میدیا و پەروەردە لە پرسی نەتەوەییماندا
vokradio.Los Angeles, California, USA   

میدیا و پەروەردە لە پرسی نەتەوەییمانداsalar_baba_shikh.jpg

 


سالار بابەشێخ

٣٠ ژانويه ى ٢٠١٥ ى زايينى، هه ولير- كوردستان

 

لە راپرسییەكەی ساڵی ٢٠٠٥ی باشووری كوردستان رێژەی ٩٨.٧٦%ی دەنگەكان بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی بوو، لە ساڵی ٢٠١١ باشووری سوودان بە رێژەی ٩٨% دەنگیان بۆ جیابوونەوە لە سوودان‌ دا، هەر دوو كۆمەڵگەش كۆمەڵگەیەكی فرەئایین و فرەنەتەوەن و عەشیرەتی جیاوازیشی تێدایە، بەڵام باشووری سوودان بە ئامانجی خۆی گەیشت و لە باشووری كوردستان بە هۆی چەندین فاكتی ناوچەیی و دەرەكی هیچ حیسابێكی فەرمی بۆ ئەوە خواستە جەمارەییەی گەل نەكرا!
پەروەردە و میدیا و راگەیاندكاران رۆڵێكی زۆر گرنگ لە پرسی نەتەوەیی و وڵاتپارێزی دەبینن و ئەوەش نیازی بە خەڵكی پسپۆڕ و دڵسۆز هەیە كە هێڵە نەتەوەییەكان بپارێزن، نەك هەر كەسەو بە بێ ئەزموون دامودەزگەیەكی پێ پسپێردرێ و بە میزاجی خۆی كاری تیا بكا.

سیستمی پەروەردە لە باشووری كوردستان گەلێك لە هەست و هزری نیشمانی دوورە و پڕۆژەیەكی ستراتیژی بۆ پەروەردەی نیشتمانی نەهاتووەتەداڕشتن، هەر مامۆستا و بەڕێوەبەرێك بە بۆچوونی خۆی كاری پەروەردەیی دەكات، هەشیانە ئاكاریان دوورە لە وڵاتپارێزی! تەنانەت مامۆستامان هەیە نەورۆز بە جەژنێكی پیرۆز نازانێت و بە ئاگرپەرستی دەیچوێنێ و مێژووەكەشی لای خوێندەڤان دەشێوێنێ!

لە هەموو وڵاتە پێشكەوتووەكاندا قەدەخەیە مامۆستا هزر و بۆچوونی تایبەتی و ئایدیای خۆی بەسەر خوێندەڤاندا بسەپێنێ، كەچی لای ئێًمە بەپێچەوانەیە! بۆیە مەنهەجەكانی خوێندن سیستمی پەروەردە لە كوردستان شرۆڤەكردنی نوێی دەوێ، پێویستە دیرۆكی كورد و ناسنامەی نەتەوەیی و جوگرافیای وڵاتی كوردان و بەرهەمی ئەدیب و زانایانی كوردی زیاتر تێدا بخوێنن.

مامۆستایانیش دەبێ بۆ بەهێزكردنی هزری نەتەوەیی خولی تایبەت ببینن، نەك ئایدیای حزبی و ئایینی خۆیان بسەپێنن.


چاودێرانی شارەزا جەخت لەوە دەكەنەوە كە راگەیاندنی كوردی بە ئەركی نەتەوەیی خۆی هەڵنەستاوە و لە سەرهەڵدانی مەزنەوە تا ئێستاش سەرقاڵی شتی لاوەكی بووە، دەمێك سووتووی شەڕی ناوخۆ بووە، پاشان زیاتر كاریان شكاندن و ریسواكردنی كەسایەتییەكانی بزافی و سیاسی بووە، یان كاریان پێداهەڵدانی حزبی تایبەت و سیاسەتمەدارەكانی بووە. دژبەرییەكانیش وایكردووە هەندێكجار میللەت چەواشە بكەن. دەكرێ بگوترێ: هیچ راگەیاندێكی ئەهلی و ئازاد و بێلایەن لە كوردستان بوونی نییە، لە سەر ئاستی نەتەوەییش ئێمە بە هیچ شێوەیەك راگەیاندنێكی بێلانی نەتەوەییمان نییە، چونكە هەر هەموویان لە بەرژەوەندی حزبێك كاردەكەن، یان سێبەری حزبێكن، ئەو حزب و لایەنانەش كە ئامانجی روونی نەتەوەییان هەیە و بە بێ‌ ترس و لەرزی سیاسی تیۆر و پراكتیكی نەتەوەیی و ئاشكرایان هەیە، ژمارەیان لە پەنجەكانی یەك دەست تێناپەڕێت. واتە زۆربەی پارت و لایەنە سیاسییەكانی ئێمە بەرامبەر بە پرسی نەتەوەیی كەمتەرخەم بوون و كەمتەرخەمیشن، زۆربەی میدیاكان هەواڵ و دەنگ و باس و شرۆڤەی رووداەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان ناكەن، یان ئەگەریش باسی بكەن، باسكردنێكی سەرپێی و ساكارە. بۆ نموونە: لە ئێران بە سەدان لاوی كورد بە ئاشكرا لە سێدارە دەدەن، بە سەدان كورد لە سەر سنوورەكانی كوردستان شەهید دەكرێن، بەڵام راگەیاندنی كوردی لە باشووری كوردستان بە تەواوی رووماڵی ئەو كارەساتانە ناكات، بەتایبەتی هەندێكیان بە شەرمەوە ئیدانەی ئەو تاوانانە دەكەن!

هەروەها لە رووی سیستمی پەروەردەوە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هەست و بیر و هزر و زانستی نەتەوەیی، وەزارەتی پەروەردە تا ئێستا نەیتوانیوە هێلێكی هەستیاری نەتەوەیی لە ناوەندەكانی خوێندندا پلانڕێژ بكا. وەزارەتی پەروەدە پێویستە پلانێكی دوورخایەنی لەو بوارەدا هەبێت، دەستپێكی كارەكانیشی دەبێت ئەوە بێت كە لە داڕشتنی سیستەمی پەروەردەدا ئەوە رەچاو بكرێ كە سیستمەكە لە هەرچی پێناسە و ناسنامە و نەریتی داگیركەرییە پاك بكرێتەوە و لە جێگەی زانیاری دروستی نەتەوەیی دابندرێ. بەڵام لە دەزگاكانی پەروەردەدا تا هەنووكەش پاشماوەی داگیركەری بە زەقی هەستی پێدەكرێ، دوای راپەڕینیش وێڕای ئەوەی دەسەڵاتی كوردی و خۆماڵیمان هەبووە، بەڵام پەروەردە لە پرسی نەتەوەیی و وڵاتپارێزیدا رۆڵی زۆر لاوازی گێڕاوە.


كۆباسەكە ئەوەیە: ئێمەی كورد سیستمێكی بەهێزی پەرەوردەیی و هەڵگری گەوهەری نەتەوەییمان نییە، راگەیاندنی دەسەڵات، ئۆپۆزسیۆن، بە ئایینی و مەدەنیشەوە ستراتیژی خۆیان لە هێڵی نەتەوەییدا دەرنەخستووە. هەموو ئەو لایەنانە دەكرێ لەسەر هەر شتێك بیری جیایان هەبێت، بەڵام لە پرسی نەتەوەییدا پێویستە تێكڕا نەتەوەپارێز بن، نابێت لە ژێر هیچ بڕوبیانوویەك خزمەت بە خەتی نەتەوەیی پشتگوێ بخەن، پێویستە كەس مافی ئەوە بە خۆی نەدات كە شتێك لە دژی ستراتیژی نەتەوەیی بڵاو بكاتەوە. ئێمەی كورد هێشتا خاوەن كیانێكی سەربەخۆ نین و خاكیشمان بە داگیركراوی ماوەتەوەو تا ئێستاش لە ژێر هەڕشە و پەلاماردایە و بوار نادەن چارەنووسی سیاسیمان بەدەستی خۆمان دەستنیشان بكەین. ئەو ئامانجە (سەربەخۆیی كوردستان)،

بە بارتەقای دڵۆپ دڵۆپ خوێنی پێشمەرگە و شەڕڤان و گەریلا بۆ كوردان پیرۆزە، كە ئەمڕۆ لە بری هەموو جیهان شەڕی تیرۆریستان و سپا شاراواەكانی جەهل و تاریكی و داگیركاری دەكەن. پەروەردە و راگەیاندنی كوردیش بۆ دەستەبەركردنی مافە نەتەوەییەكان پشكی شێریان بەردەكەوێت و پێویستە بە پەلە سەرقاڵی ریفۆرم بن، پێویستە ملیشیای حزبی نەمێنێ و لەشكری كوردستان رێكبخرێتەوە. پێویستە دەستەواژەی (پێشمەرگە، شەڕڤان و گەریلا)جیاكاری فكری دروست نەكات، پێویستە پەروەردە هێلێكی هەستیاری نەتەوەیی لە ناوەندەكانی خوێندندا پلانڕێژ بكا، ئەوانە رێكارگەلێكن بۆ ئەوەی جارێكی دی، راپرسی بە گەل و ئیرادەی نەتەوەیی و خواستی سەربەخۆیی و دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان پشتگوێ‌ نەخرێت و بە فەرمی ئەنجامی ریفراندۆمی داهاتوو دانی پێدا بندرێ و رابگەیەندرێ... تەنیا ئەوەش رۆحی شەهیدانمان شاد و برینە مێژووییەكانی ئێستا و رابردوومان سارێژ دەكا، هەر ئەوەشە داعش و ماعش و چاوچنۆكانی دیكەی خاك و نیشتمانان ناچار دەكات لە بەرامبەر ئیرادەی نەتەوەییماندا چۆك دابدەن...

 

 

Listen live to voice of Kurdish-American Radio for Democracy, Peace and 
Freedom

 

Welcome to vokradio.com
free stats