ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دیدارو چاوپێکەوتنەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئامریکا
رەحیم رەشیدی   

ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دیدارو چاوپێکەوتنەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئامریکا

rahim_rashidi.jpg

 

رەحیم رەشیدی

 ۹ ی ئاپریلی ٢٠١٢ی زایینی

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٤ی ئاپریلی ٢٠١٢ی زایینی، کاتژمێر ٦ی سەر لە ئێوارێ، بەرێز سه‌رۆکی هەرێمی کوردستان، لە شوێنی مانەوەی خۆی لە واشینگتۆن، سەرپەرستی ڕاگەیاندنی یه‌که‌مین کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی بازرگانی کوردستان - ئه‌مریکای کرد.

له‌سه‌ره‌تای کۆبوونه‌وه‌که‌دا، دێوید تیفووری سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی ناوبراو، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی سەبارەت بە ئاماده‌بوونی سه‌رۆک بارزانی له‌ یه‌که‌مین کۆبوونه‌وه‌ی ئەو ئه‌نجوومه‌نه‌دا،  لە پێوەندی لەگەڵ گرینگی‌و بایه‌خی دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نی بازرگانی کوردستان_ئه‌مریکا دواو بوژانەوەو گەشەی ئابووری‌و بارزگانی هه‌رێمی کوردستانی، وه‌ک فاکته‌رو هاندەرێکی سه‌ره‌کی بۆ دروست کردنی ئەو ئەنجومەنە لێکدایەوە. krg_w_barzani_02.jpg

پاشان، جەین جەیمس، ژه‌نراڵی خانه‌نشین‌کراو ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریکا، وه‌ک به‌ڕێوبه‌ری ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌نجوومه‌نی بازرگانی کوردستان_ئه‌مریکا، وێرای بەخێرهاتن کردنی سەرۆک بارزانی‌و میوانانی ئەو کۆبوونەوە، به‌بایه‌خه‌وه‌ له‌ دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نه‌که‌دواو ئاماده‌یی خۆشیانی بۆ به‌شداری کردنی چالاکانه‌ له‌ پرۆسه‌ی زیاتر بووژاندنه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان‌دا دەربڕی.

دواتر، سه‌رۆک مەسعود بارزانی، لە بارەی سه‌قامگیری بارودۆخی سیاسیی‌، ئابوری‌و ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان، لێدوانێکی پێشکەش کرد، هاوکات ناوبراو ڕایگەیاند کە سەرجەم ده‌رگاکانی هه‌رێمی کوردستان به‌ ڕووی کۆمپانیا ئابووری‌و بازرگانییه‌کانی ئه‌مریکادا کراوەیەو دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نی بازرگانی کوردستان_ئه‌مریکای وه‌ک که‌ناڵێکی نوێ‌ بۆ پته‌وتر کردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌ولێرو واشینگتۆن دەستنیشان کرد.
 
ئەوجار، گفتوگۆیه‌کی کراوه‌ له‌ نیوان سه‌رۆک بارزانی و ئاماده‌ بووانی کۆبوونه‌وه‌که‌دا به‌ڕێوه‌چوو که‌تیاییدا چه‌ندین ته‌وه‌ری په‌یوه‌ندیدار به‌بارودۆخی سیاسیی، ئابووری‌و کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێمی کوردستان باسیان لێکرا. 
 
پێویستە بگوترێ کە پاش کۆبوونەوەکە، لە لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی بازرگانی کوردستان_ئه‌مریکا، ئێواره‌خوانێکی ڕێزلێنان بۆ سه‌رۆک بارزانی  ڕێکخرا کە تیایدا ده‌یان که‌سایه‌تی دیپلۆمات، سیاسیی، ئه‌کادیمی، بازرگانی‌و خاوه‌ن کۆمپانیای ئامریکایی‌و کوردستانی به‌شداریان تێدا کردو لە نزیکەوە لەگەڵ سەرۆکی هەرێم‌و وڤدە هاورێکەی بیروڕایان گۆڕیەوە. 
 
 
 
بەشداری کردن لە کۆڕی "ناوەندی کوردی" لە کۆنگرەی ئامریکادا
 
رۆژی پێنجشەممە، رێکەوتی ٥ی ئاپریلی ساڵی ٢٠١٢ی زایینی، کاتژمێر ١١:٣٠ خولەکی سەر لە بەیانی، بەڕێز مەسعود بارزانی وێرای وەڤدێکی هاورێی کە پێکهاتبوو لە بەرێزان، دوکتۆر فوئاد حوسێن وتەبێژی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، فەلاح موستەفا بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان‌و مەسرور بارزانی بەرپرسی ئاسایشی هەرێمی کوردستان‌و قوباد تاڵەبانی نوێنەری هەرێمی کوردستان لە واشینگتۆن، بەشداری یەکەمین کۆبوونەوەی "ناوەندی کوردی" بون کە لە یەکێک لە سالۆنەکانی کۆنگرەی ئامریکادا بەرێوە چو.
 
 رێوڕەسمەکە بە سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب دەستی پێکرد. ئەوجار دوکتۆر فەرج ئەردەڵان‌و عەلی جەوانمەردی لە بەرێوەبەرانی "ناوەندی کوردی"، بە هەر دو زمانی ئینگلیزی‌و کوردی، وێرای بەخێرهاتن کردنی گەرمی سەرۆک بارزانی، ئامانج لە دامەزراندنی ئەو ناوەندەیان شی کردەوە.
پاشان داوایان لە سەرۆکی هەرێم کرد کە وتەیەک پێشکەش بکات. بەرێز بارزانی لە قسەو باسێک‌دا پشتیوانی هەمە لایەنەی خۆی بۆ "ناوەندی کوردی" ڕاگەیاندو وێڕای دەربرینی سپاس‌و پێزانینی‌‌ بۆ گرتنی وەها کۆرێک لە کۆنگرەی ئامریکادا، سەبارەت بە بارۆدۆخی کوردستان‌و عێراق قسەی کردو هەروەها وڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
پێویستە بگوترێ کە لەو کۆڕەدا، نوێنەرانی حیزب‌و رێکخراوە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان‌،  نوێنەری رێکخراوە مەدەنی‌و کەسایەتی سەربەخۆکانی کوردستانی، ئامریکایی‌‌و ئێرانی بەشدار بون‌و بۆ یەکەمین جار فیلمێک لەسەر کارەساتی ئەنفال بە ناوی "هەموو دایکەکانی من" پیشان درا.
 
 
سه‌رۆک بارزانی، له‌ ئەنستیتۆی واشینگتۆن بۆ سیاسه‌تی رۆژهه‌ڵاتی نزیک، وتارێکی پێشکەش کرد. 
 
رۆژی پێنجشەممە، کاتژمێر ١:٠٠ پاشنیوەڕۆ، به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، له‌ ئەنستیتۆی واشینگتۆن بۆ سیاسه‌تی رۆژهه‌ڵاتی نزیک، وتارێکی گرینگی سەبارەت بە ره‌وشی سیاسیی عێراق‌، هه‌رێمی کوردستان‌و ناوچه‌که‌پێشکەش کرد‌و لە چوارچێوەی ئەو لێدوانەدا، ئامانجی سەرەکی سه‌ردانه‌که‌ی بۆ وڵاتە یەکگرتوەکانی ئامریکا روون کردەوە.
ئەوجار بەرێز بارزانی وڵامی پرسیاری بەشدارانی ئەو کۆبوونەوەیەی دایەوە. ناوبراو سەبارەت به‌پشتیوانی ئامریکا لە عێراق‌و هه‌رێمی کوردستان، وتی: "...لە دیدارم‌دا لەگەڵ سه‌رۆک کۆماری ئامریکاو جێگره‌که‌ی ته‌ئکیدیان کرده‌وه‌که‌پشتیوانی لە عێراقێکی دێموکراتیکی فیدراڵ دەکەن‌و درێژە بە سیاسەتی پشگیری‌و داکۆکی خۆیان لە هەرێمی کوردستان دەدەن. ناوبراو لە درێژەی قسەکانی‌دا وتی، ئێمه‌هیچ کاتێک به ‌دوای تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌وە نەبوین‌و ده‌مانه‌وێ 
 
لاپه‌ڕه‌یه‌کی نوێ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کان هەڵدەینەوە‌و هەوڵمان ئەوە بوە کە ئاسایش‌و ئارامی پەر ەپێبدەین‌و ئەمەش هۆارێکی گرینگ بوە بۆ ئەوەی کە زۆربەی وڵاتانی بیانی به‌به‌رده‌وامی له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بن کە په‌یوه‌ندی بازرگانی‌و وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی کوردستان پەرە پێبدەن...". 
 
سەرۆک بارزانی لە درێژەی قسەکانی‌دا ڕایگەیاند کە له‌ماوه‌ی ده‌ساڵی رابردوودا ئاستی نه‌خوێنده‌واری به‌رێژه‌ی په‌نجاو شه‌ش له‌سه‌دا بۆ شازده‌له‌سه‌دا گۆڕانی بەسەردا هاتوە.
بارزانی لە وه‌ڵامی پرسیارێکی دیکه‌دا له‌باره‌ی ده‌ستووری بنەڕەتی عێراق وتی،  ده‌ستووری عێراق ده‌ستوورێکی باشه‌، به‌ڵام رێژه‌ی پابه‌ندبوون به‌و ده‌ستووره‌زۆر لاوازه‌، له‌هه‌مان کاتیشدا هه‌موومان ده‌نگی خۆمان بۆ پەسەند کردنی ئه‌و ده‌ستووره‌داوه‌و من داوام له‌لایه‌نه‌سیاسیه‌کان کردووه‌به‌یه‌که‌وه‌دابنیشن‌و رێگا‌له‌دووباره‌بوونه‌وه‌ی دیکتاتۆری له‌و وڵاته‌دا بگرین‌و رێکه‌وتنه‌که‌ی هه‌ولێر جێبه‌جێ بکەین، خۆ ئەگەر بێتە ئەمەش سەر نەگرێ ئەو هەموو لایەک ناچار دەبین کە بگەڕێنەوە بۆ ویست‌و بڕیاری میللەتی خۆمان.

سه‌باره‌ت به‌ماده‌ی 140ی  یاسای بنەڕەتی عێراق، سه‌رۆک بارزانی روونیکرده‌وه‌ که‌جێبه‌جێکردنی ئه‌و مادده‌یه‌چاره‌سه‌ری کێشه‌کە دەکات، به‌ڵام ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه‌حکومه‌تی عێراق به‌به‌رده‌وامی له‌جێبه‌جێکردنی ئەو مادەیە راده‌که‌ن، ئێمه‌به‌وپه‌ڕی دڵنیاییه‌وه‌ده‌ڵێین ناوچه‌دابڕاوه‌کان نه‌ک ناوچه‌کێشه‌له‌سه‌ره‌کان، چونکه‌گومانی تێدا نییه‌که‌ئه‌و ناوچانه‌ کوردستانیین و رۆژی چاره‌سه‌رکردنیشیان هه‌ر دێت.

بارزانی، له‌وه‌ڵامی پرسیارێک‌دا لە بارەی کێشەی نەوتەوە ئاماژەی کرد"...ماوه‌ی شه‌ش ساڵه‌به‌ڵێنه‌کان به‌جێ ناگه‌یه‌نرێن‌و ئێمه‌ش له‌م بارودۆخه‌بێزار بووین، چونکه‌هه‌ر به‌ڵێنی بێ کردار ده‌درێن، نموونه‌ش بۆ ئه‌م راستیه‌، خه‌رج نه‌کردنی پاره‌ی کۆمپانیا بیانیه‌کان‌و یاسای نه‌وت‌و گازە، هه‌ر بۆیه‌ناردنی نه‌وت له‌ هه‌رێمی کوردستان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ڕاگیراوە. 
 

قەیرانی سوریە:

سەبارەت بە قه‌یرانی سووریە بە گشتیی‌و  پرسی کورد له‌و وڵاته‌دا بە تایبەتی، سه‌رۆک بارزانی جه‌ختی‌کرده‌وه‌که‌، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک پشتیوانی له‌کورده‌کانی سووریە ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌شی ئاشکرا کرد کە ئەوان چەک‌و تەقەمەنی بە کوردەکان نادەن، به‌ڵکو هه‌وڵ دەدەن کە لە رێگای دیپلۆماسی‌و بە شێوەی ئاشتیخوازانە مافی کوردەکانی سوریە بێتە دی.

کێشه‌ی نێوان تورکیەو پارتی کرێکارانی کوردستان:


 سه‌رۆک بارزانی لەم بەستێنەدا رایگه‌یاند"...‌ئێمه‌هه‌میشه‌هه‌وڵ ده‌ده‌ین کێشه‌کانی نێوانیان به‌شێوه‌یه‌کی ئاشتیانه‌چاره‌سه‌ر بکرێن نه‌ک به‌شه‌ڕ، هه‌ر کاتێکیش زانیمان له‌شه‌ڕ نزیک ده‌بنه‌وه‌، ئێمه‌نابین به‌ته‌ڕه‌ف، به‌ڵکو ته‌نها هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ده‌ده‌ین...".

قەیرانی ناوکی  ئێران‌و گەمارۆکان:


بەرێز بارزانی لە پێوەندی لەگەڵ، کاریگه‌ری گەمارۆی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان لە دژی کۆماری ئیسلامی‌و گوشاری ئەم بابەتە بەسەر هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌، رایگه‌یاند که‌: "...ئێمه‌پێمان خۆشه‌په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئێران خۆش بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ناگه‌یه‌نێت که‌له‌هه‌موو خاڵه‌کاندا ئێمه‌رێکبکه‌وین، چونکه‌خاڵی جیاوازیشمان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا هه‌ن، به‌ڵام له‌هه‌مان کاتیشدا خاڵی هاوبه‌شیشمان هه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌هه‌میشه‌پابه‌ندین به‌بڕیاره‌کانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە...". 

 

 کۆبوونەوەیەکی جەماوەری بەۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

رۆژی شەممە رێکەوتی ٧ی ئاپریلی ٢٠١٢ی زایینی، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبونەویەکی جەماوەی لە دەڤەری واشینگتۆن، بۆ سەرۆکی هەرێم پێکهێنا. لە سەرەتای ئەو کۆڕەدا هێژا قوباد تاڵەبانی وێرای بەخێرهاتن کردنی سەرۆکی هەرێم‌و وەڤدە هاورێکەی، ئامانجی ئەو کۆبونەوەیەی دەست نیشان کرد. 

دواتر بەرێز بارزانی سەبارە بە دیدارو چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئامریکایی‌و هەروەها بارودۆخی هەرێمی کوردستان‌و عێراق، قسەی بۆ بەشدارانی ئەو کۆبونەوەیە کرد. 

  لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەدا بە دەیان کەس لە هاووڵاتیانی کوردی نێشتەجێی ئامریکا، سەرنج‌و پرسیارەکانی خۆیان بە شێوەیەکی کراوە هێنایە گۆرێ‌و سەرۆکی هەرێم بەوپەری لەسەرەخۆیەوە وڵامی گشت تێبینی‌و پرسیارەکانی دایەوە.

پێویستە ئەوەش باس بکرێ کە لە میانەی ئەو کۆبونەوەیەدا بە سەدان کەس لە کوردستانیانی هەر چوار پارچەی کوردستان، پشتیوانی خۆیان لە داخوازی کەمپینی ١٠ی خاکەلێوە دەربڕی‌کە لە بیرەوەری ٦٥ ساڵەی لە داردانی پێشوا قازی‌دا دەستی بە چالاکی واژۆ کۆکردنەوە  کردوە بۆ ئەوەی ئەم رۆژە لە هەموو بەشەکانی کوردستان‌دا وەکوو رۆژی رێزگرتن کە شەهیدانی کوردستان دیاری بکرێت.

تێبینی:
لەم نوسراوەدا، تەنیا ئاماژە بە ڕاپۆرتی ئەو دیدارو کۆبوونەونە کراوە، کە نووسەر بۆ خۆی راستەوخۆدا تێیان‌دا بەشدار بوە.

 

 

 
krg_w_barzani_03.jpg
 krg_w_barzani_02.jpg
 krg_w_barzani_04.jpg  krg_w_barzani_0.jpg
 krg_w_barzani_06.jpg  krg_w_barzani_01.jpg
   
   
 
 
 

مطلب را به بالاترین بفرستید: Balatarin

+ ده توانن ئه م رادوي ه گوي به ده ن تكايه له سه ر وينه ي رادوي كه كليك كه ن  

+ براي شنيدن برنامه هاي راديو  روي تصوير راديو كليك كنيد  

  vokradio.jpg

  

free stats