روانگەی لایەنە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەمەڕ دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری
vokradio, Los Angeles, California, USA   

rojhalat_kurdish_fronts.jpg

روانگەی لایەنە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەمەڕ دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری


رێپۆرت: هیوا كوردپوور
 
هه ولير - كوردستان

٢٩ مانگى ٧ ى ٢٠١٦ زايينى

ماوەیەكە لە رۆژهەڵاتی كوردستان خەباتی چەكداری سەری هەڵداوەتەوە و ئەو شێوازەی خەباتیش لەم دۆخەدا كە رۆژهەڵاتی ناوین بەرەو گۆڕانكاریى ژیوپۆلۆتیكی هەنگاو هەڵدەگرێ، خوێندنەوەى جیاوازی بۆ دەكرێت. بەشێك لە حزب و لایەنە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش لەو بارەیەوە را و سەرنجی خۆیان بۆ "رۆژهەڵاتی ئازاد" دەخەنەڕوو، ئەمەش دەقی وتەكانیانە:
 
 
 
 

محەمەد ساڵح قادری بەرپرسی پێوەندییەكانی حزبی دیموكراتی

mohammad_saleh_ghadri_pdhi.jpg

كوردستانی ئێران لە هەولێر:


حەرەكەت و راسانی نوێی ئێمە بە واتای راگەیاندنی شەڕی چەكداری نییە، ستراتیژی ئێمە لێكگرێدانی خەباتی شاخ و شارە، بەو واتایە كە هێزی پێشمەرگە لە ناوخۆی رۆژهەڵاتدا حزووری هەبێت و بۆ كاری رێكخستنی سیاسی و راگەیاندنی درێژە بە چالاكییەكانی بدات، تاكو بە پشتیوانی خەڵك و وەرێحستنی خەباتی نافەرمانی مەدەنی و ناڕەزایەتی گشتی پاشەكشە بە دیكتاتۆریەتی رێژیم بكەین و شان بە شانی خەڵكی رۆژهەڵات لە ئیرادەی نەتەوەیی و مافەكانیان بە خاوەن دەركەوین و لە بەرانبەر زوڵم و زۆر و سەركوتی رێژیمدا خەڵك بە تەنیا نەهێڵین. ئەگەر رێژیم پەلاماری خەڵك و پێشمەرگەی دا، ئەو كات بەرگری وەك مافێكی رەوا دەكەوێتە بواری جێبەجێ بوون.

 ئەفشار ئەقدەسی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی ئازادیی كوردستان:

afshar-aghdasi.jpg
بێگومان ئەوە روونە كە هەر سەردەم و دۆخێك پێویست بە قوتبوونەوە و بەڕێوەبردنی شكڵ و شیوازێكی خەبات دەكا. بزووتنەوەی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان و هێزە سیاسییەكانی ماوەی 15ساڵ بوو چالاكییە پێشمەرگەیی و چەكدارییەكانیان بە دوو مەبەست راگرتبوو. لە لایەك بەو ئومێدەی كە دەرفەتێكی لەبار بۆ بەڕێوەچوونی خەباتی جەماوەری و مەدەنی لە رۆژهەڵاتی كوردستان بڕەخسێ، لەلایەكی دیكەوە پاراستن و رەچاوكردنی بەرژەوەندیی باشوری كوردستان بەوەی نەبینە مایەی فشارخستنە سەریان لە لایان تارانەوە، بەڵام لەو ساڵانەدا ئەوە سەلما كە هیچ دەرەتانێك بۆ بەڕێوەچوونی خەباتێكی مەدەنی لەلایان دەوڵەتی داگیركەری تارانەوە نەڕەخسا و میلیتاریزەكردنی كوردستان و گرتن و لەسێدارەدان و بێ مافكردنی كورد پەرەیان سەند. هاوكات ئێران لە پیلان و نەخشە و سیاسەتی دوژمنكارانەی لە دژی كورد و پێشكەوتنەكانی باشووری كوردستان بەردەوام بوو. بۆیە جارێكی دیكە كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان روووی لە بەڕێوەبردنی چالاكیی چەكداری كردەوە، كە بێگومان چەخماخەی ئەو خەباتە پارتی ئازادیی كوردستان و هەڵۆكانی ئازادیی رۆژهەڵات لێیان دا و دواتر حزبەكانی تریش دەستیان پێكرد.
پارتی ئازادیی كوردستان كە لەم قۆناغەدا و لە دوای نەورۆزەوە پێنج چالاكی لە قووڵایی رۆژهەڵاتی كوردستاندا بەڕێوەبردووە، كە دواترینیان چالاكییەكانی كەرەندی شائاباد بوو لە رۆژی 10ی ئەم مانگە. هەروەها پارتی ئازادیی كوردستان پشتیوانی خۆی لە چالاكی و خەبات و بەرخۆدانی هەموو هێزە تێكۆشەرەكانی كوردستان لە دژی داگیركەرانی كوردستان دەردەبڕێ و دەستخۆشییان لێ دەكا.
هەر لێرەوەش سڵاوی ئەمەگداری بۆ رۆحی بەرزەفڕی شەهیدانی رێگای ئازادیی و ئەم قۆناغەی خەباتی نەتەوەكەمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەنێرین. لە كۆتاییدا دەبێ بڵێم هەموو شكڵ و شیوازێكی خەبات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی نەتەوەیی كورد بە رەوا دەزانین و پشتیوانی لێدەكەین، بەو مەرجەی كە بەدوور بێ لە تیرۆر و رەشەكوژی كە خۆشبەختانە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی كوردستان لێی بەدوورە.

رەزا كەعبی جێگری سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان:

reza-kaabi.jpg
دیفاعی چەكداری و پێشمەرگانە مافی رەوای خەڵكی كوردستان و حزبە سیاسییەكانیانە. هەركات كە لەلایەن رژیمە داگیركەرەكانەوە هێرش كراوەتە سەر كوردستان، دیفاعی چەكداری پەرەی سەندووە و چالاك بووە. یەكجاریش پێشمەرگە لە دەرەوەی كوردستان چالاكی پێشمەرگانەی ئەنجام نەداوە. 

خەباتی پێشمەرگانە لە هەمو بەشەكانی كوردستان، یەكێك لە گرنگترین و بەهێزترین شێوەكانی خەبات و بەرخۆدانی گەلی كورد بووە كە پشتیوانی و هاوكاری زۆر زۆر فیداكارانەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی لەگەڵ بووە. خەباتی پێشمەرگانە هەلومەرجی سیاسی زۆر تایبەتی هەیە كە زۆر جار هیچ پێوەندی بە تەرازووی هێزەوە نییە. زۆر جار بە كەمترین ژمارەی پێشمەرگە خەباتی چەكداری دەستی پێكراوە، بەڵام بە هۆی لەباربوونی هەلومەرجەكە و ئامادەبوونی خەڵك بە خێراییەكی بەرچاو پەرەی سەندووە. یا زۆر جار لە كاتێكدا كە هەزاران پێشمەرگەی بەئەزموون و چالاك بوونیان هەبووە، ناچار لە پاشەكشە بوون و ساڵانێكیش كەمترین چالاكییان لە خۆیان نیشان داوە. یا كاتێك كە هەلومەرجەكە بە باشی لێك نەدراوەتەوە، دەستپێكردنی خەباتی چەكداری ئاكامێكی نەبووە، وەك بزووتنەوەی چەكداری لە ساڵەكانی ٤٦ و ٤٧.

خەباتی پێشمەرگانە لە كوردستانی ئێران پاش هێرشی رژیمی كۆماری ئێسلامی بە كەمترین ئیمكانات و بە كەمترین ژمارەی پێشمەرگە، بەڵام بە بەرزترین ورەی شۆڕشگێڕانەی خەڵك دەستی پێكرد. ئەم خەباتە هەوراز و نشیوی زۆری هەبووە، بەڵام هیچ كات خامۆش نەبووە.
ناردنەوەی تیمی پێشمەرگە بۆ مەبەستێكی دیاریكراو و دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری و راسان نییە. هەر خەباتێكی جەماوەری و پێشمەرگانە و سیاسی و مەدەنی هەلومەرجی تایبەت بە خۆی هەیە، هەڵسەنگاندنی دروستی ئەو هەلومەرجە شەرتی پێویستە بۆ هەر حزبێكی سیاسی كە جەماوەر و هێزی جەماوەر و بەرژەوەندی جەماوەر و كۆمەڵانی خەڵك بنەمای سەرەكیی سیاست و ستراتیژی ئەوان پێكدێنێ.

عەلی بەهرامی، ئەندامی پێشووی سەركردایەتی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران:

ali_bahrami.jpg
خەباتی چەكداری لە رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازی ئەو بەشە لە نیشتمان شتێكی حەیاتی و پێویستە. هیچ بزووتنەوەیەك لە بەرامبەر رژێمە داپڵۆسێنەرەو دیكتاتۆرەكان بەبێ هێزی چەكدار و سەربازی ناتوانێ‌ بە ئامانجەكانی بگات. لەو چوارچێوەدا نمونەی زۆر هەن كە ئێمە دەتوانین خەباتی بەشەكانی كوردستان وەك بەڵگە باس بكەین، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەگەر خاوەنی هێزی پێشمەرگە نەبوایە، نە دەیتوانی ئەمنییەت و ئاسایشی هەبێ، نە دەیتوانی لە رووخانی رژێمی بەعسدا دەور بگێڕێ، هەروەها ئەگەر خاوەنی پێشمەرگە و هێزی سەربازی نەبوایە، لە شەڕی داعشدا ئەو دەور و نەقشەی ئێستای نەدەبوو كە ئێستا بەشێكە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە تیرۆر.
 
لە رۆژئاوایش ئەو دەستكەوتانەی هەن، بە هۆی بوونی هێزی سەربازی تۆكمەی شەڕڤانە كە دەوری یەكلاكەرەوە دەگێڕێ لە شەڕی دژ بە تیرۆر و پاراستنی ناوچە كوردییەكان لە سووریە. بۆیە بوونی هێزی چەكدار و پارتیزان لە كوردستانی ئێران و خەباتی پێشمەرگانە زۆر گرینگە لە بەرامبەر رژێمی داگیركەر و سەركوتگەری ئێراندا. بزووتنەوەی كورد كاتێ‌ دەتوانێ‌ دەور و كاریگەری بەرچاوی هەبێ و هاوكات حیسابی بۆ بكرێ، كە لەگەڵ خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی و جەماوەری، خەباتی چەكداری و پارتیزانی و پێشمەرگانەش پەرەپێبدا. خەباتی پارتیزانی جوێ لەوەی كاریگەری هەیە لەسەر ئومێدواربوونی زیاتری جەماوەری كوردستان بە سەركەوتن، هاوكات گڕ و تینێك دەداتەوە بە جۆرەكانی دیكەی خەباتی گەلەكەمان.

بە خەباتی پارتیزانی بزووتنەوە و هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران ئەو وەزعەی ئێستای كەمپنشینی و راكتبوون تێپەڕ دەكەن و چالاكییەكانیان بەرچاوتر و جێ ئومێدتر دەبێ. بەڵام ئەوەی روونە خەباتی پارتیزانی پێویستی بە پشتی جبهەیەكی قایم هەیە، هاوكات بوونی بنكە و مقەڕاتی ئەحزابی ئێمە لە قووڵایی خاكی باشووری كوردستان، دوو كێشەی ئەساسین لە بەردەم دەستپێكردنەوەی جموجووڵی پێشمەرگایەتی لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان و پێویستە رەچاویان بكەین.
پشتی جبهە لە گەیاندنی كۆمەك و پشتیوانی مادی و سەربازی بگرە هەتا چارەسەری بریندار و پێوەندی بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆڵی كاریگەری هەیە. بە بێ پشتی جبهە خەسارەت و قورسایی زۆر بۆ سەر بزووتنەوەكەمان دروست دەبێ.
 
دووهەم: بوونی بارەگاكانی ئێمە لە هەرێمی كوردستان دەبێتە هۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان لەم وەزعەدا بكەوێتە ژێر فشارێكی زۆری سیاسی و ئابووری لەلایەن رژێمی ئێرانەوە. لەلایەكی دیكە ئەگەر بمانەوێ خەباتی چەكداری زیندوو بكەینەوە، بێگومان ئەوە پرسێكی گشتی ئەحزابە و پێویستە بە هەماهەنگی بكرێ و پرس و راوێژی لانیكەم ئەو لایەنانە بكرێ كە مێژووی خەباتی چەكدارییان هەیە و ئێستاش ئامادەیی و وزەی دەستپێكردنەوەیان تێدایە.
 
سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران باوەڕی تەواوی بە خەباتی پارتیزانی هەیە و ئەو شێوەی خەباتە بە پشتیوانی رەهەندەكانی دیكەی خەباتكردن دەزانێ‌ و لە ماوەی دەسەڵاتداری رژێمی ئێستادا بە سەدان رۆڵەی قارەمانی پێشكەش بە بارەگای شەهیدان كردووە، هەروەها بە تۆماركردنی دەیان داستانی قارەمانانە مێژوویەكی زێڕینی لە مێژووی خۆیدا تۆمار كردووە، ئێستاش بە دەیان پارتیزان و فەرماندەی قارەمانی لە ناوخۆی كوردستان و لە باشوور و ئوروپا هەیە و وزەو ئامادەیی تەواویان تێدایە بۆ دەستپێكردنەوەی چالاكییە نیزامییەكان.

هەمزە ئاگوشی پێشمەرگەی دێرین و میدیاكاری دوورەوڵات:

hamzeh_agoshi.jpeg
خەباتی چەكداری وەك یەكێك لە رەهەندەكانی خەباتی رزگاریخوازیی نەتەوەكەمان، دەبێ وەك ئەمرێكی داسەپاو بەسەر كورددا سەیری بكرێ، نەك خواست، بۆیە لە ماوەی ٣٦ ساڵی رابردوودا بزووتنەوەی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان و هێزە سیاسییەكانی ناو ئەو گۆڕەپانە، بۆ بەرگری لە خۆ، چەكیان وەلا نەناوە و خەباتی چەكدارییان لە بەرنامە و رێكاری خەباتیان دوور نەخستووەتەوە، بەڵكوو بە پێی لێكدانەوەی بارودۆخ و هەڵسەنگاندنیان بۆ رووداو و پێشهاتەكان و دەرفەتەكان كەڵكیان لێ وەرگرتووە. لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا، دەگەڵ ئەوەیدا خەباتی چەكداری بە گڕ و تینی ساڵانی ٦٠ و ٧٠ی هەتاوی، نەبووە، بەڵام لانیكەم لە ماوەی نزیك بە ١٠ ساڵی دواییدا ئێمە ناوە ناوە گوێمان لە دەنگی تەقەی پێشمەرگە و حزووری بەردەوامی پێشمەرگە لە ناوچە جۆراوجۆرەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بووە، ئەمەش هەڵگری پەیامی خۆی بووە و خوێندنەوەی خۆی بۆ كراوە. 
 
من لام وایە گەڕانەوە بۆ دەستپێكی خەباتی چەكداری ئەگەر بە وەخت و گونجاویش بێ، هێزێكی سیاسی بە تەنیا ناتوانێ وەڵامدەر بێ و هەموو ئەو قورساییە بە تەنیا بخاتە سەر شانی خۆی و درێژەی پێ بدات. ئەوەی دەتوانێ گیانێك وەبەر ئەو شێوازە لە خەبات بێنێتەوە و كاریگەری و دەرهاویشتەی ئەرێنی دەستبەر بكات، لێكدانەوەیەكی دروستی هەلومەرجی ناوچەكە و هەماهەنگی و هاوكاریی ناو هێزە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانە.
 
ساغبوونەوە لەسەر مێتۆدێكی هاوبەش و هێزی پێشمەرگەی هاوبەش، گرینگترین و سەرەكیترین هەنگاوە كە هێزەكان دەتوانن بۆ دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری پشتی پێ ببەستن و خەڵكی رۆژهەڵاتیش پێی ئومێدوار بن و ئاكامێكی خوازراو و جێی پەسندی لێ چاوەڕێ بكەن.
 
**************************************

vokradio.jpg

 Voice of Kurdish-American Radio for Democracy, Peace, and Freedom

 Welcome to vokradio.com
 
free stats