کورد له‌ پیلانێکی گه‌وره و مه‌ترسیدار‌ خافڵه‌
سالا ر حیسامی، VOKRadio, Los Angeles, California, USA   

کورد له‌ پیلانێکی گه‌وره و مه‌ترسیدار‌ خافڵه‌!

 

salar_baba_shikh.jpg

سالار حیسامی

٢١ ى مانگى مارچ ٢٠١٨

هه ولير- كوردستان

پیلانه‌ هاوبه‌شه‌که‌ی تورکیا، ئێران، عێراق و سووریه‌ی داته‌پیو- به‌ ڕازیکردنی ڕووسیه‌ی سه‌رکێش -، زۆر گه‌وره‌تره له‌وه‌ی پێشبینی ده‌کرێ و به‌ که‌ر‌کووک و عه‌فرین کۆتایی نایه‌ت و نه‌ک (شنگال و قه‌ندیل و قامیشلوو) یش ده‌گرێته‌وه، بگره هه‌وڵێکه‌ بۆ نه‌هێشتنی ناوێک به‌ ناوی پایته‌ختی کوردستان‌!


کۆنتڕۆڵکردنی سنوور و فڕۆکه‌خانه‌کانی باشووری کوردستان له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ یه‌کێکه‌ له‌ ئامانجه‌کانی ئه‌و پیلانه‌ هاوبه‌شه‌ که‌ له‌سه‌ری ڕێککه‌وتوون، هه‌ر ئه‌وه‌ش نییه‌، سه‌قفی زه‌مه‌نیی گۆڕینی ده‌ستووری عێراقیان به‌ که‌متر له‌ چوار ساڵ خه‌مڵاندووه‌.

گۆڕانکارییه‌کی ده‌ستووری به‌ زه‌بری زۆرینه‌ی شیعه و گه‌مه‌ی دیموکراسی، که‌ به‌راییترین ئامانجی‌، سڕینه‌وه‌و لانیکه‌م بچووککردنه‌وه‌ی هه‌ر قه‌و‌اره‌یه‌کی ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانیی کورده‌‌ له‌ باشووری کوردستان!
‌ ئه‌مانه‌ و چه‌ندین پلان و پیلانی نه‌گریسی دژه‌ کورد، )سوڵتان و خه‌لیفه‌ی سوننه(‌ و )ئیمام و وه‌لی فه‌قیهی شیعه(‌ی - دێرینه‌ دوژمنی تینوو به‌ خوێنی ‌سه‌ری یه‌کتری -، پێکه‌وه‌ کۆکردووه‌ته‌وه‌، که‌چی ژماره‌یه‌ک کوردزمانی ڕقاوی و دڵ پڕ له‌ قین، سه‌رقاڵی چه‌قۆ له‌ هه‌سان سواندنن بۆ سه‌ربڕینی مه‌لی هیوا و دروستکردنی سێداره‌ بۆ له‌ خاچدانی ئینتیمای نیشتمانی!!


ئه‌وانه‌ له‌ لایه‌ک و ناته‌بایی و ناکۆکیی سیاسه‌تمه‌داری کورد له‌ لایه‌کی دیکه‌، که‌شێکی وایان خولقاندووه‌، که نائومێدی باڵی ڕه‌شی به‌ سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیدا بکێشێ، که‌ مێژوویه‌کی دێرینی له‌ خه‌بات و قوربانیدان بۆ ڕزگاری له‌ بنده‌ستی هه‌یه‌. ‌

 

سه‌رکرده‌کانی کورد، له‌ بری ئه‌وه‌ی به‌په‌له‌ له‌ ژێر چه‌تری کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کۆببنه‌وه‌ و ئه‌و پیلانه‌ شوومه‌ به‌ هاوده‌نگی و یه‌کڕیزیی خۆیان له‌قاو بده‌ن و، داوای پشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تی بکه‌ن و، هه‌وڵی ڕاگرتنی کوردکوژیی له‌ عه‌فرین بده‌ن و، هیوا و متمانه‌ بۆ گه‌لی خۆیان بگێڕنه‌وه‌، زۆر به‌داخه‌وه‌ یه‌کتر قبووڵ نه‌کردن و چزاندنی یه‌کدی سڕی کردوون!

 

syr-irq_occupation-zones_ladislav_gatassy.png


کوردی داماوی ناته‌با و په‌رته‌وازه‌ و بێ به‌رنامه‌ و نائاشنا به‌ ستراتیژی و تکنیک و تاکتیک، ڕووبه‌ڕووی گه‌له‌کۆمه‌کی و پیلانێکی گه‌وره‌ی نه‌یارانی بووه‌ته‌وه‌. خافڵبوون له‌و مه‌ترسییه‌ هه‌موو ده‌ستکه‌وته‌کان ده‌فه‌وتێنێ و نه‌مان و لاوازکردنی ئینتیمای نیشتمانی ده‌مانکاته‌ گه‌لێکی مردوو، که‌ به‌ ئاسانی ده‌بینه‌ خۆراکی سیسارگێکی دڕنده‌ی مردووخۆر که‌ چاوه‌ڕوانی هه‌ناسه‌بڕکێ و دواهه‌ناسه‌مان ده‌کا.


ئایا کاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ سه‌رکرده‌کانی کورد له‌ ژێر چه‌تری کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ییدا شه‌قامی کوردی و کوردستانییانی سه‌رله‌به‌ری جیهان له‌ دژی پیلانی کوردقڕان بجوڵێنن؟


بێگومان دروشمی بریقه‌دار وه‌ڵامده‌ره‌وی ئه‌و پرسیاره‌ نییه‌ و ته‌نیا و ته‌نیا هه‌نگاوی به‌په‌له‌ و هه‌وڵی به‌وه‌ج و کرداری به‌رپرسیارانه‌ دادێی کورد له‌و داوه‌ گه‌وره‌یه‌ ڕزگار ده‌کا.

 

**************************************  

vokradio.jpg

 Voice of Kurdish-American Radio for Democracy, Peace, and Freedom

 
free stats