Iranian Culture & Art Club of Fresno
رادیو ده نگی کوردستان له ئامریکا

VOK Radio Newsletter

Name: 
Email:  
Subscribe Unsubscribe

Calendar of Events

« < December 2018 > »
M T W T F S S
26 27 28 29 30 1 2
3 4 5 6 7 8 9
10 11 12 13 14 15 16
17 18 19 20 21 22 23
24 25 26 27 28 29 30
31 1 2 3 4 5 6
No events
Home arrow كه‌‌لتوری و هونه‌‌ری arrow هه‌ڵپه‌ڕكێ , گۆڤه‌ند, شایی یا دیلان؛ نوستراوه ی ئه‌مین خه‌واله
هه‌ڵپه‌ڕكێ , گۆڤه‌ند, شایی یا دیلان؛ نوستراوه ی ئه‌مین خه‌واله چاپ ارسال به دوست
ئه‌مین خه‌واله، VOKRadio, Los Angeles, California, Los Angeles   

هه‌ڵپه‌ڕكێ

 

٢٦amin_khawaleh.jpg ی مانگى ٩ى ٢٠١٨ ی زایینى

ئه‌مین خه‌واله
            
فه‌رهه‌نگ و كولتووری هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌شێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ بنیاتی كۆمه‌ڵگا و زیندوو ڕاگرتنی كولتوور و فۆلكلۆره‌كان بۆ نه‌ته‌وه‌ی داهاتوو مافی هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵگایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی دوا رۆژ به‌ تێڕامان و بیركردنه‌وه‌ خۆی و ڕابردووی به‌ جوانی بناسێت و بزانێت له‌ كوێ وه‌ هاتووه‌ و خاوه‌نی چه‌ مێژوو و فه‌رهه‌نگ و كولتوورێكه‌ و هه‌وڵ بدات بۆ پاراستنی و ناساندنی به‌ نه‌ته‌وه‌كانی دراوسێ.
هه‌ڵپه‌ڕكێ یا گۆڤه‌ند یا شایی یا دیلان به‌ كومه‌ڵێك جووڵه‌ی ریتمیك ده‌گوترێت كه‌ بۆ ده‌ربڕینی خۆشی و شادی یان بۆ هاوخه‌می یان ده‌ربڕینی بێزاری و ڕق و تۆڵه‌ و بڕێك جاریش بۆ سپاس و شوكرانه‌ به‌ جۆری تاكه‌كه‌سی یان به‌ گشتی ده‌كرێت و له‌ گه‌ڵ گوڕینی ریتم و میوزیك شێوازی ئه‌گوڕدرێت.

kurdish_dance_01.jpg
به‌ گشتی هه‌ڵپه‌ركێی كوردی به ‌پێنج به‌شی سه‌ره‌كی دابه‌ش ئه‌كرێت :


هه‌ڵپه‌ڕكێی شایی :
بۆ ده‌ربڕینی خۆشی و شادی له‌ كاتی پێكهێنانی ژیانی هاوبه‌شی خۆشه‌ویستانمان له‌ گه‌ڵ مۆسیقایه‌كی خۆش و ریتمیك و له‌ سه‌ر به‌زمی شاد كومه‌ڵێك كوڕ و كچی گه‌نج به‌ جل و به‌رگی نوێ و زه‌رد و سووری كچان و به‌ شێوازی ڕه‌شبه‌ڵه‌ك یان تێكه‌لاو چه‌نده‌ها شێوازی جوانی هه‌ڵپه‌ڕكێ پێشكه‌شی بووك و زاوا و دۆستان و ئازیزان ئه‌كه‌ن كه‌ به‌ هۆی پێكهێنانی ژیانی هاوبه‌شی ئازیزانیان له‌ شوێنێك كۆبوونه‌ته‌وه‌ و به‌ كۆمه‌ڵ خۆشی و ئاهه‌نگ ئه‌گێڕن.

هه‌ڵپه‌ڕكێی شیوه‌ن : جورێكی تایبه‌ت به‌ ناوچه‌یه‌كی تایبه‌تی كوردستان له‌ ناوچه‌ی كرماشان و ئیلام به‌ ناوی چه‌مه‌ری كه‌ له‌ كاتی له‌ كۆچی دوایی و له‌ ده‌س دانی خۆشه‌ویستێك له‌ بنه‌ماڵه‌یان ئه‌یگێڕن و به‌م شێوه‌یه‌ كه‌ به‌ لای چه‌پ دا ده‌سووڕێن و پیاوانی شین گێڕ سۆرانیه‌كانیان له‌ خۆمی شین هه‌ڵ ئه‌كێشن و له‌ ملیانی ئه‌كه‌ن و به‌ ڕیتمێكی زۆر خاو به‌ لای چه‌پ دا ئه‌چه‌ن و ژنان به‌ شێوازێكی تایبه‌ت له‌ ناوه‌ڕاستی دایره‌كه‌ دا ده‌ستیان بۆ ده‌ره‌وه‌ پێچ ئه‌یه‌ن و له‌ گه‌ڵ وشه‌ی هه‌ی ڕۆ هه‌ی ڕۆ شین ئه‌گێڕن و هاوخه‌می خۆیان بۆ له‌ ده‌ست دانی كه‌سی كۆچكردوو ده‌رده‌بڕن و شیوه‌ن ئه‌كه‌ن.

هه‌ڵپه‌ڕكێی سپاس و شوكرانه‌ : جۆرێكی زۆر كۆنی هه‌ڵپه‌ڕكێ له‌ ئاواییه‌كانی كۆردستان له‌ كاتی به‌رهه‌م هێنانی خه‌له‌ و خه‌رمان بۆ شوكر و سپاسی په‌روه‌ردگاریان به‌ ده‌وری كۆگای خه‌رمان دا ئاهه‌نگیان ده‌گێڕا و به‌م شێوازه‌ سپاسی خۆیان ده‌ردبڕی و دڵخۆشی خۆیان ده‌رده‌بڕی.


هه‌ڵپه‌ڕكێی ره‌زم یا شه‌ڕ :
جۆرێك له‌ هه‌لپه‌ڕكی له‌ ڕابردوویه‌كی زۆر كۆن ئه‌ڵێن كاتێك سۆپای هێزی كوردی له‌ شه‌ڕ به‌رانبه‌ر ئاشووریه‌كان گه‌رانه‌وه‌ به‌ شێوازێكی زۆر جوان شێواز هێرش بردن بۆ سه‌ر دوژمنیان بۆ سه‌رگه‌وره‌ و فه‌رمانده‌كه‌یان گێڕاوه‌ كه‌ چۆن هێرشیان بردووه‌ و كاتی خۆی چۆن به‌رگریان كردووه‌ و له‌ كاتی هێرشی دوژمن چه‌ تاكتیك گه‌لێكیان به‌ كار بردووه‌.

هه‌ڵپه‌ڕكێ عیرفانی یان سه‌ما :
سه‌ما یان سه‌ماع جورێك هه‌ڵپه‌ڕكێی تایبه‌تی بڕێك له‌ ناوچه‌كانی كوردستان و ته‌ریقه‌ته‌كانی قادری و نه‌قشبه‌ندی و پیرشالیاری هه‌ورامانه‌ كه‌ زیاتر وه‌كوو زیكر له‌ خانقاكان دا به‌ كار براوه‌ و له‌ گه‌ڵ ده‌ف و هه‌لهه‌له‌ی ده‌روێشان جورێك زیكری تایبه‌تی پێ كراوه‌.

به‌ڵام به‌ گشتی هه‌ڵپه‌ركێ یان گۆڤه‌ند له‌ شایی و بۆنه‌ خۆشه‌كانی كۆرده‌واری زیاتر به‌ كار هێنراوه‌ و كوران و كچانی گه‌نج به‌ جل و به‌رگی رازاوه‌ به‌ شێوازی ئه‌ڵقه‌ و ده‌س له‌ ناو ده‌ستی یه‌كتری خۆشی و شادی خۆیان ده‌ربڕیوه‌ یه‌كه‌م كه‌سی لای ڕاست كه‌ ده‌سره‌ یان ده‌سماڵێك به‌ ده‌ستیه‌وه‌ وه‌كوو رێبه‌ری گرووپه‌كه‌ به‌ ناوی سه‌رچۆپی یان سه‌رچۆپی گێر كه‌ ڕاسته‌وخۆ خۆلی سه‌ره‌كی شێوازه‌كانی گۆڤه‌ندی گێڕاوه‌ و دواین كه‌س كه‌ ئه‌بێته‌ لای چه‌پ گاوانی پێ ئه‌ڵێن و هه‌موویان به‌ رێتمی ساز و دهۆل یان زه‌رب و جوزله‌ و له‌ ئێستا دا به‌ ئورگ و ده‌یان سازی پێشكه‌وتووی نوێ به‌ لای ڕاست دا به‌ شێوازگه‌لی جۆراوجۆر هۆنه‌ر و جوانیه‌كانی خۆیان نمایش ئه‌كه‌ن.

kurdish_dance_02.jpg پرۆفیسۆر جینۆ ئالفرێد رۆژهه‌ڵات ناس له‌ وه‌سفی هه‌ڵپه‌ڕكێ و گۆڤه‌ندی كوردی ئه‌ڵێت هه‌ڵسووراندنی ده‌سره‌ به‌ ئاسمانه‌وه‌ نیشانه‌ی ئازاد بوونی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌یان ئه‌كات پێ كۆتان به‌ سه‌ر خاك دا نمایش له‌ نیشتمان په‌ره‌ستی و خۆشه‌ویستی خاكی نیشتمان ئه‌كات و تا چه‌ ڕاده‌یك میلله‌تی كورد به‌ستراوه‌ به‌ خاك و خۆڵی نیشتماین خۆیه‌وه‌ جۆری ڕه‌شبه‌ڵه‌ك یان پیاوێك و ژنێك ده‌س له‌ ناو ده‌ستی یه‌كتری یانی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ناو میلله‌تی كورد دا ژن و پیاو هیچ جیاوازیه‌كیان نیه‌ و به‌رابه‌رن و ده‌س له‌ ناو ده‌ست و شان به‌ شانی یه‌كدی نیشانه‌ی هاوئاهه‌نگی و ته‌بایی و برایه‌تیان نمایش ئه‌كات به‌ وته‌ی پرۆفیسۆر جینۆ ئالفرێد ئه‌م شێوازه‌ هه‌ڵپه‌ڕكێ له‌ هه‌موو دونیادا بێ وێنه‌ و بێ هاوتایه‌.


هه‌ڵپه‌ڕكێ له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستانی گه‌وره‌ وه‌كوو داب و نه‌ریتێكی جوان پشت له‌ دوای پشت هاتووه‌ و پارێزراوه‌ راسته‌ شێوازه‌ كۆنه‌كان به‌ پێی گوڕینی جل و به‌رگه‌كان گوڕانكاریان به‌ سه‌ر دا هاتووه‌ به‌ڵام گرم و گوڕتر له‌ جاران وه‌كوو بابه‌تێكی به‌ نرخ بۆ زیندوو كردنه‌وه‌ی كورد و چاوترسێن و تۆقاندنی دوژمنان راگیراون و به‌ جوانی ماونه‌ته‌وه‌ و هه‌ر ده‌م شایی كوردی دوژمن به‌زێن بووه‌ و ویستوویانه‌ هه‌وڵ بۆ له‌ ناوبردنی بده‌ن به‌ڵام به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ و میلله‌تی كورد رۆژ له‌ دوای رۆژ وه‌كوو هه‌ژموونیه‌ك پاراستوویانه‌ و ئاگاداریان لێ كردووه‌ و ته‌نانه‌ت زۆر جار له‌ فێستیڤاڵ و بۆنه‌ تایبه‌تیه‌كان دا بۆ میلله‌تانی ده‌ره‌ویان نمایش كردووه‌ .


هه‌ر به‌شێك له‌ نیشتمانه‌كه‌مان چه‌ن جۆری تایبه‌ت به‌ خۆی وه‌كوو داب و نه‌ریتی ئه‌و ناوچه‌ هه‌ڵگرتووه‌ بۆ وێنه‌ له‌ كوردستانی رۆژهه‌ڵات جوانترین شێوازه‌كان له‌ شاره‌كانی سنه‌ و مه‌ریوان نمایش ئه‌كرێن شێوازگه‌لێك وه‌كوو گه‌ڕیان - له‌بلان - خانه‌میری - فه‌تاح پاشایی - سێ پێ یان سێ جار - قڕه‌پیرێژن - شه‌لان -  چه‌پی و ڕاستی و ده‌یان جۆری دیكه‌یان هه‌یه‌ له‌ باشووری وڵات چه‌ن شێوازی جوانی وه‌كوو بیلانی و گوڵشینی و شێخانی و ملانی و كوتان و قلیچكی و ... زیاتر باوه‌ و له‌ باكووری كوردستانیش شێوازه‌كانی شاری دیاربكر بۆ وێنه‌ ده‌لیلۆ – ئه‌سمه‌رم – چاچان – چه‌پك – دووپێ – مریه‌مۆ – بێری – ته‌شی – پاپۆره‌ و كه‌له‌ك  و له‌شاری وان :  بابله‌كان – بارانه‌ - دلۆ – گوڵێ – سه‌راوان – مه‌یمووكێ – نارێ – سونگوڵ - سنجانێ - كۆچه‌ری – لۆركێ – شیروانێ و مه‌ندۆ و ده‌یان شێوازی تایبه‌ت به‌ ناوچه‌كه‌یان كه‌ زۆر جار جیاوازییه‌كی به‌رچاوی له‌ گه‌ڵ ئه‌و به‌شانه‌ی دیكه‌ و به‌ تایبه‌ت رۆژهه‌ڵات هه‌یه‌. به‌ڵام له‌ راستی دا هه‌موویان یه‌ك بنچینه‌ و یه‌ك بنه‌مای تایبه‌تیان هه‌یه‌ و هه‌موویان بۆ ده‌ربڕینی هه‌ستی به‌شدارانی گۆڤه‌نده‌ به‌رانبه‌ر بینه‌ران و به‌شداربووانی شایی و ئاهه‌نگه‌كه‌ و له‌ هه‌موو پارچه‌كانی كۆردستان شایی و گۆڤه‌ند هاوكاتی له‌ گه‌ڵ رووی خۆش و ده‌م به‌ بزه‌ و پێكه‌نینی سه‌ما كاران بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ستی جوانی خۆیان نمایش بكه‌ن.

گرووپه‌كانی هه‌ڵپه‌ڕكێی رۆژهه‌ڵات پێكهاتوون له‌ ده‌یان گرووپی جوان و به‌ توانا وه‌كوو گرووپی دوانزه‌ سواره‌ی مه‌ریوان و گرووپی هه‌ڵپه‌ڕكێی مه‌هاباد و گرووپی ئاسۆی سنه‌ و چه‌ن گرووپی گه‌وره‌ی دیكه‌ كه‌ شۆناس و كولتووری كوردیان نه‌ك به‌ ته‌نیا له‌ ئێران به‌ڵكوو له‌ هه‌موو دونیا و به‌ تایبه‌تی له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا به‌رز ڕاگرتووه‌ و كولتوور و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌ی كوردیان به‌ دونیا ناساندووه‌ و ساڵیانه‌ له‌ ده‌یان فێستیڤاڵ و كارنه‌ڤاڵی جیهانی دا نمایش پێشكه‌ش ئه‌كه‌ن و چه‌نده‌ها خه‌ڵاتی رێزلێنان و پله‌ی جوانیان بۆ خۆیان مسۆگه‌ر كردووه‌ و شانازی جوانیان بۆ خۆیان و گه‌لی كورد تۆمار كردووه‌.


وه‌ك باسكرا چه‌نێك گۆڤه‌ند و هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردی دوژمن به‌زێنه‌ جل و به‌رگی جوان و رازاوه‌ی كوردیش به‌ ده‌یان جار هێزێكی وزه‌ به‌خش بۆ گه‌لی كورد و بۆ زیندوو ڕاگرتنی مێژووی كورد و هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردی هه‌یه‌ و له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا زیندوو بوونی گه‌لی كورد بۆ دوژمن ئه‌سه‌ڵمێنێت و چاونه‌ترسی و یه‌كگرتوویی و نه‌ته‌وه‌ په‌ره‌ستی میلله‌ته‌كه‌مان نیشان ئه‌دات جل و به‌رگی زه‌رد و سووری ژنان راسته‌ له‌ گه‌ڵ مێژوو دا گوڕانكاری زۆری به‌ سه‌ر دا هاتووه‌ به‌ڵام نمایش له‌ سه‌رزیندوویی ژنان و ئافره‌تانی گه‌لی كورد ئه‌كات و جل و به‌رگی پیاوان وه‌كوو ڕانك و چۆغه‌ی شاڵ و كڵاشی هه‌ورامی و پووزه‌وان و سۆرانی و په‌سته‌كی هه‌ورامانی نیشان له‌ سه‌ربه‌خۆیی میلله‌تێك ئه‌كات كه‌ گه‌لی ئێمه‌ چه‌ن میلله‌تێكی داهێنه‌ر و پێویستی به‌ یارمه‌تی گه‌لانی بن ده‌ست نیه و له‌ كاتی ته‌نگانه‌ دا ئه‌توانێت خۆی و بنه‌ماڵه‌ ‌كه‌ی پۆشته‌ و په‌رداخ بكات و پێویستی به‌ یارمه‌تی كه‌س نه‌بێت و نیشان له‌ سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یه‌ك ئه‌كات.


سروشتی جوانی و سه‌رسه‌وز و ناوچه‌ شاخاویه‌كانی كوردستان له‌ گه‌ڵ به‌روبوومی زۆر و به‌ نه‌رخ ئه‌م ناوچه‌ی له‌ گه‌ڵ هه‌موو ناوچه‌كانی سه‌ر به‌ وڵاتانی ئێران و عێراق و توركیه‌ جیاواز ڕاگرتووه‌ و نه‌ته‌وه‌ی كورد ئه‌توانێت به‌ باشی خۆی بپارێزێت و پێویستی به‌ یارمه‌تی كه‌س نه‌بێت و له‌ كاتی ته‌نگانه‌ دا هه‌موو بژێوی خۆی دابین بكات.


هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردیش وه‌كوو زۆر داب و نه‌ریتی جوانی دیكه‌ هه‌ر وه‌ك به‌یت و حه‌یران و لاوك و هۆره‌ و سیاچه‌مانه‌ گرێ دراوه‌ به‌ رۆح و ره‌وانی نه‌ته‌وه‌ی كورد و كولتوور و فولكلوری ئه‌م نه‌ته‌وه‌ی له‌ خۆ ڕا هه‌ڵگرتووه‌ و بۆته‌ هۆی ناساندنی به وڵاتانی دراوسێ و ده‌ره‌وه‌ و هۆی له‌ ناونه‌چوونی فه‌رهه‌نگی چه‌ن هه‌زار ساڵه‌ی ئه‌م میلله‌ته‌ و گه‌شه‌ كردنی رۆحیه‌ی شاد و زیندووی خه‌ڵكی كوردستان و له‌ لایه‌ك رێزی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ وه‌كوو گه‌لێكی ئازاد و خاوه‌ن مێژووی ره‌سه‌ن و ئه‌و هه‌موو بابه‌ته‌ جوان و به‌ نه‌رخه‌ و فه‌رهه‌نگێكی به‌ نرخ و مێژوویه‌كی جوان كه‌ رۆژ به‌ رۆژ په‌ره‌ ئه‌سێنێت و له‌ ناو ناچێت.

 

**************************************  

 

vokradio.jpg

 Voice of Kurdish-American Radio for Democracy, Peace, and Freedom

 
 
 
< بعد   قبل >
© 2007 - 1397, VOK Radio