سالا ر حیسامی، VOKRadio, Los Angeles, California, USA
|
ڤاتیکان -ی شیعه!
سالار حیسامی
١٧ ي مانگى مه ى ٢٠١٨
ئێران سی و یه‌ک (٣١) پارێزگای هه‌یه، قوم(ق‌م) یه‌کێکه له‌و پارێزگایانه که ده‌که‌وێته ناوه‌ندی وڵاته‌که(باشووری پارێزگای تاران) و به هۆی ئه‌وه‌ی مه‌زاری ژماره‌یه‌کی زۆر له ئیمامزاده‌کانی عه‌له‌وی، هه‌روه‌ها گه‌وره‌ترین ناوه‌ندی مه‌رجه‌عه‌کانی شیعه‌ی تێدایه، تایبه‌تمه‌ندییه‌کی ئایینی و مه‌زهه‌بی هه‌یه. ئایه‌توڵا خومه‌ینی وه‌ک یه‌کێک له گه‌وره مه‌رجه‌عه‌کانی شیعه له‌و شاره‌دا ژیاوه و هه‌ر له‌وێشه‌وه به‌رهه‌ڵستکاریی ڕێژیمی پاشایه‌تی په‌هله‌وی کردووه. دوای دامه‌زرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، به ته‌واوی په‌ره‌یان به‌و ناوه‌نده مه‌زهه‌بییه "حوزهی علمیه‌ی ق‌م مقدس" داوه و له ئێستادا پتر له چل هه‌زار (٤٠٠٠٠) فه‌قێی ئێرانی و بیانی تێیدا ده‌خوێنن.
چل ساڵ پێش ئێستا دواسهرۆک وه‌زیرانی حکوومه‌تی په‌هله‌وی (شاپوور به‌ختیار)، په‌نجه‌ی له سه‌ر مه‌ترسیی ئامانجه‌کانی حه‌وزه‌ی عیلمییه‌ی قوم بۆ تێکه‌ڵکرنی دین و سیاسه‌ت دانا و له به‌ره‌به‌ری هه‌ڵدێرانی کابینه‌که‌یدا(له ڕێبه‌ندانی ساڵی ١٣٥٧ی هه‌تاوی) گوتی: "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ته‌نیا له سنووری شاری قوم ڕێپێدراوه و ئایه‌توڵا خومه‌ینی ده‌توانێت له‌وێ ڤاتیکانێکی بچووکی هه‌بێ." به‌ڵام ئایه‌توڵا خومه‌ینی نه‌ک به‌وه قایل نه‌بوو، بگره دوای ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، به بڕیارێکی یه‌که‌م سه‌رۆک کۆماری ئێران(ئه‌بولحه‌سه‌ن به‌نی سه‌در)ی به‌لاوه نا، دواتر حوکمڕانیی ئێرانی به مامۆستا و مه‌رجه‌عه‌کانی شیعه‌ی گوێڕایه‌ڵی خۆی له حه‌وزه‌ی عیلمییه‌ی قوم سپارد، ئه‌وه‌شی گوێڕایه‌ڵی نه‌بوو، وه‌ک ئایه‌توڵا مونته‌زیری به‌لاوه‌ی نا، حیسابی بۆ پله‌که‌شی نه‌کرد که له پله‌ی دینیی خۆی باڵاتر بوو!
وتاری ختوكهدهری لێوان‌لێو له مه‌زهه‌بگه‌رایی حوکمڕانانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و زێده‌خوازی و ده‌ستوه‌ردانیان له کاروباری وڵاتانی دیکه له پێناوی دروستکردنی "هیلالی شیعه"دا، جگه له‌وه‌ی سنووره‌کانی به‌زاندووه، له‌ناوخۆشدا ده‌یان قه‌یرانی دروست کردووه، به جۆرێک که تووڕه‌یی گه‌لانی بنده‌ستیان بووه‌ته گڕکانیک که زوو، یا ده‌ره‌نگ به ڕوویاندا ده‌ته‌قێته‌وه. که‌چی تازه به تازه بیر له‌وه ده‌که‌نه‌وه، شاری قوم که نزیکه‌ی یه‌ک ملیۆن و یه‌کسه‌د و په‌نجا و یه‌ک هه‌زار (١،١٥١،٠٠٠) دانیشتووی هه‌یه، بیکه‌ن به وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆی خاوه‌ن ئاڵا و سنوور و یاسای خۆی و "ڤاتیکان"ـێکی گه‌وره بۆ جیهانی شیعه دروست بکه‌ن، که بکارێ په‌یوه‌ندیی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ سه‌رله‌به‌ری وڵاتانی جیهان هه‌بێ و به‌وجۆره بتوانن بازنه‌ی هیلالی شیعه به ته‌واوی پڕ بکه‌نه‌وه!
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م پێشنیاره له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د زادهووش - به‌ڕێوه‌به‌ری زانکۆی ئه‌لمورته‌زا (جامعه المرتضی) - کراوه، که له‌و زانکۆیه‌دا زمانه‌کانی بیانی فێری ئاخوونده‌کان ده‌کرێ، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به ئاسانی پڕوپاگه‌نده‌ی شیعه‌گه‌رایی بکه‌ن و له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیکه‌دا په‌یوه‌ندی دروست بکه‌ن، که‌سانی گه‌وره مه‌رجه‌عی وه‌ک ئایه‌توڵا ناسر مکارم شیرازی، پاڵپشتییان کردووه، به‌ڵام به هۆی ئه‌وه‌ی بیرۆکه‌ی ئه‌و پلانه بۆ دواسهرۆک وه‌زیرانی حکوومه‌تی په‌هله‌وی (شاپوور به‌ختیار)، ده‌گه‌ڕێته‌وه، تا ئێستا له جێبه‌جێکردنی دوودڵن و رای جیاوازیان هه‌یه.
**************************************
Voice of Kurdish-American Radio for Democracy, Peace, and Freedom
|