سەرۆكی متمانەپێكراو، یان سەرۆكی ماوەبەسەرچوو!
vokradio.Los Angeles, California, USA   
سەرۆكی متمانەپێكراو، یان سەرۆكی ماوەبەسەرچوو!
 
  salar_baba_shikh.jpg
  سالار بابەشێخ- هه ولير- كوردستان
 
١١ى ئاوريلى ٢٠١٥ ى زايينى
 
 
 
 
 
چەندین جار لە نامەی كراوە و لە سەر رووپەڕی رۆژنامەكان رەخنە و پێشنیارەكانم ئاراستەی مەسعود بارزانی وەك(سەرۆكی هەرێمی كوردستان) كردووە، بە دەگمەنیش ستایشی خەبات و تێكۆشانی رابردوویانم نەكردووە، بگرە سستبوونی پلانەكانی بنبڕكردنی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی متمانەی هاووڵاتی بە دەسەڵات، هەروەها كەمكاری لە بواری وەبەرهێنان و گەشەی ئابووریی و پیشەییكردنی وڵات لە هەرێمی ژێردەسەڵاتی بەڕێزیان بەردەوام تاساندوومی! هاوكات پلاتفۆرم و كارنامەی سیاسەتكردنیان بۆم جێی بایەخ بووە، هەر هەڵوێست و دەستكەوتێكی نەتەوەییان و دروستكردنی پێگەیەكی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی بۆ كورد سەرنجی راكێشاوم، هەنوكەش كە krp_emblem_logo__2007_09_21_h12m10s9.jpgهەرێمی كوردستان تووشی شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) و گیرۆدەی قەیرانی بودجە و مووچەيە و ناچاری لەخۆگرتنی یەك و نیو ملیۆن ئاوارەی شەڕ بووە، هەندێ بەناو رووناكبیر و میدیاكاری كورد كە خۆیان بە -میری رۆژنامەوانی - دەزانن، لە بری ئەوەی بەرچاوڕوونی درووست بكەن و هەوڵی راستكردنەوەی كەموكوڕییەكان بدەن، بە خامەیەكی ژاراوی و دوور لە لۆژیك و تەژی لە رق و كینەی دوژمنكارانە، سووكایەتی بە پێشمەرگە و سەركردەی سەنگەرڤان و سەرۆكی متمانەپێكراوی هەرێمی كوردستان دەكەن، كە لە هەڵبژاردنی رۆژی (25-7-2009) سەرووی (70%)ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە و بەشێوەیەكی راستەخۆ لەلایەن گەلی كوردستانەوە بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرایەوە. بارزانی هەر ئەوكات پێداگری لە سەر ئەوە كرد، پرەنسیپەكانی دیموكراسی بكرێنە بنەما و جەختیشی لەوە كردەوە كە بە بێ متمانە و دەنگی راستەوخۆی هاووڵاتیانی ئەو بەرپرسیاریەتییە لە ئەستۆ ناگرێتەوە.


لە دووتوێی هەڵسەنگاندنی كاروباری میدیایی و دۆزینەوەی رێكارێك بۆ خستنە سەر پشتی دەلاقەی دەرگەكان بۆ كەسانی خاوەن فكر و مەعریفە، بۆ ریفۆرم لە روانگە لۆكاڵییەكانی ئایینی و بۆ چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی، بۆ گەڕانەوەی متمانەی هاووڵاتی بە دەسەڵاتی حوكمڕانی خۆماڵی و... هتد، دەگەینە ئەو ئەنجامە كە: چەندە پەرەسەندنی داعشەكانی ناو مزگەوت و خوێندنگەكانی خۆمان بۆ داهاتووی ئەم وڵاتە و كوردستانییەكان مەترسیدارە، هێندەش میدیای ژاراوی لە ژێر ناوی ئازادی رادەبڕیندا هەڕەشە لە چارەنووسی كوردان دەكا و هەوڵی ناتەبایی و هەڵوەشانەوەی ئەو یەكڕیزی و یەكگوتارییەی كورد دەدا، كە لە سایەی چاوچنۆكی و ئایدیای چەوتی تاریكیپەرستانی داعش درووست بووە!!

خاوەن قەڵەمی وامان هەیە، زۆر دوژمنكارانە باسی سەركردە و پێشمەرگەیەك لەم دۆخە هەستیار و پڕمەترسییەدا دەكا كە سەرۆكایەتی ئەم هەرێمە(دەڵەمە) و پڕكێشە و ئاڵۆزەی لەئەستۆیە. كەسانی وا خزمەتی وڵاتانی دراوسێ و نەیارانی كورد و ناحەزانی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن! هەموو شتێك زەربی سفر دەكەن، تەنانەت لە پێناوی هەندێ دەستكەوتی كاتی و بێبایەخدا ئەخڵاقی رۆژنامەوانی پێشیڵ دەكەن و لە پرەنسیپەكانی نووسین لا دەدەن! بۆیە كاڵفامترین مرۆڤ هەست بەوە دەكا، خامەی وا بەكرێگیراوە و دەخوازێ پەشێو گوتەنی كورد هەر مریشكە رەشە بێ و لە سەر هێلكەی ئۆتۆنۆمی كڕ بكەوێ!

نەیارانی ناوخۆیی و داگیركەران و دابەشكەرانی خاكی كوردانیش پێویستە بزانن خەونەكەی ئەوان نەزۆكە، نەك خەونی گەلی كوردستان كە بە ئاقاری دروستكردنی نەتەوە و دەوڵەت، رێچكەی خۆی دۆزیوەتەوە، لەئاستی نێونەتەوەیی و جیهانیشدا هێندەیان پشتیوان بۆ دۆزەكەیان مسۆگەر كردووە كە خەونی نەمرانی وەك (خانی، پیران، نەهری، حاجی، پێشەوا و بارزانی) و هەموو سەربەخۆییخوازانی كورد بهێننەدی، لە ئێستاشدا ئەو ئەركە مەزن و مێژووییە كەوتۆتە ئەستۆی مەسعود بارزانی كە وەك (سەرۆكی هەرێمی كوردستان) لانیكەم لە كەرتێكی كوردستانی دابەشكراودا ئەو پلانە نەتەوەییە جێبەجێی بكا، هەنگاوەكانیشی بەو ئاراستەیە بووە كە پشتیوانییەكی زیاتری جیهانی و نێودەوڵەتی بۆ وەدیهێنانی ئەو خەونە دەستەبەر بكا. بۆ سەلماندنی ئەو رایەش كەسانی وەك دەیڤید فلیپس سیاسەتی بارزانی لە هەرێمی كوردستان بە "مۆدێلێك بۆ هەموو كورد و سەرچاوەی ئیلهام بۆ گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" دەزانن، لە ئاستی نێودەوڵەتیش دەبینین بۆ شەڕی تیرۆر گوێ لە كورد رادەگیردرێ..

كۆباسەكە و مەبەست لەم نووسینە ئەوەیە: پێویستە تاكی كورد ئەوەی لەبەر چاو بێ كە سیاسەتوانانی بیرمەند و ناسراو، لە ئێستادا گەلانی دونیایان سەرقاڵی "شۆڕشی چوارەم" و "جیلی پێنجەمی شەڕ" و "سیستمی نوێی جیهانی" و بونیادنانەوەی دەوڵەتی بەهێز كردووە، پلان و رێكاری بەهێزكردنی متمانەی هاووڵاتی و دەسەڵاتیشیان لە بەرایی(ئەولەوییەت) هەموو هەنگاوەكاندا داناوە.

لە دۆخێكی وادا پێویستە كورد لە كاروانەكە جێ نەمێنێ، ئیرادەی گەلیش دوابڕیاردەر بێ و وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە كە: ئایا مەسعود بارزانی سەرۆكی متمانەپێكراوە، یان سەرۆكی ماوەبەسەرچووە؟
 

 

 

 
Listen live to voice of Kurdish-American Radio for Democracy, Peace and 
Freedom

 

Welcome to vokradio.com
free stats