Iranian Culture & Art Club of Fresno
رادیو ده نگی کوردستان له ئامریکا

VOK Radio Newsletter

Name: 
Email:  
Subscribe Unsubscribe

Calendar of Events

« < May 2018 > »
M T W T F S S
30 1 2 3 4 5 6
7 8 9 10 11 12 13
14 15 16 17 18 19 20
21 22 23 24 25 26 27
28 29 30 31 1 2 3
No events
Home arrow هه‌رێمه كوردییه‌‌كان arrow که‌رکووک بۆ ئێران و عەفرین بۆ تورکیه‌
که‌رکووک بۆ ئێران و عەفرین بۆ تورکیه‌ چاپ ارسال به دوست
سالا ر حیسامی، VOKRadio, Los Angeles, California, USA   

که‌رکووک بۆ ئێران و عەفرین بۆ تورکیه‌!


salar_baba_shikh.jpgسالار حیسامی

هه ولير- كوردستان


له‌وانه‌یه‌ سه‌ردێڕی ئه‌م شرۆڤه‌ کورته جێی سه‌رسوڕمان بێ! یان ئه‌و پرسیاره‌ هه‌ڵبگرێ‌: که‌رکووک و عەفرین که‌ تا هه‌نوکه‌ش به‌رکه‌وته‌ی وڵاتانی داگیرکه‌ری (عێراق و سووریه‌)ن و له‌ واقیعدا دوو شاری ستراتیژی و زۆر گرینگی باشوور و ڕۆژاوای‌ کوردستانن و کورد بۆ ڕزگارکردنیان گیانبازی کردووه‌ و هه‌زاران قوربانی بۆ داوه‌، چۆن ده‌کرێ ئێران و تورکیه‌ی داگیرکه‌ر، داگیری بکه‌نه‌وه‌؟!

 

karkuk-afrin.jpg

 

وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره،‌ شه‌ن و که‌وی زۆری پێویست نییه‌ و ده‌کرێ هۆکاره‌کانی به‌ چه‌ند خاڵ بخه‌ینه‌ڕوو، له‌وانه‌:

- زۆربه‌ی گه‌مه‌کارانی سیاسی و ئه‌وانه‌ی له‌ چێشتخانه‌ی سیاسیدا، سیاسه‌ت دروست ده‌که‌ن، زۆر جار ته‌نانه‌ت گوێ له‌ توێژه‌ری ئه‌کادیمی و شرۆڤه‌کاری شاره‌زا و متمانه‌پێکراوی خۆشیان ناگرن، ته‌نیا له‌ سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی بڕیار ده‌ده‌ن، شه‌ڕ له‌ خۆیان دوور بێ، ئیدی له‌ کوێ لافاوی خوێن هه‌ڵده‌ستێ و چ کاولکاری و وێرانییه‌کی لێده‌که‌وێته‌وه، به‌لایانه‌وه‌ گرینگ نییه‌!

- ئه‌و هاوکێشه‌یه‌ به‌ ته‌نێ ئێران و تورکیه‌ ناگرێته‌وه‌، زۆربه‌ی وڵاتانی ناوچه‌که‌ و جیهان گیرۆده‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌ن و به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان وای لێکردوون له‌ ئاست کۆمه‌ڵکوژی و تاوانه‌ گه‌وره‌کانی دژی مرۆڤایه‌تی و به‌تایبه‌تی دژی نه‌ته‌وه‌ی کورد، چاویان کوێر و گوێیان کپ و زاریان لاڵ بێ.


- ئه‌مریکا و ڕووسیه‌ و به‌ریتانیا و زۆر زلهێزی دیکه‌ش له‌ به‌ر چاوی ڕه‌شی گه‌لان سامانی خۆیان به‌فیڕۆ ناده‌ن و سه‌ربازی خۆ ناکه‌نه‌ قوربانی، ئه‌وه‌ی ده‌یکه‌ن له‌ پێناوی سه‌روه‌ریی و گه‌شه‌ی ئابووریی و سه‌قامگیریی ئاسایشی خۆیانه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و مێتۆده‌ش به‌رده‌وام ده‌ب


- ڕاگرتنی باڵانس له‌ نێوان هه‌ردوو هێزی مه‌زهه‌بگه‌رای ئیسلامیی ڕادیکاڵ و توندڕه‌وی (شیعه‌ و سوننه‌) و په‌ره‌پێدان به‌ دوژمنایه‌تی ڕیشه‌دار و کۆنی نێوانیان و هه‌ڵلووشینی سامانه‌ سرووشتییه‌کانی وڵاته‌کانیان و دابینکردنی چه‌کی سووک و قورس و کۆمه‌ڵکوژ بۆ پێکدادانی به‌رده‌وامیان، هه‌تا هیچیان توانای بونیادنانی هێزی گه‌وره‌ی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یان نه‌بێ.


- ئێران به‌ ته‌واوی ده‌ستی به‌ سه‌ر سیاسه‌ت و حوکمڕانیی عێراق و سووریه‌دا گرتووه و‌ ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ شکستخواردووه‌(عێراق و سووریه) به‌ زه‌بری میلیشیاکانی سه‌ربه‌ کۆماری ئیسلامیی ئێران(حه‌شدی شه‌عبی، سوپای به‌در، فاتمیوون و... هتد) له‌ سه‌ر پێ ماون و تورکیاش له‌و ده‌ستڕۆیشتووییه‌ پشکی خۆی ده‌وه‌ێ.


- عێراق به‌ فیتی ئێران له‌ سه‌رده‌می نووری مالیکی(سه‌رۆک وه‌زیری ئه‌و کاتی عێراق) پلان و پیلانی دروستکردن و جووڵاندنی هێزی(دیجله‌)ی بۆ داگیرکردنه‌وه‌ی که‌رکووک دانا، ڕه‌زامه‌ندیی تورکیه‌ش به‌ نهێنی وه‌رگیرابوو، به‌ڵام ئه‌مریکا دوای خست. شه‌ڕی داعشی به‌سه‌ردا هات، سوپاکه‌ی مالیکی پێنج فیرقه‌ی ته‌واوی به‌ جبه‌خانه‌ و چه‌کی پێشکه‌وتووی ئه‌مریکییه‌وه‌ پێشکه‌شی چه‌کدارانی دڕنده‌ی داعش کرد و سه‌رباز و ئه‌فسه‌ره‌کانی سوپای عێراق له‌ مووسڵ، چه‌کی سه‌رشان و به‌رقه‌دی خۆیان به‌ جزداشه‌ ده‌گۆڕییه‌وه‌ و هه‌موویان هه‌ڵهاتن. دوای شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش، جارێکی دی داگیرکردنه‌وه‌ی که‌رکووک بوو به‌ به‌رایی(ئه‌وله‌وییه‌ت)ی ئامانجه‌کانی تاران و به‌غدا و ئانکارا..


- عێراق ناچار بوو هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی که‌رکووک به‌ کورد بسپێڕێ، که‌ پێچه‌وانه‌ی سوپای به‌زیوی عێراق، هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ له‌ نه‌به‌ردی ڕاماڵینی تیرۆریستانی داعش، ئاهه‌نگی سه‌رکه‌وتنیان ده‌گێڕا و خاک و خه‌ڵک و پێکه‌وه‌ژیانی هاووڵاتییان به‌ جیاوازی ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ ده‌پاراست، ئه‌وه‌ش کوردی له‌ ده‌وڵه‌تداری و داگیرکه‌رانی کوردستانی له‌ یه‌کدی پتر نزیک ده‌کرده‌وه‌.     
- خۆڕاگریی زۆرینه‌ی دانیشتووانی باشووری کوردستان له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی برسیکردن و بڕینی قووتیان (بودجه‌ و مووچه‌) و پێشێلکردنی ده‌ستووری نوێی عێراق له‌ لایه‌ن حوکمڕانیی به‌غدا و پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی پیلان و هه‌وڵه‌کانی جیاکردنه‌وه‌ی که‌رکووک و سلێمانی له‌ هه‌رێمی کوردستان و سه‌رنه‌گرتنی پیلانی به‌گژیه‌کداکردنی کورد و  سه‌رکه‌وتنی گه‌لپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌رۆک مه‌سعود بارزانی.


- کۆتاییهاتنی داعش له‌ عێراق و بێ منه‌ت و بێ نیازبوونی ئه‌مریکا و عێراق به‌ جه‌نگاوریی پێشمه‌رگه‌ بۆ ڕاماڵینی تیرۆریستان له‌ لایه‌ک و له‌ لایه‌کی دیکه‌وه ‌په‌رته‌وازه‌یی و ناکۆکیی ناوخۆی هێزه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان و نه‌بوونی پلانی هاوبه‌ش بۆ ڕزگاری یه‌کجاره‌کی له‌ بنده‌ستی و نه‌هێشتنی ئاسه‌واره‌کانی کۆیله‌یه‌تی و داگیرکاری.


- هه‌ڵخڵه‌تاندنی چه‌ند نابه‌رپرسێکی سه‌بازیی کورد و خیانه‌تی گه‌وره‌ی 16ی ئۆکتۆبه‌ر و هه‌ماهه‌نگیی سوپای عێراق و سوپای پاسدارانی ئێران و میلیشیاکانی ئه‌و سوپایه‌ له‌ عێراق و ڕێپێدانی ئه‌مریکا، وایکرد‌ جارێکی دی ته‌وای که‌رکووک و به‌شێکی گه‌رمیان و هه‌موو ناوچه‌ کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان که‌ به‌ خوێنی پێشمه‌رگه‌ ڕزگار کرابوو‌ن، داگیربکرێنه‌وه‌ و له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ کۆڕه‌وی کورد و ته‌عریب و کوشتوبڕ و کاولکاری ده‌ست پێ بکاته‌وه‌.


- پیلانی هاوبه‌ش و ڕێککه‌وتنی ئێران، عێراق، سووریه‌ و تورکیه‌ بۆ دابڕانی ته‌واوی خاک و سیاسه‌تی باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ یه‌کدی و ڕێپێدانی ڕووسیه‌ بۆ جێبه‌جێکردنی پیلانه‌که‌ که‌ ئێستا له‌ لایه‌ن تورکیاوه عه‌فرین به‌ر په‌لاماری کۆکوژی که‌وتووه‌.   

  ئه‌گه‌ر واز له‌ پێوه‌ندییه‌ نهێنییه‌کانی پشت په‌رده‌کانیش بهێنین و ته‌نیا سه‌رنجی ئه‌و تڕانزیته‌ دیپلۆماسییه‌ بده‌ین که‌ به‌غدا و تاران و مسکۆ و ئانکارای گرتووه‌ته‌وه‌و له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کان به‌راوردی بکه‌ین، به‌ ئاسانی ئامانج و به‌رنامه و کرده‌وه‌‌کان ده‌خوێندرێنه‌وه‌.
هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای میتی تورکی ماوه‌یه‌که‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌منیی ڕووسیه‌ له‌ مسکۆ ڤۆدکا ده‌خواته‌وه، قاوه‌خواردنه‌وه‌ی وه‌زیرانی هه‌واڵگریی‌ ئێران و ڕووسیه‌ش ساڵیانێکه‌ به‌رده‌وامه‌ و ئه‌مریکاش پێیوایه‌ "بۆ په‌زه‌که‌ جێی مه‌ترسی نین‌!" به‌ڵام زۆری پێ ناچێ، گورگه‌کان په‌لاماری په‌زه‌که‌ش ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ریش بۆیان بلوێ نه‌ک هه‌ر په‌لاماری دۆستان و هاوپه‌یمانانی ئه‌مریکا ده‌ده‌ن، بگره ئه‌مریکاش ده‌که‌نه‌ ئه‌فریقا!!!  


گریمان ئه‌مریکا پشتی سوننه‌ بگرێ و ڕووسیه‌ش پشتیوانی شیعه‌ و عه‌له‌وییه‌کان بێ، کوردیش له‌و نێوانه‌دا بکه‌نه‌ قۆچی قوربانی بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان، به‌ڵام شکی تێدا نییه‌ که‌ خۆشکردنی ئاگری  شه‌ڕی مه‌زهه‌بی و توندڕۆیی له‌ وڵاتانی شوێنکه‌وتووی ئیسلامی سیاسی و ڕادیکاڵدا، ته‌نیا فرۆشی چه‌کی سووک و قورس و دوورهاوێژ و هه‌ڵکشانی داهاتی ئه‌و دوو وڵاته‌ زلهێزه‌ی‌ لێ ناکه‌وێته‌وه‌. ئه‌وه‌ گه‌مه‌یه‌کی زۆر مه‌ترسیداره‌و گه‌مه‌ی شه‌تره‌نج نییه‌ که‌ ئه‌وپه‌ڕی ده‌ستکه‌وتی وه‌ک یه‌کیان هه‌بێ، واته‌ ئه‌نجامی یارییه‌که‌ "پات" بێ! ئه‌وه‌ گه‌مه‌یه‌که‌ که‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و له‌ توونێلێکی تاریکی جه‌هلی سیاسیدا ده‌کرێ، تیرۆر و کۆکوژیی زیاتری لێ هه‌ڵده‌تۆقێ و وه‌ک ساڵانی ڕابردوو به‌رۆکی خۆیانیش ده‌گرێ. له‌ بری ئه‌وه‌ پێویسته‌ عه‌قڵییه‌تی دژه‌ کوردی عوسمانی و سه‌فه‌وی ڕیشه‌کێش بکه‌ن.


عه‌قڵییه‌تی عوسمانی و سه‌فه‌وی (به‌و په‌ڕی ناکۆکیی مه‌زهه‌بیشیانه‌وه) ڕێی تێده‌چێ، واز له‌ یه‌کتر چزاندن بهێنن، به‌ڵام ئه‌و‌ شه‌خته‌به‌نده‌ هزرییه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ کوردو مافه‌کانی بۆ خۆیان دروست کردووه‌‌، پێناچی له‌ مه‌ودای نزیکدا بتوێته‌وه‌ و ئه‌و هزره‌ ناساغه‌ هیچ ریفۆرمێکی تێدا به‌دی ناکرێ. بۆیه‌ گومانیان بۆ کورد نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌ که‌ نه‌ ئه‌م و نه‌ ئه‌و هێڵ، دڵسۆز و پاڵپشتی دۆخی ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌ی کوردیان تێدا نادۆزرێته‌وه‌. له‌ هه‌لومه‌رجێکی له‌و جۆره‌شدا شۆڕش و خه‌بات و به‌رخۆدان ده‌بێته تاکه‌ بژاری کورد ‌و ناوچه‌که‌ش ئارامیی به‌ خۆیه‌وه‌ نابینێ.


له‌ دوماهیدا پێویسته‌ بگوترێ:


له‌م دۆخه‌ هه‌ستیاره‌دا ته‌نیا "هێڵی سێهەم" سه‌رده‌که‌وێ، ئه‌ویش پشتبه‌ستنه‌ به‌ یه‌کڕیزی و هاوهه‌ڵوێستی و ناشتنی‌ دووبه‌ره‌کی و لووتبه‌رزی و یه‌کتر قبووڵنه‌کردن.. هه‌روه‌ها به‌ له‌گۆڕنانی چه‌واشه‌کاری و فریوخواردن و پاساوهێنانه‌وه‌ بۆ هه‌ڵه‌ و خیانه‌ته‌کان، ده‌توانین هێڵی سێهەم سه‌ربخه‌ین، که‌ هێڵی فه‌رزکردنی ئیراده‌ی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ به‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی شه‌خسی و حزبیدا و ده‌کارێ سنوورێکیش بۆ پۆپۆلیسته‌کانی ناوخۆ دابنێ، که‌ ده‌ستکه‌وته نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ده‌به‌نه‌ سه‌ر مێزی قومار و له‌ به‌ر پێی داگیرکه‌ری خاک و نه‌یاری گه‌ل و وڵاتدا سه‌ری مه‌لی هیواکان ده‌بڕن!!!   

**************************************  

vokradio.jpg

 Voice of Kurdish-American Radio for Democracy, Peace, and Freedom

 
 
 
< بعد   قبل >
© 2007 - 1397, VOK Radio