ئێران بە بێ ئەتۆمیش بەر شەپۆلەكە دەكەوێ!
vokradio, Los Angeles, California, USA   

ئێران بە بێ ئەتۆمیش بەر شەپۆلەكە دەكەوێ!

salar_baba_shikh.jpg

 

سالار بابەشێخ

هه ولير، كوردستان

٢١ ي جولاى ٢٠١٥ ى زايينى

مافی مرۆڤ و بایەخەكانی دیموكراسی بە درێژايی تەمەنی كۆماری ئیسلامی له ئێراندا پێشێل كراوه. وانەكانی ئەو دەسەڵاتە توندڕەوە، هاندانی توندوتیژی و پەروەردە و دنەدانی تیرۆریستان بووە. بۆ دژایەتیكردنی ئیسڕائیل و پشتیوانی لە فەلەستین یش، یەك ئامانجی بووە، ئەویش بەھێزكردنی پێگە و نفووزی لە ناو موسڵمانانی عه ره ب بووە، ئەو ئامانجەشی نەپێكاوە. تەنیا ئەوە نەبێ كە نەی ھێشتوووە كێشه ی نێوان ئیسڕائیل و فه له ستین بە رێكاری ئاشتییانە چاره سه ر بكرێ!

دوای رفاندنی جڵەوی ئاكامی شۆڕش و راپەڕینەكانی ئێران لە دژی دەسەڵاتی پاشایەتی محەمەد رەزا شای پەھلەوی، لە لایەن ئایەتۆڵڵا خومەینی و ھاتنەسەر كاری دەسەڵاتی ئاخووندی لە ئێران، تا ئێستاشی لە گەڵ بێ، باڵوێزخانەكانی سەرجەم كابینەكانی گشت حكومەتەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، لە ھیچ وڵاتێك جگە لە ئاژاوەنانەوە و سیخوڕی و پەرەدان بە كاری تیرۆریستی، ھەنگاوێكیان بە ئاراستەی سەقامگیری و ئاشتەوائی و پێكەوە بوون، پێكەوە سازان، پێكەوە گونجان و پێكەوە ژیان و... ھیچ " پێكەوە "ییەك ھەڵنەگرتوووە!

پتر لە دەیەیەك لە دانوستاندنەكانی ئێران و وڵاتانی رۆژاوا سەبارەت بە پیتاندنی ئۆرانیۆم و رێگریكردن لە ھەوڵەكانی بە ئەتۆمیكردنی ئێران تێدەپەڕێ. دواجار لەم ڕۆژانەدا رێككەوتنێكی مەرجدار كرا. وڵاتانی (5+1) بەوە دڵخۆشن كە گوایە بەو رێككەوتنە مەرجدارە چیدی ئێران نابێتە خاوەن وزە و بۆمبی ناوەكی، دەسەڵاتی ئێرانیش زۆر "زەریف"انە دەهۆڵی سەركەوتن بۆ ئەو رێككەوتنە مەرجدارەی ڵێدەدات و خەڵكی دۆشداماوی بندەستی دێنێتە سەما! بەڵام هێندەی پێناچێ، لە جەمارانەوە وەلی فەقیه خۆی گیڤ دەكاتەوە و بە فەرمانێكى سەركوتی ناوخۆ پتر پەرە دەستێنێ و دەستوەردانی دەرەكیشی بە هۆمای نەمانی سزا داراییەكان بەربڵاوتر و دوورمەوداتر دەكا. ڕۆژئاواش دەسەوەستان نامێنێ و هەر لە ئێستاوە دۆسێی مافی مرۆڤ له ئێران دهكاته سەرباسی باسان و پلاتفۆرمی پیاوانی ئایینیی رژێمی ئێران بە "وەلی فەقیه"یشەوە دەخاتە ژێر جڕومەنگەنەی پرسیار!

سەید عەلی خامنەیی (وەلی فەقیه و پیاوی یەكەمی كۆماری ئیسلامی ئێران) پێداگری لە سەر بەرفراوانكردنی ھیلالی شیعە و زیادكردنی رووبەری خاك و دەسەڵاتە مەزھەبییەكەی دەكا، دەستوەردانی دەوڵەتەكەشی لە وڵاتانی وەك عێراق، لوبنان، سووریا، یەمەن و ... تا دوایی، كە خۆی لە ھەیكەلی حەشد و حزبوڵڵا و حوسییەكان ... -دا بەرجەستە كردووە و خولقێنەری شەڕێكی بەربڵاوی

تائیفی و مەزھەبی بووە، پەرە پێدەدات، لێ ئەو دیمەنە سیاسییە پڕمەرگەساتە كە حكومەتی تاران پیلاندوورانی متمانەپێكراوی خۆی لێ خڕ دەكاتەوە، جگە لە ئیسڕائیل و ئەمریكا و وڵاتانی رۆژاوا، بەرەیەكی بەھێزی "زۆرینەی سوننە" و لە لووتكەی ئەو بەرەیەشدا "توركیا و عەرەبستانی سعوودی" ھەزمی ناكەن و بەرھەڵستیی ئەو مەزھەبگەراییە زێدەخوازەش ھەتا دێ پتر دەبێ.

كۆباسەكە ئەوەیە شەپۆلی گۆڕانكارییەكان و راماڵینی دیكتاتۆرەكان(بە ئایینییەكانیشەوە) زۆر خێراتر بووە. كۆماری ئیسلامی ئێران بە ھۆی سەركێشییەكانیەوە بە توندی بەر ئەو شەپۆلە دەكەوێ. ئەو ھێز و لایەنانەی كەوا چارەنووسی خۆیان ئاوێزانی گەردەنی ئەو (بڵقی سەر ئاو) ە كردووە، ئەگەر ھەناسەیەكیان تێدا بمێنێ، بە ھەڕگپێوان پاشگەز دەبنەوە!!! ھیوادارم ئەو قوڕپێوانە بەر كورد نەكەوێ.

************************************** 

   Listen live to voice of Kurdish-American Radio for Democracy, Peace and  Freedom


Welcome to vokradio.com
free stats