رەنگدانەوەی پەروەردەی دایك لە سەركەسایەتیی منداڵ |
Soraya | |
رەنگدانەوەی پەروەردەی دایك لە سەركەسایەتیی منداڵوت و وێژی گوڤاری گوڵان له سه ر په روه رده ی منداڵ ٥ ئوکتۆبر ٢٠١٩ خێزان یەكەم وێستگەی پەروەردەكردنە و مامەڵەكردنی خێزانیش راستەوخۆ كاریگەری لەسەر كەسایەتیی منداڵ دەبێت، بەتایبەتی دایكان كە ئەو ئەرك و بەرپرسیاریەتییە قورسە دەكەوێتە ئەستۆیان، هەر بۆیە هەتا دایك وشیارتر و ئاگاتر بێت، زیاتر لە پەروەردەكردنی دروستی منداڵەكەیدا سەركەوتوو دەبێت. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان زیاتر تاوتوێی رۆڵی دایك لە پەروەردەكردنی منداڵدا تاوتوێ دەكەن. سەرەتا كەسایەتی ئەكادیمی و چالاكی بواری مافی مرۆڤ د. سورەیا فەلاح، باسی ئەوە دەكات كە «دایك وەكو پەرستاری سەرەكیی منداڵەكەی زیاترین بەشداری لە ژیانی منداڵدا هەیە، ئەركی دایكیش تەنیا تێركردنی منداڵ و گەورەكردنی جەستەی نییە، بەڵكو پەروەردەكردنی عەقل و هۆشی منداڵەكەش ئەركی سەرەكیی دایكە و هەر دایكیش لە دروستكردنی كەسایەتیی منداڵەكەیدا رۆڵی سەرەكی دەبینێت. هەر بۆیە چۆنیەتی پەروەردەكردنی منداڵ بە زانست و وشیاریی دایكەوە گرێ دراوە.» رۆڵی دایكیش لە پەروەردەی منداڵدا بەمجۆرە خاڵبەندی دەكات: «یەكەم: پەیوندی (attachment)، پەیوندیی نێوان دایك و منداڵ لە كاتی پێش لەدایكبوونی منداڵەكەیەوە دەست پێ دەكات. هەڵبەت زور لە پسپۆڕان لەو باوەڕەن كە پەیوندیی نێوان دایك و منداڵ پاش لەدایكبوونی منداڵەوە دەست پێ دەكات. بەڵام لە هەر دوو حاڵەتەكەیدا ئەگەر دایك نەتوانێت پەیوەندییەكی قووڵ لەگەڵ منداڵەكەیدا دروست بكات، پەیوەندییەكی سارد و سڕیان دەبێت، ئەوەش كاریگەریی نەرێنی لەسەر كەسایەتی و باری دەروونی منداڵەكە دروست دەكات. دووم: «هەستی متمانە بەخۆكردنە»، ئەگەر دایك رێزی منداڵی نەگرێت، یان توندوتیژ بێت لەگەڵی، یان لەبەر چاوی كەسوكاریدا سووكایەتی پێ بكات، ئەوا هەستی متمانە بەخۆكردن لە منداڵەكەدا زۆر لاواز دەبێت. سێیەم: هەستی متمانە بە دنیا (Trust)یە، كە هەستێكی زۆر گرینگە، لەبەر ئەوەی ئەگەر منداڵ ژیانێكی خۆشی هەبێت، جوانتر لە دنیا دەڕوانێت و باشتر هەستی پێ دەكات، بەڵام ئەگەر دایكێك كاتی باش بۆ پەروەردەی منداڵ تەرخان نەكات، یان ناشارەزا بێت، یان رووی خۆش بە منداڵی نەدات و بە جیهانی دەرەوەی ماڵ ئاشنای نەكات، ئەو منداڵە هەستی بە دونیا لاواز دەبێت. چوارم: فێركردنی سەربەخۆییە كە خاڵی سەرەكییە بۆ گەشەی كەسایەتیی منداڵ و وادەكات بۆ زۆر شت پشت بە تواناكانی خۆی ببەستێت، زۆریش پێویستە دایكان منداڵی خۆیان هان بدەن بۆ ئەوەی بەشێك لە كارەكانی خۆیان بكەن، وەك خاوێنكردنەوەی ژووری خۆیان، كۆكردنەوە و رێكخستنی كەلوپەلی یارییەكانیان، هەروەها پێویستە دەرفەتی ئەوە بە منداڵ بدەن كە پرسیار بكات و رای خۆی دەرببڕێت. پێنجەم: شادبوونە، دایكانی خەمۆك ناتوانن منداڵی شاد و بە وزە و بە توانا دروست بكەن، منداڵیش زۆر هەستیارە بە خەمەكانی دایكی خەمبار دەبێت و ئەو خەمبارییەش رێگری لە سەركەوتنەكانی دەكات
مەحموود عەبدولكەریم باجەڵان، سەرپەرشتیاری پەروەردەییە لە سلێمانی و سەبارەت بە هەمان پرس رایوایە: «دایك قوتابخانەی یەكەمی پەروەردەی منداڵە و كاریگەریی رۆڵ و پێگەی دایك زۆر بەهێزە لە بنیادنانی كەسێتی و جۆری پێگەیاندنی منداڵدا، چونكە دایك بە هۆی ئەو تایبەتمەندییانەی كە خوای گەورە پێی بەخشیوە لە هەڵگرتنی منداڵ و دواتریش شیرپێدان و بەخێوكردن و ئەو هەست وسۆزە زۆرەی كە بەرامبەر بە منداڵ هەیەتی و ئەو ماوە زۆرەی كە منداڵ لەگەڵ دایكدا بەسەری دەبات، وای كردووە كاریگەری دایك زیاتر بێت، بەڵام ئەمەش واتای ئەوە نییە كە باوكان خۆیان ببوێرێنن لەو پرۆسە گەورەیەی پەروەردەكردنی منداڵ، هاوكاریكردن و دابەشكردنی رۆڵەكان لە پێگەیاندنی منداڵدا كارێكی پێویستە و لەیەك گەشتن و هاوكاریكردنی دایك لە ماڵەوە و لە دەرەوە بۆ بنیادنانی هەلومەرجێكی تەندروستی پەروەردەیی زۆر پێویستە، تا منداڵ تیایدا بە ئارامی و هاوسەنگی گەورە ببێت و بنیادی كەسێتی و تواناكانی بنێت، هەروەك لە توێژینەوەیەكی ئەمریكی دەركەوتووە كە دوانزە هەزار دایك و باوك تیادا بەشدار بوون، دایكان بە رێژەیكی زۆر زیاتر ماندوودەبن و تووشی گوشار و پەستانی دەروونی دەبن لە مانەوەیان لەگەڵ منداڵان و بەشێكی زۆری كاتەكانیان بە منداڵەوە سەرقاڵن، لە هەموو ساتەكاندا بە خۆش و ناخۆشیەوە، بەڵام باوكان تەنیا لەكاتی كات بەسەربردن و یاری لەگەڵ منداڵەكانیان دەبن، ئەمەش كارێكی ناهاوسەنگە و بۆیە دەبێت باوكان بەشێكی ئەو بەرپرسیارێتیەی پەروەردەی منداڵەكانیان لە ئەستۆ بگرن.»
************************************** Voice of Kurdish-American Radio for Democracy, Peace, and Freedom |