گەنجێكی داهێنەری كورد جیهان سەرسام دەكات
سالار حیسامی vokradio, Los Angeles, California, USA   

 گەنجێكی داهێنەری كورد جیهان سەرسام دەكات

salar_hisami.jpg

ئەندازیار ئامانج مەزهەرپوور: بەهییمەتی خۆم و فیداكاریی دایكم توانیم لە كاروانی زانستدا جێی خۆم بكەمەوە

 

دیمانە: سالار بابەشێخ

٢١ ى فوريه ى ٢٠١٧

 

amanj_mazharpoor.jpg

لاوان پتانسیلی وزەیەكی گەورەن بۆ داهێنان و وبەرهێنان و تەنانەت لە بەرگری و خەباتی رزگاریخوازیشدا بە درێژایی مێژوو پشكی شێریان بەركەوتووە. ئەم توێژەی كۆمەڵگە زۆر جار بە(سەرمایەی مرۆیی، جیلی نوێ، گەنجینەی نەتەوەیی، نەوەی دواڕۆژ، وڵاتپارێز و هەوێنی خەبات) ناویان دەبەن.
 

ئەگەر تەنیا نموونەیەك لە باشووری كوردستان وەربگرین، ئەوا بێگومان ناتوانین نكۆڵی لەو راستییە بكەین كە پێشمەرگە بە فیداكاری و گیانبازی و نەبەردو حیماسەت، هەیبەتی داعش و دەوڵەتە تیرۆریستییە پڕچەك و وەحشەكەی تێكشكاند، هێزەكانی پێشمەرگەش بە رێژەیەكی نزیك بە گشتیی گەنج و لاوی وڵاتن، هەر لە سایەی ئەو هێزە لە بن نەهاتووەو سەرۆكێكی پێشمەرگەدا كورد توانی تەنانەت هاوكێشەكانی سیاسەت و دیپلۆماسی لە ئاستی جیهاندا بە سوودی خۆی بگۆڕێت. جگە لە پێگەی بەهێزی گەنجی كورد لە خەبات و قوربانیدان و وڵاتپارێزیدا، لە بواری زانستی و هونەرى و وەرزشى و... هتد، گەنجی كورد لە هەر بەشێكی كوردستاندا نوخبەی لێ هەڵكەوتووە.

ئەندازيار ئامانج مەزهەرپوور، يەكێكە لەو گەنجە بلیمەتانە و بە چەندین داهێنانی زانستی ناوبانگێكی جیهانی بۆ خۆی تۆمار كردووەو داهاتوویەكی زۆر گەشتریش چاوەڕوانی دەكات. لە دەرفەتێكیشدا لەبارەی كارو ئامانج و بەرنامەكانی داهاتووی خۆیەوە بەمجۆرە هاتەئاخافتن.  

تەمەنی هێشتا لە چارەكە سەدەیەك تێنەپەڕیبوو، لە بورای تەكنەلۆژیای مودێڕندا وەك زانايەكی داهێنەر لە ئاستی جیهاندا ناسرا. پێش ئەوەی وەڵامی هەر پرسیارێك بداتەوە، رێز و سڵاوێكی گەرم ئاراستەی هاووڵاتییانی دەكات و دواتر دەڵێت:

"میللەتی ئێمە دەبێت شانازی بە پێشمەرگەكانی بكات كە لە شنگال و كەركووك و سەرلەبەری كوردستان بەرگرییان لە خاك نامووسی هاووڵاتیان كرد."

  ئەندازیار ئامانج مەزهەرپوور ساڵی 1991 لە شارى مەریوانی سەربە رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایك بووە. هەر بە منداڵی لە نازی باوكی بێبەش بووە و وەك خۆی باسیكرد بە هییمەتی خۆی و فیداكاریی دایكی توانیویەتی لە كاروانی زانستدا جێی خۆی بكاتەوە.

ئێستا لەگەڵ ئەوەی خوێندەڤانی قۆناغی ماستەرە لە ئەندازیاریی میكانیك، هاوكات مامۆستای زانكۆیەو خاوەنی میدالیای زێڕە وەك براوەی خەڵاتی داهێنەری یەكەمی ساڵی 2015 كە لە 43يەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی بۆ داهێنانەكان كە لە ژنێف-ی سویسڕا بەڕێوەچووە.
 
amanj_mazharpoor_02.jpg
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە تا ئێستا چ داهێنانێكی نوێتان لە ئاستی جیهانیدا بە ناوی خۆتان تۆمار كردووە و لەناوخۆی ئێران و ناوچەكەو جیهاندا تا چەند پێشوازییان لەو داهێنانەتان كردووە؟
 

دەڵێت: "سەرەتا بە دوو تەرح دەستم پێكرد، یەكێكیان سنسوورێكی نوورییە كە كارەبا كونتڕۆڵ دەكات بە جۆرێك پێشگیریكردنە لە ئاگركەوتنەوەو رێگری لە لێدانی كارەبا دەكات، كە لە خانوو، شوێنە گشتییەكان و كارگە پیشەییەكان دەتوانن سوودی لێ ببینن، تەرحەكەی دیكەشم بەرهەمێنانی وزەی كارەبایە لە پاشماوەی ئاژەڵان و زبڵەكانی ناو شارەكان كە بە میكانیزمێكی ئەندازیاری دەتوانين كارەبا و پەیینی كیمیایی(كود) لێ بەرهەم بهێنین، بەتایبەتی كە رێژەی دانیشتووان و پێشكەوتنەكانی تەكنەلۆژی بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، ئەوەش زبڵ و خاشاكی زۆری لێدەكەوتەوە،

لە ئێستاشدا دوو داهێنانی دیكەم لە بواری خۆشگوزەرانیی شارومەندان لە ژیانی رۆژانەیاندا هەیە، لەوانە كورسییەكانی نێو وێستگەكانی پاسە، كە دەكرێ بە كەڵك وەرگرتن لە پنلی هەتاوی وەك هەورەبان وزەی كارەبای بۆ وەربگرین و بەو وزەیەش هەم دەتوانین شوێنەكە رووناك بكەینەوە و هەم كورسییەكان بكەین بە كورسیی هۆشمەند كە لە وەرزی زستان و سەرمادا گەرم بكرێن و بۆ شەحنی موبایل و ئينتەرنێت و لابتابیش كەڵكی لێ وەر بگرن. هەروەها ئامێرێكی ئۆتۆماتیكیم بۆ رەنگكردن  داهێناوە كە دەتوانێت لە یەك كاتدا دوو رەنگی جیاواز بكات، كە شارەوانییەكان دەتوانن سوودی لێ بینن.

سەبارەت بەو پرسیارەش كەتا چەند پێشوازی لە داهێنانەكانم كراوە، ئەوا رەوشی ئیداری و رۆتینات لە هەر كۆمەڵگەیەكدا بەرامبەر بە هەر یەرهەم و داهێنانێك كاردانەوەی ئەرێنی و نەرێنیشی هەیە، سەبارەت بە كارەكانی من وڵاتانی دەرەكی پێشوازییان لە ناوخۆی وڵات زیاتر بووە، گەرچی خۆشبەختانە ئێستا روانگەكان تا راددەیەك باشتر بووە، بەڵام وەك پێویست نییە. amanj_mazharpoor_01.jpg

ئەو پرۆژانەی كە باسمكردن، پێویستییان بە سەرمایەگوزاری و كڕینی كەرەستە هەیە، بۆ نموونە شارەوانییەكانی هەرێمی كوردستان دەتوانن كڕیاری داهێنانەكانی ئێمە بن، كە هەم خۆیان سوودمەند دەبن و هەمیش من دەتوانم لە گۆڕەپانی زانست و داهێناندا هەنگاوێكی زیاتر بنێم.


مەزهەرپوور دەیەوێ پڕۆژەكانی "خزمەتی ژینگەی كوردستان و هاووڵاتییانی بكات، بە بێ ئەوەی هیچ مۆركێكی سیاسی پێوە بلكێندرێ." لەوەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا لە ئێران هیچ بەربەستێ بۆ توێژینەوەو داهێنانەكانی دروست نەكراوە؟ دەڵێت: "كێشەكان لە ئاستی رۆتیناتی ئیداریدایە، كە بەڕاستی بەرگەگرتنی كارێكی ئاسان نییە، هیواداریشم رەوشەكە بە ئاراستەیەكی باشتردا بڕوات، بەڵام تا ئێستا ئەوە بەدی ناكرێت.


•    ئەو داهێنەرە گەنجە پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە زیاتر ئامانجی خزمەتكردنە بە هاووڵاتیانی خۆی بۆیە لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە تا ئێستا لەلایەن چ دەوڵەتێكەوە ئاسانكاریتان بۆ كراوە بۆ ئەوەی بتوانن لە سەرچاوەكانی ئەوان و ناوەندە زانستییەكانیان كەڵك وەر بگرن؟

دەڵێت: "وڵاتانی وەك سویسرا، ئەڵمانیا و سوید بە فەرمی بانگهێشتیان كردووم، بەڵام من دوور لە هەر جۆرە دروشمێك لە كانگەی دڵمەوە حەز دەكەم خزمەتی خاك و گەلی خۆم بكەم. " جەختی لەوەش كردەوە كە "هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی هەستیار و ڕوو لە گەشەسەندندایە، هەموو كوردێك دەبێت خزمەتی ئەو هەرێمە بكەن، گوتیشی: "منیش هيوادارم بتوانم لە كوردستاندا ناوەندێكی بەهێزی زانستی بونیاد بنێم، ئەمەش پشتیوانی و پێشوازی حكومەتی هەرێمی پێویستە. "


لە مانگی رابردوو فيدراسيۆنی نێودەوڵەتی لە ماليزیا فيستيڤاڵێكی بە بەشداری 250 داهێنەری پتر لە 45 وڵات بەڕێوەبرد, ئەندازیار ئامانج مەزهەرپوور یەكێك بوو لەو داهێنەرانەی كە بە فەرمی بانگهێشت كرابوو، بەڵام ئەو جارێكی دووپاتی دەكاتەوە كە دەیەوێ خزمەتی میللەتی خۆی بكات، بۆیە وەك دوا قسەشی دەڵێت: "وەك خاوەنی میدالیای زێڕی داهێنەری یەكەمی ساڵی 2015 و وەك گەنجێكی كورد كە ئینتیمای بۆ خاكی كوردستان هەیە، دەخوازم لە هەرێمی كوردستان ناوەندێكی گەشەی زانستی بونیاد بنرێت، ئامادەشم هەموو بەرنامە و داهێنانەكانمی پێشكەش بكەم، ئەوەش پشتیوانی حكومەتی هەرێمی پێویستە و دەتوانین هاریكای نێودەوڵەتیشی بۆ وەربگرین.

 

**************************************

 

vokradio.jpg

 Voice of Kurdish-American Radio for Democracy, Peace, and Freedom

 Welcome to vokradio.com
 
free stats