی زانکۆی نەدیتبوو بەڵام بابەت و راپۆرتەکانی بە جۆرێک دەگێرایەوە سەر کوردی کە هەر دەتگوت لە بناخەدا بە کوردی نووسراوبوون.
|
Read More - ادامه مطلب...
|