ملووك وه‌كيلى لێكۆله‌ر وديزاينهرى جلوبه‌رگى ره‌سه‌ن:
زانياريم له سه‌ر ٣٠٠ جۆرى جلوبه‌رگى ڕه‌سه‌ن له سه‌رده‌مى ماده‌كانه‌وه تا ئێستا هه‌يه وزۆربهيانم به په‌نجه‌كانى خۆم زيندوو كردووه‌ته‌وه
گفتوگۆ:
سالار حيسامى
٣ى ماگى ئاگۆست ٢٠٢٠
ملووك وه‌كيلى، ناسناوى (ئاڵا)ى هه‌يه و، لێكۆله‌ر و ديزاينه‌رى
جلوبه‌رگى ره‌سه‌ن و ناوێكى ئاشنا و كه‌سايه‌تييه‌كى ناوداره له‌و بواره‌دا و،
لێكۆڵينه‌وه‌كانى له بوارى كه‌لتوور و جلوبه‌رگى ڕه‌سه‌ن (له سه‌رده‌مى ماده‌كان-ـه‌وه
تا هه‌نوكه) به‌رده‌وامه و، چه‌ندين پێشانگه‌ى له ڕۆژهه‌ڵات و باشوورى كوردستان
و هه‌روه‌ها له ئێران و ده‌ره‌وه‌ى وڵات‌دا كردووه‌ته‌وه. له سه‌رده‌مى
مێرمنداڵييهوه عه‌وداڵى دروومان بووه و، به‌رده‌وام داهێنانى تێدا كردووه. هه‌ر
له‌و بواره‌دا خه‌ونه‌كانى هێناوه‌ته دى وكاتێكى زۆرى ته‌مه‌نى خۆى له‌سه‌ر
داناوه، سه‌دان خولى بينيوه ودهيان بڕوانامه‌ى به‌رزى به‌ده‌ست هێناوه.
وه‌ك
خۆى باسى ده‌كات، سڵى له كارى مه‌يدانى نه‌كردووه و، بۆ كۆكردنه‌وه‌ى زانيارى له
باره‌ى كه‌لتوور و جلوبه‌رگى ڕه‌سه‌نى كوردى، سه‌ردانى زۆربه‌ى شار و لادێ و گونده
دووره‌ده‌سته‌كانى كردووه. هه‌ندێ له به‌رهه‌مه‌كانى به مۆزه‌خانه‌كان به‌خشيوه،
به‌شێكى زۆريشى وه‌ك سامانێكى مه‌عنه‌وى لاى خۆى پاراستووه، بۆ ئه‌وه‌ى مۆزه‌خانه‌يه‌كى
ده‌وڵه‌مه‌ند به هه‌موو جۆره‌كانى جلوبه‌رگى ڕه‌سه‌ن بونياد بنێ. له‌م ديدارهشيدا
زياتر باسى ئامانج و پڕۆژه و به‌رنامه‌ى كارى داهاتووى ده‌كات.
لێكۆله‌ر و ديزاينه‌رى جلوبه‌رگى ره‌سه‌ن ئاڵا وه‌كيلى، سه‌ره‌تا
جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه "لێكۆڵينه‌وه‌كان به‌تايبه‌تى له بوارى كه‌لتوور
و مێژووى دوور، هه‌رچه‌ند بابهتييانهش بن، هه‌رگيز ناتوانن ١٠٠% هه‌ڵگرى هه‌موو
زانيارييه‌كان بن"، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ده‌ڵێت: "تا ئه‌و ئاسته‌ى ئاسه‌وار
و ديكيۆمێنتهكان بواريان داوه، لێكۆڵينه‌وه‌ى وردم له باره‌ى جلوبه‌رگى ڕه‌سه‌ن
له سه‌رده‌مى ماده‌كانه‌وه تا ئێستا كردووه و، زانياريم له سه‌ر زياتر له ٣٠٠
جۆريان هه‌يه و، زۆربهيانم به په‌نجه‌كانى خۆم زيندوو كردووه‌ته‌وه. "
له درێژه‌ى ئاخافتنهكهيدا هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات، كه
"نزيكه‌ى ١٦٠ مۆدێلى جلوبه‌رگى كوردى" دروست كردووه، هه‌موو كارهكانيشى
خۆى كردوويه‌تى، هه‌ر له‌و باره‌يه‌وه ده‌ڵێت: "بۆ ئه‌وه هه‌موو كاره‌كانى
خشڵ و ئيكسوار و ديزاين و دروومان ده‌ستكردى خۆم بن، ناچار بووم، خوله‌كانى زياتر
له ٢٦ بوارى كارى ده‌ستى ، له دروومانه‌وه تا كڵاش و گيوه و نمهدچنين و
هه‌موو جۆره‌كانى ڕستن و چنين و ته‌نانه‌ت خولى زێڕنگهرى ببينم، كه ههموويانم
به سه‌ركه‌وتوويى و به‌رزترين ده‌ره‌جه ته‌واو كردووه، چه‌ندين جاريش خه‌ڵات
كراوم. "
سه‌باره‌ت
به تێچووى كارهكانيشى گوتى: "هه‌موويان له سه‌ر ئه‌رك و دارايى خۆم بووه
و هيچ سپۆنسهرێكم تا ئێستا نه‌بووه، به‌ڵام بۆ دانانى مۆزه‌خانه‌يه‌كى ده‌وڵه‌مه‌ند
كه هه‌موو كار و به‌رهه‌مه‌كانم له خۆ بگرێت، پێويستى به سپۆنسهرێكى دڵسۆزى كه‌لتوورى
ڕه‌سه‌ن هه‌يه، تا ئێستاش چه‌ندين به‌رهه‌مى خۆم پێشكه‌ش به مۆزه‌خانه‌كان
كردووه. "
ئاڵا
وه‌كيلى، ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو كه خشڵ وگۆبهند و پاوانه و هه‌موو جوانكارييهكانيشى
بۆ سه‌ر جلوبه‌رگه‌كان، به ده‌ستى خۆى دروست ده‌كات، هه‌ر له‌و بارهيهوهش ده‌ڵێت:
" زيوهرئالاتى جله‌كانى كۆن له‌م سه‌رده‌مه‌دا نه‌ماون، بۆ دروستكردنى ئه‌وانه
به پێى زه‌مه‌ن و كاتى خۆيان، ده‌بێت زانيارى ته‌واوت هه‌بێت و دروستيان بكه‌يت،
چونكه له بازاڕدا ده‌ست ناكه‌ون. "
ئاڵا وه‌كيلى ئه‌وه‌شى ئاشكرا كرد، جگه له‌وه‌ى بۆ ماوه‌ى پتر له ١٥ ساڵ وه‌ك مامۆستا له شاره‌كانى سه‌قز، بانه (ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان) ، تاران (پايته‌ختى ئێران) و له‌نده‌ن (ى
پايته‌ختى بريتانيا، وانه‌ى وتووه‌ته‌وه، ئێستاش له له‌نده‌ن نيشتهجحێيه و له
فێركارى و وانه‌وتنه‌وه‌ش به‌رده‌وامه و، وه‌ك خۆى باسى كرد، تا ئێستا به‌رهه‌مه‌كانى
له نزيكه‌ى ٧٠ پيشانگه نمايش كردووه، كتێبێكيشى ئاماده‌ى چاپ كراوه، كه
زانياريى ته‌واوى له سه‌ر جۆر و زه‌مانى جلوبه‌رگه‌كان له‌خۆ گرتووه. ئه‌و هونه‌رمه‌نده
دهستڕهنگينه پێداگرى له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه به‌نيازه هه‌موو مۆدێله‌كانى
كۆنى جلوبه‌رگى ره‌سه‌ن زيندوو بكاته‌وه، به‌شێكى زۆريشى ئه‌نجام داوه.
كاتێك پرسيارى لێ ده‌كرێ: بۆچى هه‌موو مۆديلهكانت زيندوو نه‌كردووه‌ته‌وه؟
له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت:
"تێچوويان زۆره، له به‌ر ئه‌وه‌ى پارچه وقوماشى زۆر وگرانباييان
پێويسته، هه‌روه‌ها ده‌بێت خشڵ و زيوهرئالاتيشى به پێى تايبهتمهنديى خۆيان بۆ
دروست بكه‌م، تا ئێستاش ئه‌وه‌ى كردوومه له سه‌ر حيسابى خۆم بووه، ئه‌وه پڕۆژه‌يه‌كى
گه‌وره‌ى كولتوورييه و پێويستى به سپۆنسه‌ر هه‌يه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆڵم نه‌داوه
و به‌شێكى زۆريانم زيندوو كردووه‌ته‌وه. "
ئاڵا وه‌كيلى له دواوتهيدا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه:
"جلوبه‌رگ هێماى فه‌رهه‌نگه و زياتر له زمان له‌گه‌ڵ مرۆڤدا ده‌دوێ. "
**************************************
Voice of Kurdish-American Radio for Democracy, Peace, and Freedom
|