Iranian Culture & Art Club of Fresno
رادیو ده نگی کوردستان له ئامریکا

VOK Radio Newsletter

Name: 
Email:  
Subscribe Unsubscribe

Calendar of Events

« < November 2020 > »
M T W T F S S
26 27 28 29 30 31 1
2 3 4 5 6 7 8
9 10 11 12 13 14 15
16 17 18 19 20 21 22
23 24 25 26 27 28 29
30 1 2 3 4 5 6
No events
Home arrow کوردی arrow تێپه‌ڕبوونی ١٠٠ ساڵ به‌ سه‌ر گرێبه‌ستی په‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی سیڤه‌ر و به‌ فه‌رمیی ناسینی چاره‌نووسی
تێپه‌ڕبوونی ١٠٠ ساڵ به‌ سه‌ر گرێبه‌ستی په‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی سیڤه‌ر و به‌ فه‌رمیی ناسینی چاره‌نووسی چاپ ارسال به دوست
VOKRadio, Los Angeles, California, USA , ئه‌مین خه‌واله   

تێپه‌ڕبوونی ١٠٠ ساڵ به‌ سه‌ر گرێبه‌ستی په‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی سیڤه‌ر و به‌ فه‌رمیی ناسینی چاره‌نووسی كورد له‌ ناوچه‌كانی ئاناتۆلیا


amin_khawaleh.jpgئاماده‌كردن و لێكۆڵینه‌وه‌ : ئه‌مین خه‌واله
ڕۆژنامه‌نووس و هه‌واڵنێر
٣ى ئاگۆست ٢٠٢٠ زایینى

 

ڕۆژی ١٠ی ئاگووست ڕێك سه‌ت ساڵ به‌ سه‌ر واژووكردنی په‌یمانی "سیڤه‌ر" له‌ نیوان ھێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی براوه‌ی شه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می جیهانی و ئیمپراتۆریه‌تیی عۆسمانی تێپه‌ڕ ده‌بێت په‌یمانێك كه‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نی زۆر درێژخایه‌ن نه‌بوو و دوای سێ ساڵ به‌ هینانه‌ ئارای په‌یمانی "لۆزان" ده‌سه‌ڵاتی كورده‌كان له‌ ناوچه‌ی ئاناتۆلیا سڕدرایه‌وه‌ و كه‌وته‌ بۆسه‌ی فه‌رامۆشی و له‌ بیركران.

 

treaty_of_sevres_1920.png

په‌یمانی سیڤه‌ر یان "په‌یمانی سێور" په‌یمانێك بوو كه‌ ڕێكه‌وتی ١٠ی ئووتی ساڵی ١٩٢٠ی زایینی له‌ نێوان ئیمپراتۆریه‌تیی عۆسمانی و به‌ هاوبه‌شی ئیمپراتۆری ئاڵمان و ئیمپراتۆری ئۆتریش له‌ گه‌ڵ لایه‌نی به‌رانبه‌ر، هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی براوه‌ی شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی ڕووسیه‌ و بریتانیا و فه‌ڕانسه‌ واژوو كرا. په‌یمانێك كه‌ بوو به‌ هۆی ده‌رخستن و ئاشكرابوونی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی تۆرك و نه‌ته‌وه‌خوازانی تورك و زۆرینه‌ی سۆپای تۆرك دژی پاشای عۆسمانی سه‌ریان هه‌ڵدا و ده‌ستیان دایه‌ ناڕه‌زایه‌تیی ده‌ربڕین. 

به‌ پێی ناوه‌ڕۆكی په‌یمانی سیڤه‌ر هه‌موو ناوچه‌ عه‌ره‌ب نشینه‌كانی سه‌ر به‌ ئیمپۆاتۆریه‌تیی عۆسمانی له‌و ئیمپراتۆرییه‌ته‌ جیا بوونه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆیی ناوچه‌ی حیجاز به‌ فه‌رمیی ناسرا و پاشایه‌تیی حیجاز له‌و ناچانه‌ دامه‌زران. ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئیمپراتۆریه‌تیی عۆسمانی و ده‌وروبه‌ری ناوچه‌ی ئه‌زمیر له‌ وڵاتی تۆركیه‌ جیاكرانه‌وه‌ و خرانه سه‌ر خاكی یوونان و چه‌ند باریكه‌ڵانی ئاوی بۆسفۆر و داردانێڵ خرانه سه‌ر ناوچه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ سه‌ربه‌خۆكان و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ریان وه‌كوو ناوچه‌ی سڤیل و ناوچه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی ئازاد ڕاگه‌یه‌ندران. كۆمارێكی سه‌ربه‌خۆی ئه‌رمه‌نی له‌ ناوچه‌ی ئاناتۆلیای ڕۆژهه‌ڵات دامه‌زرا و ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی سه‌رووی مووسڵ و ناوچه‌ی ئاناتۆلیا به‌ مه‌رجی سه‌ربه‌خۆیی له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆریه‌تیی عۆسمانی دا مانه‌وه‌ و مافی دیاریكردنی چاره‌نووس و سه‌ربه‌خۆیی بۆ ئه‌و ناوچانه‌ دیاریكرا كه‌ له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ دوای ماوه‌ی ساڵێك به‌ فه‌رمیی ناسرا و ڕه‌سمییه‌تی پێ به‌خشرا.

به‌ پێی ڕێكه‌وتننامه‌ی سانرمۆ كه‌ به‌ به‌شداری سه‌رۆك وه‌زیرانی بریتانیا، فه‌ڕانسه‌ وئیتالیا و به‌ به‌شداری نوێنه‌رانی وڵاتانی ژاپۆن، یوونان و به‌لژیك پێك هێنرابوو، ناوه‌ڕۆكی كۆتایی ڕێكه‌وتننامه‌ی په‌یمانی ئاشتی له‌ گه‌ڵ ئیمپراتۆریه‌تیی عۆسمانی له‌ ڕیكه‌وتی ١٠ی ئووتی ساڵی ١٩٢٠ی زایینی له‌ نێوان ئیمپراتۆریه‌تیی عۆسمانی و هیزه‌ هاوپه‌یمانه‌كان له‌ شاری سێوری فه‌ڕانسه‌ به‌ به‌شداری نوێنه‌رانی وڵاتانی بریتانیا، فه‌ڕانسه‌، ژاپۆن، ئه‌رمه‌نستان، ده‌وڵه‌تی عۆسمانی، ئیتالیا، به‌لژیك، یوونان، له‌هستان، پۆرته‌قاڵ، ڕۆمانی، پاشایه‌تیی نوێی حیجاز، پاشایه‌تیی یۆگۆسڵاڤییا و چه‌كۆسلۆڤاكییا واژوو كرا. سه‌رۆكایه‌تیی كۆبوونه‌وه‌كه‌ وه‌ ئه‌ستۆی میلران سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاتی وڵاتی فه‌رانسه‌ به‌ڕیوه‌چوو.

به‌ پێی ئه‌م په‌یمانه‌ كه‌ به‌ گشتیی له‌ ٤٣٣ ماده‌ پیكهاتبوو كۆمه‌ڵێك پێش مه‌رجی قۆرس له‌ بواره‌كانی ئابووری و سیاسی و گه‌رووه‌ ئاوییه‌كان و مافی وڵاتانی بیانی و كاروباری دارایی ئیمپراتۆریه‌تیی عۆسمانی و چاره‌نووسی گه‌لانی دیكه‌ی ناو ده‌وڵه‌تی عۆسمانی له‌وانه‌ چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌ی كورد و عه‌ره‌ب و ئه‌رمه‌نی دیاریكرا و ئه‌و په‌یمانه‌ به‌ ناچار به‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تی عۆسمانییدا سه‌پێندرا. له‌ ناو ماده‌كانی په‌یمانی سیڤه‌ردا سێ ماده‌ بۆبارودۆخی كوردستان و ناوچه‌ كوردنشینه‌كان ته‌رخانكرابوون كه‌ ئه‌وانیش بریتی بوون له‌ ماده‌كانی ٦٢، ٦٣ و ٦٤ی ئه‌و په‌یمانه‌ كه‌ هاوكات لێژنه‌یه‌كی به‌ریتانیایی، فه‌ڕانسه‌یی و ئیتالیایی چاوه‌دێرییان ده‌كرد به‌ سه‌ر به‌ڕیوه‌چوونی ناوه‌ڕۆكی ئه‌و په‌یمانه‌ له‌و ناوچانه‌دا و دیاریكردنی سنووری ناوچه‌ كوردنشینه‌كان كه‌ زۆربه‌ی دانیشتووانی كوردن تا ئه‌و كاته‌ی بگه‌ن به‌ مافی ئۆتۆنۆمی و سه‌ربه‌خۆیی یه‌گجاره‌كی ناوچه‌كانیان. ماده‌ی ٦٣ باسی ڕه‌زامه‌ندی و قایل بوونی ده‌وڵه‌تی عۆسمانی ده‌كات به‌ مافی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و ناوچه‌ كوردنشیانه‌ و هاوكات ماده‌ی ٦٤ باسی داهاتووی ناوچه‌ كوردنشینه‌كان و وڵاتی كوردستان ده‌كات كه‌ به‌ پێی ماده‌ی ٦٢ دیاریكراون.

گرینگی په‌یمانی سیڤه‌ر له‌وه‌دابوو كه‌ بۆ یه‌كه‌م جار مافی چاره‌نووسی كورد و ناوچه‌ كوردنشینه‌كان له‌ په‌یمانێكی نێوده‌وڵه‌تیی دا دیاری ده‌كران، ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی توێژه‌رانی كێشه‌ی كورد باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ په‌یمانی سیڤه‌ر تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌ و به‌ فه‌رمیی له‌ ڕیگای ده‌ركردنی هیچ بڕیارێكی دیكه‌وه‌ هه‌ڵنوه‌شێتراوه‌ته‌وه‌ و پووچه‌ڵ نه‌كراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام مخابن و به‌ داخه‌وه‌ ته‌نیا ٣ ساڵ دوای گرێبه‌ستی په‌یمانی سیڤه‌ر له‌ سه‌ر پێداگری و له‌ ژێر گوشاره‌كانی ده‌وڵه‌تی عۆسمانی له‌ په‌یمانێكی نوێدا به‌ ناوی "په‌یمانی لۆزان" ناوه‌ڕۆكی په‌یمانی سیڤه‌ر هه‌ڵوه‌شێندرانه‌وه‌ و هه‌موو خه‌ونه‌كانی ئه‌و كاتی نه‌ته‌وه‌ی كورد و ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی ئه‌و كاتی عۆسمانی پووچه‌ڵ كرایه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆیی ناوچه‌ كوردنشینه‌كان و ناوچه‌كانی دیكه‌ی سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تی عۆسمانی خرانه ژێر بیركران و به‌ ته‌واوه‌تی هێلی سووری فه‌رامۆشی و له‌ بیركرانیان به‌ سه‌ردا هێنرا و خرانه ناو لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو و ناسیۆنالیست و نه‌ته‌وه‌خوازانی تورك به‌ ڕێبه‌رایه‌تی مۆسته‌فا كه‌ماڵ ئاتاتۆرك وه‌كوو ڕێبه‌ڕێكی نوێخوازی نه‌ته‌وه‌ گه‌را و سیكۆلار بۆ پێك هێنانی ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌یه‌كی تاك و یه‌ك ڕه‌نگ هه‌نگاویان هه‌ڵهێنا و هه‌وڵیان دا بۆ زیندووكردنه‌وه‌ و وه‌گڕ خستنه‌وه‌ی سساسه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌وڵه‌تی عۆسمانی بۆ یه‌كڕه‌نگ كردنی خاك و نه‌ته‌وه‌ی تۆرك و گۆڕانكاری به‌ سه‌ر ناوی شوینه‌كان و جۆغرافیای وڵاتی توركیه‌ و هه‌موو ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عۆسمانی و توركیه‌ی نوێ و پێك هێنانی ئه‌نجۆمه‌نی نه‌ته‌وه‌یی گه‌وره‌ی توركیه‌ و سه‌پاندنی حۆكمی ئه‌و ئه‌نجۆمه‌نه‌ به‌ سه‌ر هه‌موو خاكی توركیه‌ و ناوچه‌كانی دیكه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی توركیه‌دا.

treaty_of_sevres_1920_02.png

 

سه‌ره‌رای هه‌موو هه‌وڵ و تێكۆشانه‌كانی "شه‌ریف پاشای خه‌ندان"، نوێنه‌ری كورد بۆ كۆنگره‌ی ئاشتی پاریس كه‌ به‌ هه‌وڵه‌ دیپلۆماسییه‌كانی بۆ به‌ستنی په‌یمانی نوێ له‌ گه‌ڵ نۆبار پاشای نوێنه‌ری ئه‌رمه‌نییه‌كان له‌ سه‌رووبه‌ندی كۆبوونه‌وه‌كانی كۆنگره‌ی ئاشتی له‌ پاریس توانی سه‌ره‌نجی وڵاتانی دیكه‌ به‌رامبه‌ر ڕۆڵی ئاشتیخوازانه‌ی گه‌لی كورد ڕابكێشێت، به‌ڵام په‌یمانی سیڤه‌ر به‌ چه‌ن هۆكارێكی گرینگه‌وه‌ شكستی هێنا و تێك شكێندرا و نه‌چووه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ له‌وانه‌ ئه‌توانین ئاماژه‌ به‌ هه‌وڵ و تێكۆشانی هێزه‌ كه‌ماڵیسته‌ توركه‌ فاشیسته‌كان به‌رانبه‌ر به‌و په‌یمانه‌ بكه‌ین كه‌ له‌ ڕاستییدا یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پێك هێنانی بزووتنه‌وه‌ی تۆركی كه‌ماڵیست و هاتنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی كه‌ماڵ ئاتاتۆرك و دواتر گه‌یشتنه‌ ده‌سه‌ڵاتی گشتیی بۆ سه‌ر هه‌موو تۆركیه‌ په‌یمانی سیڤه‌ر بوو. له‌ لایه‌كی دیكه‌ش دژایه‌تیی كردنی یه‌كیه‌تی سۆڤییه‌ت به‌رانبه‌ر به‌ په‌یمانی سیڤه‌ر كه‌ ئه‌و په‌یمانه‌یان وه‌كوو په‌یمانێكی كۆڵۆنیالیستی ده‌زانی و هه‌روه‌ها هاتنه‌ ئارای ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئامریكا وه‌كوو زلهێزێكی نوێی جیهانی دوای شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی كه‌ زیاتر هانی ده‌وڵه‌تی توركیه‌یان ده‌دا بۆ له‌ ژێر پێ نانی په‌یمانی سیڤه‌ر بوو به‌ هۆی ڕووخانی بنه‌ڕه‌تی په‌یمانی سیڤه‌ر و له‌ ژێر پێنانی ناوه‌ڕۆكی ئه‌و په‌یمانه‌ و سڕینه‌وه‌ی له‌ میژووی گه‌لی كورد و مێژووی جیهانییدا.

به‌ڵام به‌ تێپه‌ڕبوونی ڕێك سه‌ت ساڵ به‌ سه‌ر گرێبه‌ستی په‌یمانی سیڤه‌ر و دواخستنی ناوه‌ڕۆكی په‌یمانه‌كه‌ و داخرانی ماده‌كانی ئه‌و په‌یمانه‌، نه‌ته‌وه‌ی كورد مافی چاره‌نووسی خۆی و نیشتمان و نه‌ته‌وه‌كه‌ی پشت گوی نه‌خستووه‌ و به‌ پشت به‌ستن به‌ سیاسه‌ته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان داوای مافی ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌كه‌ی و دیاریكردنی سنووره‌كانی نیشتمان و خاكی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات و پشت ئه‌ستوور و ڕق ئه‌ستوورتر له‌ هه‌میشه‌ به‌رده‌وامه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ مافه‌ ڕه‌وا و پشت گوێ خراوه‌كانی له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی و جیهانییه‌وه‌ و ته‌نیا به‌ پشتیوانی هێزی خۆی درێژه‌ به‌ چالاكی و دژكرده‌وه‌كانی ده‌دات.


مخابن به‌ واژووكرانی په‌یمانی لۆزان ده‌وڵه‌تی تورك توانی ده‌سه‌ڵاتی ڕابردووی خۆی وه‌ده‌ست بهێنێته‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتی بۆ سه‌ر ناوچه‌ی ئاناتۆلیا توند و قایمتر له‌ جاران بگرێته‌وه‌ ده‌ست و بابه‌تی پێك هێنانی ناوچه‌ی سه‌ربه‌خۆ و خۆدمۆختاری كوردنشینی كوردستان له‌ باشووری ڕۆژهه‌لاتی ئاناتۆلیا كه‌ براوه‌كانی شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی له‌ په‌یمانی سیڤه‌ر دا به‌ڵێنیان به‌ كورد دابوو، بۆ هه‌میشه‌ له‌ بیر كرا و توركیه‌ی نوێ به‌ دروشمی یه‌ك وڵات، یه‌ك نیشتمان، یه‌ك ئایین و ئه‌ك زمان و یه‌ك نه‌ته‌وه‌ له‌ ژێر په‌یمانی نوێی لۆزان و به‌ ده‌ستی كه‌ماڵ ئاتاتۆرك پێك هێنرا و دامه‌زرا و مسته‌فا كه‌ماڵ ئاتاتۆرك كه‌ ئه‌و كاته‌ ناوبانگی جیهانی ده‌ركردبوو داخوازییه‌كانی خۆی له‌ زمانی عیسمه‌ت پاشاوه‌ ڕاگه‌یاند و به‌رژه‌وندییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ په‌یمانیكی نوێ دا كه‌ له‌ ساڵی ١٩٢٣ی زایینیدا ڕاگه‌یه‌ندرا واژوو كرد و ناوه‌ڕۆكی په‌یمانی سیڤه‌ر و به‌ڵینه‌كانی دیكه‌ی له‌ ژێر پی دانا و چاره‌نووسی مافی سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌ی كوردی جارێكی دیكه‌ هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و له‌ ژێر پێی نا و بڕیاره‌كانی په‌یمانی سیڤه‌ری پووچه‌ڵ كرده‌وه‌.

 

**************************************   

 

vokradio.jpg

 Voice of Kurdish-American Radio for Democracy, Peace, and Freedom

 
 
قبل >
© 2007 - 1399, VOK Radio