دیارده‌ی توند و تیژی دژ به ژنان له كۆمه‌ڵگای كوردستان و ئێران‌دا
ئه مین خۆاله
٢٥ی مانگی ١١ى ٢٠١٩
توند و تیژی و گوشار بۆ سه‌ر ژنان و ئافره‌تان له كۆمه‌ڵگاكانی جیهانی سێهه‌م زه‌قترین و به‌رچاوترین دیارده‌كانی ئه‌مڕۆی سه‌رده‌م و مرۆڤایه‌تییه. به كار هێنانی هێزی سه‌ركوت و ڕووخێنه‌ر له كۆمه‌ڵگای ئێران به گشتی و كۆمه‌ڵگای كورده‌واریدا به تایبه‌ت زۆر زاڵه به سه‌ر ژنان و ئافره‌تانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان كه به‌شێكی گه‌وره‌ن له پێكهێنه‌رانی كۆمه‌ڵگای و هاوكات به‌دیهینه‌ر و ئافرێنه‌ر و دایكی نه‌وه‌كانی داهاتووی كۆمه‌ڵگا.
دوابه‌دوای شۆڕشی گه‌لانی بنده‌ستی ئێران و هاتنه سه‌ر كاری ڕژیمی سه‌ركوتكه‌ری كۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات ژنانی ئێرانی و له سه‌رووی هه‌مووانه‌وه ژنانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان زیاتر چه‌وسێندرانه‌وه و ژیان و باری ئابووری و ڕه‌وتی ئازادییه‌كانیان كه‌وته مه‌ترسییه‌وه و هه‌موو ئازادییه مرۆڤایه‌تییه‌كان و به‌ها ئینسانییهكانیان لێ زه‌وت كرا و له ژێر ناوی نامووس و شه‌ره‌ف پاراستنی بنه‌ماكانی ئایینی ئیسلام گوشارێكی زۆر خرایه سه‌ر ئه‌م به‌شه‌ی كۆمه‌ڵگا و ئافرێنه‌رانی میژوو.
هه‌ر له سه‌ره‌تاییترین ساڵه‌كانی هاتنه سه‌ر كاری رژیم گوشاری حیجاب و له‌چك سه‌ر كردنی زۆره‌ملی بۆ ژنان و ئافره‌تان و به‌ردباران كردنی ژنانی تاوانبار و نه‌دانی بچوكترین ئازادییه‌كان و هاوبه‌شی له كاروباری به كۆمه‌ڵ و حۆكمه ناله‌باره‌كانی ده‌زگا دادوه‌رییه‌كانی ئێران له‌وانه ئه‌وه‌ی كه دوو ژن به پیاوێك به هه‌ژمار ده‌هاتن و دابه‌ش كردنی میرات و به‌شه‌ماڵ به سه‌ر بنه‌ماڵه‌دا و هه‌ژمار كردنی ژنان دیسان به نیوه و نیوه‌چڵی گوشارێكی زۆری خسته سه‌ر ئافره‌تان و هاوكات زوڵم و زۆری بنه‌ماڵه و باوك و برا و مێرد بۆ سه‌ر ئافره‌تان و ڕێگری له به‌شداری كردنی ئافره‌ت له زۆر بۆنه و كۆبوونه‌وه و ته‌نانه‌ت ڕێوره‌سمه ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ئێرانی و كوردستانی ته‌نیا به بیانووی ژن بوون و نیوه‌ی كۆمه‌ڵ. سه‌رجه‌م ئه‌م ڕێگرییانه بوونه هۆكاری ئه‌وه‌ی ژن و ئافره‌ت به‌رده‌وام وه‌كوو هێزێكی بچووك و نیوه سه‌یر بكرێن و هاوكات ژنان خۆیان زۆر به كه‌م سه‌یر بكه‌ن و زۆربه‌ی حه‌ز و هیوا و خولیاكانیان بشارنه‌وه و هێزه‌كانیان له وجوودی خۆیان دا سه‌ركوت بكه‌ن و ده‌نگیان له بنه‌ڕه‌تدا بخنكێت و ڕیگای به‌شداری هه‌ر چه‌شنه چالاكییه‌ك له خۆیان زه‌وت بكه‌ن.
زۆر جار ده‌بینرا له كۆمه‌ڵگای كوردهواوری به تایبه‌تی و نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كانی دیكه‌ی ئێران ڕێگای خوێندن و فێربوون له ئافره‌تان زه‌وت بكرێت و رێگا نه‌درێت بچنه مه‌كته‌ب و قۆتابخانه‌كان به بیانووی پاراستنی شه‌ره‌ف و ده‌سته‌واژه‌كانی بۆچییه‌تی سبه‌ی ڕۆژ شوو ئه‌كات و ئه‌چیته ماڵه مێرد و نایه‌وێت و ده‌یان و سه‌دان بیانووی بێ بنه‌مای دیكه كه به داخه‌وه له لای ژنان و ئافره‌تانیش وه‌كوو حۆكمێكی له سه‌ره‌وه وه‌رگیرابوو و هێزی پرسیار و بۆچوون و راده‌ربڕینی لێ ئه‌ستاندبوونه‌وه و هه‌موو بابه‌تێكیان به لاره‌ملی و ملكه‌چی به ناچار وه‌رده‌گرت و ڕێگایان ئه‌دا مافه‌كانیان له لایه‌ن ده‌سه‌لات و له سه‌رووی هه‌موو ئه‌وانه‌وه بنه‌ماڵه‌یان له ژێر پێ بنرێت و بێبه‌ش بن له سه‌ره‌تاییترین مافه‌كانی وه‌كوو خوێندن و هه‌لبژاردنی هاوبه‌شی ژیانیان و توانای ئه‌وه‌ی كه بتوانن ئیش و كار و چالاكییه‌ك بكه‌ن و وه‌كوو بنده‌ست و لاره‌مل سه‌یر نه‌كرێن.
له گه‌ڵ به‌ره‌و پێشچوونی كۆمه‌ڵگا به هاتنی ئینته‌رنێت و سه‌ته‌لایت و ته‌له‌فوون و ده‌یان ئامرازی دیكه‌ی به‌ره‌و پێشكه‌وتوویی و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی زانیاری و هۆشیاری جه‌ماوه‌ر و كۆمه‌ڵگا ڕێگا خۆش كرا بۆ ده‌ركه‌وتن و خۆپیشاندانی زیاتری ئافره‌تان و كۆمه‌ڵێك ئازادی زه‌وتكراو كه وه‌ك باسكرا له سه‌ره‌تاییترین مافه‌كانیان بوو له به‌ر چاوی ئه‌م به‌شه‌ی كۆمه‌ڵگا روون و ئاشكرا كرا و به ناچار كۆمه‌ڵگا ملكه‌چی خواسته‌كانیان بوون. مخابن ڕژیمی كۆنه‌په‌ره‌ستی كۆماری ئیسلامی دوای ساڵانێك تا ئێستا دانی به سه‌ره‌تاییترین مافه‌كانی ژنان وه‌كوو به‌شێكی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵگا و نیوه‌ی زیاتری كۆمه‌ڵگادا نه‌ناوه و به سه‌پاندنی زوڵم و زۆر و پێشێل كردنی مافه ڕه‌واكانیان به‌رده‌وام بووه له گوشار خستنه سه‌ریان و به بیانووی جوراوجۆر وه‌كوو له به‌ركردنی جل و به‌رگی داپۆشراوی زۆره‌ملی و سه‌ركۆت به بیانووی ئه‌وه‌ی كه به‌شداری ژن بۆ وێنه‌ی له یاریگاكان و شوێنه گشتییه‌كان دژی بنه‌ماكانی ڕژیمی ئیسلامییه رێگریان كردووه له به‌شداری ژنان له زۆربه‌ی بۆنه و ڕێوڕه‌سم و میتینگ و كۆبوونه‌وه چاره‌نووس سازه‌كانی وڵات و نه‌ته‌وه‌كانیان.
به داخه‌وه له ساڵانی ڕابردوو دا به شوو دانی زۆره‌ملی كچان و ئافره‌تان له لایه‌ن بنه‌ماڵه‌كانیان له كۆمه‌ڵگای كوردهواری و كۆمه‌ڵگا نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی دیكه زۆر باو بووه و بنه‌ماڵه قه‌ت بڕوایان به‌و بابه‌ته نه‌بووه كه مافی هه‌لبژاردن به كچان و خۆشكانی خۆیان بده‌ن و زۆر جار ئافره‌تانیان له پێناو مڵك و ماڵ و پاره و ده‌سه‌ڵات بۆ خۆیان به كه‌سانێكی نه‌ناسراو و نه‌شیاو و به ته‌مه‌نتر له كچانی و خۆشكانی خۆیان داوه و هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كیان له سه‌ر رابردووی ئه‌و كه‌سانه نه‌كردووه و به ده‌س خۆیان و به زۆره‌ملی داهاتووی مناڵه‌كانیان به‌ره‌و ئاقارێكی زۆر خراپ بردووه.
دیارده‌ی خۆكوژی له‌م ساڵانی دواییه‌دا تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له ناو ژنانی كوردهواری زیادی كردووه به پێی ئاماری ناوه‌نده‌كانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان و له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه به پێی دوایین ئاماره‌كانی ڕێكخراوی "هه‌نگاو" ته‌نیا له ساڵی ڕابردووی زایینی دا ڕێژه‌یه‌كی نزیك به 86 ژن ده‌ستیان داوه‌ته خۆكوژی و گیانی خۆیان له ده‌ست داوه كه زۆربه‌یان به هۆی دهسكۆرتی بنه‌ماڵه‌كانیان و پێكهێنانی زۆره‌ملی ژیانی هاوبه‌ش و به كار هێنانی زه‌بر و زۆر له لایه‌ن بنه‌ماڵه و مێرده‌كانیانه‌وه ده‌ستیان داوه‌ته ئه‌م كاره و گیانی خۆیان له سه‌ر داناوه. هاوكات و له هه‌مان كاتدا هه‌ر ساڵی ڕابردوو ڕێژه‌یه‌كی دیكه نزیك به 27 ژن و كچ له كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات له لایه‌ن كه‌سه نزیكه‌كانی خۆیانه‌وه وه‌كوو مێرد و باوك و برایان كوژراون و گیانیان له ده‌ست داوه و له گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ڕێژه‌ی خۆ سووتاندن به‌رده‌وام ڕوو له هه‌ڵكشانه و ڕۆژ نیه هه‌واڵی گیان له ده‌ستدان و خۆكوژی خانمێك یان كچێك به‌ر گوێی بیسه‌ران و كۆمه‌ڵگا نه‌كه‌وێت.
تیرۆری كه‌سایه‌تی و ڕووخاندنی باری ده‌روونی و هێرشی جه‌سته‌یی بۆ سه‌ر ژنان و ئافره‌تان و به‌كارهێنانی ژنان وه‌كوو ئامێرێك و سه‌یركردنیان به چاوی سووك به تایبه‌ت له كۆمه‌ڵگای بچووكی كوردهواری و نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كانی دیكه كاڕیكی وه‌های كردووه ژنان كه به‌شێكی به‌رچاوی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ن خۆیان له به‌شداری له چالاكییه‌كان ده‌شارنه‌وه و تووشی گرفتی ده‌روونی و ڕووخانی شه‌خسیه‌تی و باری ده‌روونی ده‌بن و زیاتر گۆشه‌گیر ده‌بن. له زۆر حاڵه‌ت په‌نا بۆ خۆكوژی و ده‌رمانخواردكردنی خۆیان ده‌به‌ن و پشت له ماڵ و مناڵ و هه‌موو ئاواته‌كانیان ده‌كه‌ن و گیانی خۆیان له ده‌ست ده‌ده‌ن و له زۆر حاڵه‌تی دیكه دا تووشی خه‌مۆكی و گۆشهگرتن و په‌ستانی رۆحی و دڵ مردوویی ده‌بن و ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ كارتێكه‌ری ده‌بێت له سه‌ر كۆمه‌ڵگا و چوار ده‌وری خۆیان و بنه‌ماڵه‌كانیان.
گوشار و زه‌خت و زۆری ناوه‌نده ئه‌منیه‌تیی و حكومییه‌كان له چه‌ن ساڵی رابردوودا به ڕاده‌یه‌ك زیادی كردووه كه ڕێگای به‌شداری ئه‌و چینه له كۆمه‌ڵگایان له چالاكییه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان به ته‌واوه‌تی له‌وان زه‌وتكردووه و هه‌ر به پشتبه‌ستن به دوایین ئاماره‌كانی ڕێكخراوی هه‌نگاو ته‌نیا له ماوه‌ی ساڵی ڕابردوو دا 46 ژنی كورد له پارێزگا كوردنشینه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به تاوانی به‌شداریكردن له چالاكی سیاسی و مه‌ده‌نی و ئایینی ده‌سبه‌سه‌ر و ڕه‌وانه‌ی ناوه‌نده ئه‌منیه‌تییه‌كان كراون و به دڕندانه‌ترین شێواز لێكۆڵێنه‌وه‌یان لێكراوه و له باری رۆحی و ره‌وانی و جه‌سته‌یی ئه‌شكه‌نجه دراون و زۆر جار بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر ڕێگایان پێنه‌دراوه پێوه‌ندی له گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كانیان بكه‌ن له‌وانه خاتوو زارای مۆحه‌ممه‌دی یان "زارای نیشتمان" مامۆستای خۆبه‌خشی زمانی كوردی و چالاكی مه‌ده‌نی ته‌نیا به تاوانی فێركاری زمانی دایكی بۆ منداڵانی كوردستان ماوه‌ی چه‌ن مانگه ده‌سبه‌سه‌ر و شوێنی ڕاگرتنی نادیاره و ته‌نانه‌ت بنه‌ماڵه‌كه‌ی ئاگاداری ڕه‌وتی سڵامه‌تی و چاره‌نووسی ناوبراو نین. له هه‌مان كاتدا گوشار بۆ سه‌ر چالاكانی و نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌نووسانی ژن ته‌نیا به هۆی ژن بوونیان و دژایه‌تی له گه‌ڵ یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی به‌رده‌وامه و ڕێگای به‌شداری خانمانیان له ئاوه‌دانكردنه‌وه و بنیاتنانی كۆمه‌ڵگا گرتووه و ڕێگای جموجووڵ و چالاكییان له ژنان و ئافره‌تان به ته‌واوه‌تی زه‌وتكردووه.
**************************************
Voice of Kurdish-American Radio for Democracy, Peace, and Freedom
|