Warning: Call-time pass-by-reference has been deprecated in /home/content/97/11465997/html/mambots/content/joscomment.php on line 51
كورد; دامەزراندن و ڕووخاندنی دەوڵەت
سالار حيسامى   

كورد; دامەزراندن و ڕووخاندنی دەوڵەت!                    

salar_hisami.jpg

 

سالار بابەشێخ

١٥ ى مانگى ژوئن ٢٠١٦ ى زايينى 

 هه ولير- كوردستان                                                               

كورد بە درێژایی مێژوو هەوڵی خۆهێشتنەوەی داوە، ئەم جۆرە هەوڵەش نەك ناخرێتە خانەی ناسیۆنالیزمی توندوتیژەوە، بگرە پێناسەی ئامانجێكی ڕەوای لەخۆ گرتووە و لە پێناوی ئەو ئامانجەشدا گەلێك قوربانی داوە. لە ئێستاشدا كە سەدەیەك لە ڕێككەوتننامەی سایكس پیكۆ و داگیر و دابەشكردنی خاكی كوردان تێدەپەڕێ، هاوكێشەكانی سیاسەت و دۆخی ناوچەكەش دەرفەتێكی لەباری بۆ كورد بەتایبەتی لە باشووری كوردستان ڕەخساندووە، بۆیە پێویستە لە سەر خواستە ڕەواكە و مافی دیاریكردنی چارەنووس پێداگری بكرێ، ئەوەش بە مانای ئەوە نییە كە هەوڵی ڕووخاندنی حكوومەتی عێراقی دەدرێ. ئەم لێكدانەوەیە بۆ گشت پارچەكانی ڕزگاركراو و داگیركراوی كوردستان دەگونجێ و پێویستە ئەو واقیعە قبووڵ بكەین كە ڕووخاندنی حكومەتەكانی بەركەوتەی كورد (ئێران، عێراق، توركیا و سووریا) كاری كورد نییە، ئەوەی ئەركی كوردە، ئەوەیە كە هەوڵ بدا بە مافە زەوتكراوەكانی شاد ببێتەوە و حكومەتی خۆماڵی و سەربەخۆ دروست بكا، بۆ ئەوەی لە پێناویدا بحەوێتەوە و بۆ هەتایی لە بندەستی و كۆمەڵكوژی و پاكتاوكردن ڕزگاری ببێ. وەدیهێنانی ى ئاوات و ئامانجە دێرینەشی، پێش هەموو شتێك پێویستی بە تێگەیشتن و تێگەیاندنی ناوخۆیی و یەكڕێزی و یەكخستنەوەی ناوماڵێ خۆی و یەكگوتاری سیاسی هەیە، ئەوجا كورد دەكارێ هانا بۆ دان و ستاندن لەگەڵ داگیركاری خاك و سامانیدا ببا.

لەم ڕۆژانەدا بەڕێز خاليد عەزیزی سکرتێری گشتیی حزبی ديموکراتی کوردستان ڕایگهیاند: "رووخاندنی حکوومەتی ناوەندیی ئێران ئەرکی کورد نییە و ئەو کەسانەی ئەو دروشمەیان بە سەر کورددا سەپاندووە، ئەقڵییەتێکی کوردستانییان نەبووە."

بە پێچەوانەی ژمارەیەك شرۆڤەكاری سیاسیی بێلایەن و لایەندار، كە ئەو لێدوانەی سکرتێری گشتیی حزبی ديموکراتی کوردستان-یان بە جۆرێك لە خۆبەدەستەودان و سازشكاری هەژمار كرد و بە توندی دایانە بەر جڕومەنگەنەی ڕەخنەی توند، ئەز خوێندنەوەی جیاوازم بۆی هەیە و ڕاموایە لە لایەكەوە تێگەیشنێكی زۆر ژیرانەی لە پشتە، لە بەر ئەوەی ئەگەر گشتاندن نەكەین، كوردان بە ڕێژەیەكی نزیك لە گشتی خوازیاری دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانن و ئەوەش بە ڕووخاندنی هیچ دەوڵەت و حكوومەتێكی دیكەوە گرێ نادەن. لە لایەكی دیكەوە گەشبینی بە پێدانی مافی كوردان لە لایەن میراتوەرگرانی حوكمی جیهادی دژی كوردان، جێی هەڵوەستەكردنە.

khaled_azizi_pdk-iran.jpgلێرەدا ئەگەر فاكت وەربگرین و بەغدا بە نموونە بهێنینەوە، ئەوا دەكرێ بگوترێ: دوای ئەنجامدانی گشتپرسی و دانانی یاسای بنەڕەتی (دەستوور) و جاڕدانی سەربەخۆیی و دامەزرانی دەوڵەتی كوردستان لە باشووری وڵات و مسۆگەركردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی، ئەوا ئەگەر حكوومەتی بەغدا بە دەست شیعەوە بێ، یان سوننە، تەنیا دەتوانن بۆ حكوومەتی كوردستان دراوسێیەكی باش، یان خراپ بن. ئەگەر باش بوون، ئەوا پێوەندیی دیپلۆماسی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و تەنانەت پشتیوانی سەربازی دەكرێ لە پەیماننامەكانیاندا جێی بۆ بكرێتەوە، ئەگەر شۆڤینی و دژەكورد و نەیاريش بن، بێگومان دەشێ سنوورەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بە شوورەی پۆڵایین هەڵچنرێ و چاودێریی چڕ بكرێن. ئەوە جگە لەو ئەمری واقیعەی كە حكوومەتی عێراقی بە هەموو شێوەیەك پشتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی چۆل كردووە و چەند ساڵێكە قووتی خەڵكی بڕیوە و لە بودجە بێبەشی كردوون، لە شەڕی دژ بە داعش و داڵدەدانی نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارەی شەڕی سووریا و عێراقیش ئاوڕێكی لەو حكوومەتە نەداوەتەوە كە بە پێی یاسای بنەڕەتی (دەستوور) وڵاتەكە هاوبەشیەتی و پێكەوەمانەوەشیان ئارەزوومەندانەیە!

ئەو حكوومەتەی ئێستا لە عێراق حوكمڕانی دەكات، هیچ ئیرادەیەكی سیاسی و سەربەخۆی نییە و بە تەواوی گوێڕایەڵ و دەستەمۆكراوی كۆماری ئیسلامی ئێرانە و تەنانەت لە وەرگرتنی ڕای موفتی و فتوادەرانی خۆیاندا، ئەوەندەی بە(قوم) پابەندن، بە(نەجەف)ـەوە خۆیان گرێ نادەنەوە!!

دیارە كۆماری ئیسلامی ئێران دیكتاتۆریەتێكی پاشەڵ شڕ و سەركوتكارە كە لە لەشی هەموو گەلانی بندەستی خۆێن دەچۆڕێ، لێ لەگەڵ ئەوەشدا پتر لە شەست ملیۆن كەس چاوەڕوانی ئەوە بكەن، كورد ببێتە ئەمەریكا و چۆن لە 21 رۆژدا گەیشتە ناو بەغدا و دیكتاتۆریەتی بەعسی داڕووخاند، ئەوهاش بگاتە تاران و كۆتایی بە دیكتاتۆریەتی ولایەتی فەقیە بێنێ، ئەوە خەونی زستانەورچییە و كوردیش نە ئەوەی بە تەنێ پێدەكرێ، نە پێویستیشە جگە لە ڕزگاركردنی خاكی خۆی و گەیشتن بە سەربەستی و سەربەخۆیی لەم چاخەدا، بیر لە ڕزگاركردنی نەتەوەی دیكە بكاتەوە. دیل دەبێ ئەولەوییەتی كار و ئامانجی، ڕزگاركردنی خۆی بێ، كەی خۆی ڕزگار كرد، ئەوكات دەكارێ هاریكاری دیلەكانی دیكەش بكا، بۆ ئەوەی دەرباز بكرێن و بە ئازادی و سەربەستی خۆیان شاد ببنەوە.

بۆیە ئەوەی بەڕێز خالید عەزیزی، لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا كە لەگەڵ تەلەفزیۆنی حزبهكهی باسى كرد، "ئۆپۆریسیۆنی ئێرانی خۆیان دەرەقەتی کۆماری ئیسلامی نەدەهاتن و هەموویان لە ئێران دەرکرابوون، كەچی دروشمی رووخانی کۆماری ئیسلامییان بەسەر کورددا سەپاند و دەیانویست حکوومەت بە دەستی کورد بڕووخێنن و خۆیان لە تاران بە دەسەڵات بگەن..." ئەو لێدوانە تا ئێرەی شیاوی ئەوەیە دەنگی خۆمان بخەینە پاڵی و ئەوە بۆچوونی هەر سەركردەیەكی سیاسی بێ، دیارە جێی پەسەندكردنە، بەڵام ئەوەی كە بەڕێزیان ڕایانوایە "کێشەی کورد لە ئێران بە دابینکردنی لانیکەمی داخوازییەکانی چارەسەر دەبێ و پێویست نییە حزبی ديموکرات درێژە بە چالاکیی چەکدارانە بدا..."، ئەمەیان جێی تێڕامانە و بە ئەگەری زۆریشەوە جەماوەرپەسەند نییە، هۆكارەكانیشی لەم چەند خاڵەدا دەخەمەڕوو:

یەكەم: دابینکردنی لانیکەمی داخوازییەکانی كورد، پێویستە پێناسە و دەستنیشان بكرێ، كە بێگومان ئەو داخوازییە ئەگەر سازش لە سەر سەربەخۆییش بكا، بە قەوراەری كونفیدڕاڵی، یان كەمتر لە فیدڕاڵی ڕازی نابێ.

دووەم: کۆماری ئیسلامی ئێران رێگەچارە و نەقشەڕێگەی ئاشتیخوزانە لە بەرانبەر داخوازییەکانی كورددا قبووڵ ناكا، تاوەكو كورد پێشوازی لێ بكا.

سێهەم: هیچ حزب و لایەنێكی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بە بێ گەڕانەوە بۆ ڕای گشت لایەنە سیاسییەكان ناتوانێ ببێتە لایەنێكی دان و ستاندن لەگەڵ كۆماری ئیسلامى ئێران و ئیرادەی گەلی بەشمەینەتمان ئەوەی لێ قبووڵ ناكا. 

چوارەم: لایەنگران و بنەماڵەی سەربەرزى شەهیدانی حزبی دیموكراتی (كوردستان و كوردستانی ئێران) ئەولەوییەتی هەر هەنگاوێكی حزبەكەیان لە یەكگرتنەوە و یەك كاناڵەكردنەوەی خەباتیاندا دەبینن.

پێنجەم: خەباتی چەكداری لە دژی دەسەڵاتێكی داگیركەر و میلیتاریزە و ماڵوێرانكەر و ڕەشەكوژكار و دڕندە، خەباتێكی ڕەوایە و بە شاهیدی مێژوو، هەر فشارەكانی ئەو خەباتە چەكداری و پارتیزانییە بووە، كە چەندین جار دەوڵەتی داگیركەری ناچار كردووە، مل بە دان و ستاندن و دیالۆگ بدا.

شەشەم: سياسەتی جیهانی لە ئاست كوردان گۆڕانكاری مەزنی بەسەردا هاتووە. ئەو زلهێزانەی كە لە ڕابردوودا كوردیان دەخستە بەر كەڵپەی گورگانی داكیركەر و گوێی خۆیان كپ و كەڕ دەكرد، لە ئێستادا گوێ لە كورد ڕادەگرن و بۆ سەرۆكی خاوەن هەرێم و بێدەولەت (بەڕێز سەرۆك مەسعود بارزانی) فەرشی سوور ڕادەخەن و لە دیدارەكاندا ئاڵای كوردستان لە تەنیشت ئاڵای وڵاتەكەیان دادەنێن.kurdistan_republic_01.png

 بۆیە حەق وایە نەك هەر حزب و لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان، بگرە هەموو هێزە سیاسی و مەدەنییەكانی گشت كەرتەكانی كوردستان پاڵپشتی لەو هەنگاوانەی سەرۆك بارزانی بكەن، كە بە ئاراستەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و جیابوونەوەی ئاشتییانە لە عێراق قۆناخی بەرچاوی بڕیوە

بێگومان سەركەوتنی ئەو نەقشەڕێگەیە و سەرخستنی ئەو سیاسەتە حەكیمانەیە لە بەرژەوەندی میللی نەتەوەكەمان و گشت پێكهاتەكانی كوردستانە، بۆیە با لە بری ڕووخاندن، بیر لە دامەزراندنەوەی كۆماری كوردستان بكەینەوە، كە پێشەوای كوردان سەری لە پێناودا دانا.

**************************************

 

 

   Listen live to voice of Kurdish-American Radio for Democracy, Peace and  Freedom


Welcome to vokradio.com
free stats