Iranian Culture & Art Club of Fresno
رادیو ده نگی کوردستان له ئامریکا

VOK Radio Newsletter

Name: 
Email:  
Subscribe Unsubscribe

Calendar of Events

« < February 2018 > »
M T W T F S S
29 30 31 1 2 3 4
5 6 7 8 9 10 11
12 13 14 15 16 17 18
19 20 21 22 23 24 25
26 27 28 1 2 3 4
No events
Home arrow کوردی arrow بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوان فیدراڵیزم و سەربەخۆی‌دا
بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوان فیدراڵیزم و سەربەخۆی‌دا چاپ ارسال به دوست
Azad Moradian   

بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوان فیدراڵیزم و سەربەخۆی‌دا

  kameran_aminave.jpg

دكتور کامران ئەمین ئاوە

كولن- ئالمان

  

- ئەم وتارە لە ريكه وتى، ٢٠ی ژانویەی ٢٠١٨له رێورەسمی رۆژی کۆمەڵە لە شاری کۆڵنی ئاڵمان پێشکەش کراوە.

 

پیش دەستپێکی وتەکان ڕێگام بدەن بە بۆنەی ڕۆژی دامەزراندنی کۆمەڵە پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ئێوە ئازیزان و دڵسۆزانی مافی نەتەوەیی کورد بە‌گشتی، هەروەها تەواوی ئەو شۆڕشگێرانە بکەم کە لە ژێر ناوی کۆمەڵەدا درێژە بە خەباتی خۆیان لە پێناوی مافی چارەی خۆنووسین، ئازادی، دێموکراسی و دادپەرەری کۆمەڵایەتی، یەکسانی ژن و پیاو، هەروەها ئاشتی و سۆسیالیزم دەدەن. هاوکات سپاسی بەرێوەبەرانی ئەم سمینارە دەکەم کە ئەم دەرفەتەیان ڕەخساند هەتا بتوانین لە فەزایەکی دۆستانەدا ئاڵوگۆڕی بیرو ڕا بکەین.

باسەکەی من سێ تەوەرە لەخۆ دەگرێتەوە:

- یەکەم ئامانجی سەرەکی ئێمە وەکو کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،

- دووهەم مەسەلەی ئێرانی بوونی کوردی ڕۆژهەڵات و پاراستنی تەواویەتی ئەرزیی،

- سێهەم ئەرکی ئێمە وکو کورد لە پێوەندیی لەگەڵ ئاڵوگۆرەکانی دادێی ئێران و هەرچەشنە ڕاپەڕینێکی جەماوەریی.

 

kamran_aminaveh.jpg

 


بۆ چوونە نێو بابەتەکە بە پێویستی دەزانم لەسەرەتادا بە کورتی باس لە مێژووی گۆڕانکاری و قۆناخە‌کانی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین تا ببینین لە کوێەوە دەستمان پێکردوو و ئێستا لەکوێ ڕاوەستاوین.

ئەگەر ئێمە ئاورێک لە مێژوو و ڕەوتی بزووتنەوەی کورد لە دوو سەدەی ڕابردوو بدەینەوە، دەبینین بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد بە پێی هەلومەرجی کوردستان و جیهان چەند قۆناخی تێپەراندوە. واتە

 - خەبات بۆ سەربەخۆیی و یەکگرتنەوەی هەموو بەشەکانی کوردستان،

- خەبات بۆ سەربەخۆیی پارچەیەکی کوردستان،

- خەبات بۆ مافی شارۆمەندی و فەرهەنگی،

- هەروەها خەبات بۆ خودموختاری سیاسی، ئابووری لەو وڵاتێکی دێموکرات یان فیدڕاڵدا.

مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی بە پێناسەی ئەمرۆیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەوپەڕەی خۆیدا نزیکەی ١٥٠ ساڵ لەخۆ دەگرێتەوە. بزووتنەوەی کورد هەتا کۆتایی هاتن بە حکوومەتە خۆجێی‌یەکان یان میرنشینەکانی کورد لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە، بزوتنەوەیەکی ڕزگاریخوازانەی فئودالی بووە نەک ڕزگاریخوازانەی “نەتەوەیی”. بە‌گشتی تا کاتێک میرەکانی کوردستان لەسەر بنەمای سیستمی عەشیرەیی باوکسالار – فئوداڵی دەیان حکوومەتی بە هێزی خۆجێیان بووە، هەستیان بە ستەمی نەتەوایەتی بە مانای ئەمڕۆیی نەکردوە.


بەڵام پەرەسەندنی خاوەنداری خۆیی و سیستمی شتومەک – پارەیی، هەڵوەشاندنەوەی پەیتا پەیتای سیستمی عەشیرەیی و فئودال، یەکجێ‌کردن و کۆکردنەوەی دەستەڵات لە ناوەند، کەمکردنەوە و پاشان کۆتایی‌هێنان بە دەستەڵاتی تەواو یان نیوە سەربەخۆی حکوومەتە خۆجێی‌یەکان بوو بە هۆی سەرهەڵدانی سیاسەتی جیاوازی‌دانان لە بوارەکانی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، فەرهەنگی و شکڵ گرتنی ستەمی نەتەوایەتی و سەرهەڵدانی بەرەنگاریی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی “نەتەوەیی” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

هەتا سەرەتاکانی دەیەی چوارمی سەدەی بیستەم، سەربەخۆیی و یەکگرتنەوەی هەموو بەشەکانی کوردستان، دروشمی سەرەکی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کورد بووە و سەرۆک عەشیرەکان ڕێبەری ئەم جولانەوەیە بوون.
بەڵام پێکهاتنی حیزبی ئازادی (ئازادیخوازی) کوردستان(١٩٣٨)، کۆمەڵەی ژ – کاف (١٩٤٢) و پاشان حیزبی دیموکراتی کوردستان (١٩٤٥) لە دەیەی چوارمی سەدەی بیستەم‌ تا ڕادەیەکی زۆر بزووتنەوەی کوردی خستە ژێر ڕێبەرایەتی بەشێک لە ڕووناکبیرانی ئەو کاتەی کوردستان کە هەستێکی بە‌هێزی سەربەخۆیی‌خوازییان هەبووە.

دامەزراندنی دەوڵەتی کۆماری کوردستان سەرلوتکەی ئەم بزووتنەوەیەیە. بۆ ھەوەڵین کەڕەت لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد کەوتۆتە دەست ڕووناکبیری ئەو کاتە و حیزبی شیاوی خۆی بۆ خوڵقاوە .ئامانجی سەرکی ئەم بزووتنەوەیە دامەزراندنی کۆمارێکی سەربەخۆ لە بەشێک لە خاک و نیشتمانی داگیرکراوەی کورد بووە.

سەرکوتکردن‌و ڕووخاندنی کۆماری کوردستان هاوکاتە لەگەڵ کۆتایی‌هاتن بە قۆناخی سەربەخۆیی‌خوازی لە کوردستان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن و دەستپێکی خەبات بۆ مافی شارۆمەندی، ئازادی و دێموکراسی و خودموختاری فەرهەنگی و ئیداری ، هەروەها سوسیاڵیزم لە ئێراندا.

لە نیوان ساڵەکانی ١٩٤٧هەتا سەردەمی سەرکەوتنی ڕاپەرینی ئێران لە فوریەی ١٩٧٩، حدک تەنیا حیزبێک بوو کە خەباتی بۆ وەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرد، ئەو حیزبە سەرەڕای ئەوەی کە بە شوێن روخاندنی ڕژیمی پاشایەتی و دێموکراسی لە ئێران بوو، بەڵام ئامانجی سەرەکی ئەو بە پێی پێرەو و پرۆگرامەکەی، گەیشتن بە خودموختاری بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە.

پێش شۆڕشی ٥٧ بەشێک لە رووناکبیرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بیری چەپی مائۆیی لە دەوری ڕێکخراوەیەک بە ناوی “تەشکیلات” (١٣٤٨ هەتاوی/١٩٦٩ زایینیی) کۆبوونەوە کە لە دادێدا بوو بە بەستێنێک بۆ دامەزراندنی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران. سەرکەوتنی ڕاپەرینی گەڵانی ئێران و کۆتایی دەستەڵاتداریەتی حکوومەتی پاشایەتی، بوو بە هۆی هاتنە دەرەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە حالەتی یەک حیزبی و دەستپێکی کار و چالاکی ڕەسمی و ئاشکرای کۆمەڵە و دوو جەمەسەری بوونی فەزای سیاسیی کوردستان. لە لایەک حیزبی دێموکراتی کوردستان چارەسەریی کێشەی کوردی بە دیموکراسی لە ئێرانەوە پێوەند دەدا، لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵە چارەنووسی کورد و بزوتنەوەی مقاومەتی کوردی بە خەباتی چینایەتی و بزووتنەوەی کرێکاری لە ئێرانەوە دەبەست. سەرهەڵدانی کۆمەڵەش گۆڕانکاری‌یەکی لە درووشمی بزووتنەوەی کورد پێک نەھێنا و خودموختاری ھەر وەکوو دروشمی سەرەکی کورد مایەوە.

لە سەرەتاکانی سەدەی ٢١ – وە خەبات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی فیدراڵ لە ئێراندا بۆتە ئامانجی بەشێکی بەرچاو لە حیزبە کوردستانی‌یەکان. کۆمەڵەکان [واتە کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان(٢٠٠١ز.) کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان(٢٠٠٩ز) و ڕەوتی سۆسیالیستی کۆمەلە (فراکسیۆن- ٢٠١٠ز)،] هەر کام بە چەشنێک وێرای بە ڕەسمی ناسینی مافی جیابوونەوە و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ، لە بارودۆخی ئێستادا، فیدراڵیزم بە دروشمی گونجاو لەقەڵەم دەدەن.

ئامانجی حدکا و حدک –
یش دابینکردنی مافی نەتەوەیی کوردی ڕۆژهەڵات لە چوارچێوەی سیستێمێکی دێموکراتیکی فیدراڵی‌ لە ئێران دایە. لە بەشی ئامانجە گشتی‌یەکانی بەرنامەی دێموکراتەکاندا، بە پێچەوانەی کۆمەڵەکان، ڕاشکاوانە باس لە مافی جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان نەکراوە. تەنیا لە پێشەکی بەرنامەی حدک پەسەندکراوی کۆنگرەی ١٦ بە چەشنێکی ناڕاستەوخۆ باس لەوە دەکرێت کە “مەسەلەی نەتەوایەتی کورد تەنیا کاتێک بە تەواویی چارەسەر دەکرێ کە ڕەوتی سروشتیی خۆی ببڕێ و ویستی ئازادانەی نەتەوەی کورد بکا بە بنچینە.”

دروشمی سەرەکی چەند حیزبێکی کوردستانی وەکو پارتی ئازادی کوردستان‌، پارتی سەربەخۆیی کوردستان ‌و پارتی سەربەستی کوردستانیش کە لە تاراوگە و دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتوون سەربەخۆیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.


………


هەڵبژاردنی دروشمی سەرەکی بۆ ڕێکخراوەیەکی کوردستانی دەتوانێ پێوەندیی بە چەند خاڵێکەوە هەبێ:


١. هەبوونی ستراتێژی‌یەکی نەتەوەیی بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و کیانی کورد یاخود باوڕ بە چارەسەری کێشەی نەتەوەیی لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵدا.
٢. ڕادە‌ و ئاستی ئاگایی نەتەوەیی کە وەک بەشێک لە ژیان ‌و فەرهەنگی کۆمەڵگا پێکهێنەری هەست‌‌و سۆزێکی تایبەتی بۆ کۆتایی‌هێنان بە ستەمی نەتەوەی‌یە.
٣. ڕادەی توانایی حیزبە‌کوردستانی‌یەکان بۆ جەماوەری‌کردن، کۆکردنەوە‌و ڕێکخستنی خەڵک لە دەوری دروشمەکانیان،
٤. هاوسەنگی هێزی کورد لەبەرامبەر دەوڵەتی داگیرکەردا.
٥. مسۆگەڕکردنی پشتیوانی وڵاتە زڵهێزەکانی جیهان لە خەباتی گەڵی کورد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی هەتا ئاستی جیابوونە‌ و پێک‌هێنانی کیان‌و سەروەری کورد.


ئەگەر بیرۆکەی مافی شارۆمەندی‌‌و خودموختاری فەرهەنگی‌ وەڵانێن، لەوەدەچێ چەند بۆچوونێک لە نێوان ڕووناکبیرانی کورد لەیەک جیا بکرێتەوە:

- یەکەم، دامەزراندنی وڵاتێکی فیدراڵ، پابەندبوون به بنەماكانی یەكسانی و پێكەوەژیان، هەروەها دابینكردنی مافی نەتەوەكان لە چوارچێوەی ئێراندا کێشەی کورد چارەسەر دەکات.
- دووهەم،‌ لەم قۆناخەدا تەنیا سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی ڕێگای چارەسەرکردنی کێشەی کوردە. بە‌پێی ئەم باوەڕە هەر چەشنە بیرێکی فیدراڵ‌خوازی دەتوانێ کۆسپێک بێ لە سەر ڕێگای گەیشتن بە سەربەخۆیی.
- سێهەم، پێکهاتنی دەوڵەتی فیدراڵ یان هەر چەشنە حکوومەتێکی دێموکراتیک لەسەر بنەمای دێموکراسی ڵیبڕاڵی دەکڕی وەکو قۆناخێک لە ڕەوتی مسۆگەرکردنی مافی چارەنووسی کورد لەبەرچاو بگیرێ.

ئەزموونی بەشێک لە وڵاتە دێموکراتەکانی ڕۆژئاوا و کەنادا پێشانی داوە کە بوونی دێموکراسی بە مانای چارەسەرکردنی یەکجاریی کێشەی نەتەوەیی نی‌یە، کێشەی کوبێک، کاتالۆنیا، سکاتلەند، هەروەها فەرانسوی و هۆلەندیەکانی بلژیک نموونەی بەرچاوی مانەوەی کێشەی نەتەوەیی لە وڵاتێکی دێموکراتیک یان فیدراڵدایە.


بەڵام هاوکات ئەستەمە وڵاتێکی سەربەخۆش بە چەشنێکی خۆویست و بێ‌بەستێنی زەینی و بابەتی(عەینی) بێتە دی. هەر ئاڵوگۆڕێک لە جوغرافیای سیاسی وڵاتێکدا پێویستی بە هاوسەنگی ‌هێز، ئیرادەی بە هێزی نەتەوەیی، ڕێبەرییەکی کارزان، کارامە و بوێر، ئامادەکردنی زەمینەی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئابووریی، هەروەها پشتیوانی جیهانی هەیە، دەنا بە چەشنێکی خۆ ویست هیچ ئاواتێکی گەورە وەدی نایە و ئاکامێکی ناخۆش و تاڵی بە شوێنەوە دەبێ کە دەتوانێ زەبرێکی مێژوویی لە بزافی کورد و ژیانی ئاسایی خەڵک بدات و ئەوان تووشی دڵساردی و پاسیف بوون و بێ متمانەیی بە خۆ و حیزبە کوردستانی‌یەکان بکات.


من لەسەر ئەو باوەڕەم کە ئێمە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی، پێویستیمان بە سەردەمی تێپەرین هەیە، و لەم پێناوەدا دەوڵەتی فیدراڵ یان هەر چەشنە دەوڵەتێکی سکوڵار یان دێموکراسی‌یەکی لیبراڵی کە فرەنەتەوەیی بوونی ئێران و کێشەی نەتەوەیی بە ڕەسمی بناسی، نەک نابێتەکۆسپ، بەڵکوو دەرفەت و بەربوارێک دەبێت بۆ پەرەسەندنی دێمۆکراسی، ئازادی، مسۆگەڕکردنی بەشێکی بەرچاو لە ویستە دێمۆکراتیکە‌کان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاگایی خەڵك لە تەواوی بوارەکانی ژیان و یەک لەوان ئاگایی نەتەوەیی.


چارەسەری کێشەی نەتەوەیی‌و گەیشتن بە سەربەخۆیی ڕێگەیەکی ساف‌ وبێ لەمپەر نی‌یە و لە کورت‌خایەندا بە حاڵەتێکی خۆ ویست وەدی نایە. پێویستە بۆ گەیشتن بۆ ئەم ئامانجە بارودۆخی‌ فەرهەنگی ‌و‌ کۆمەڵایەتی‌ مسۆگەر بکرێت تا خەڵکی بە ئاستێک لە ئاگایی نەتەوەیی بگەن کە بتوانن بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن.


حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بێ لەبەرچاوگرتنی دروشمی کاتیی یان درێژخایەن [فیدراڵی، کۆنفیدراڵی یاخود سەربەخۆیی] بۆ بردنە‌سەرەوەی ئاگایی نەتەوەیی ‌و کۆکردنەوەی خەڵک‌و ڕێکخستنیان لە نێو پێکهاتە جۆراوجۆرە سیاسی ‌و مەدەنی‌یەکاندا، پێویستیان بە بارودۆخێکی ئازاد و دیموکرات هەیە تا بتوانن کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لە ژیانی ڕۆژانەی گەڵەکەیان هەبێ و ویستی سەربەخۆیی بکەنە مەلەکەی زەینی هەر نیشتمان‌پەروەرێکی کورد. خەڵکی کورد دەبێ بە پێی کاریگەریی حیزبە کوردستانی‌یەکان و ئەزموونی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان بەم باوڕە بگەن کە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان لە بەرژەوەندیی درێژخایەنی ئەواندایە و پێویستە وەک خەڵکی کاتالۆنیای ئیسپانیا لە پشت ڕێبەرانی ڕاستەقینەی خۆیان بوەستن یان بە پێچەوانە وەک خەڵکی سکاتلەند ئەو مافەیان هەبێت کە دەنگی نەرێنی بە جیابوونەوە بدەن و بەرژوەندی خۆیان لەمانەوەی ناو ئێراندا ببینن. واتە ئەمە خەڵکە کە لە کۆتاییدا دەبێ دەنگ بە چارەنووسی خۆی بدات!


بێ‌گومان نەبوونی ئازادی، دێمۆکراسی و میکانیزمی قانوونی بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیخوازانەی کێشەی نەتەوەیی، هەروەها درێژەپێدانی سیاسەتی سەرکوتکەرانەی دەسەڵاتی ناوەندیی، تەنیا دەبێتەوە هۆی ئاڵۆزتربوونی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم وڵاتانە و ڕادیکاڵیزەبوونی هەر چی زۆرتری بزافی ڕزگاریخوازانەی کورد.

لە درێژەی قسەکاندا پێویستە بە کورتی باس لە مەسەلەی ئێرانی بوونی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پاراستنی تەواویەتی ئەرزی ئێران بکەین.

ئەوە بۆ هەمووان ڕوونە کە پاش شەڕی چاڵدران (ئاگوستی ١٥١٤ز)پتر لە ١٦٠ هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشە لە خاکی کوردستان کەوتۆتە نێو چوارچێوەی جوغرافیای سیاسی ئێرانەوە. ئێرانێک کە هەتا کۆتایی دەستەڵاتداریی قاجارەکان وەکو مەمالیکی پارێزراوی(محروسە) ئێران پێناسە دەکرا. ئێران ولاتێکی ملوک الطوایفی واتە خان خانەکی بوو، بە وتەی ویکتۆر برار زانای فەرانسەوی، ئێرانی کاتی قاجار “نە میللەت بوو و نە دەوڵەت”.


پێکهێنانی ئێرانی ئەمڕۆ و لەناوبردنی حکوومەتە خۆجێیەکان نە بە ویستی گەلانی ئەم وڵاتە، بەڵکوو ئاکامی سەرکوت و کوشتنی بە کۆمەڵ لە لایەن ڕەزاشا و و جێنشینەکانی شایی و مەلایی ئەوەوە بووە کە هەوڵیان بۆ پێکهێنانی یەک دەوڵەت و یەک نەتەوە یاخود ئومەتی ئیسڵامی داوە. هەر ئەمە پێشاندەری ئەوەیە کە وڵاتی ئێران لەسەر بنەمای زوڵم و زۆر و بە شێوەیەکی نادیموکراتیک پێکهاتووە. تەنیا لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی ڕەزاشا و بە ئەمری سپهبود ئەمیر ئەحمەدی پتر لە ١٠ هەزار کورد کوژراون و پتر لە ٤ هەزاریش ڕەوانەی بەندیخانەکان کراون، یان لە کاتی كۆچی بە زۆری جەلالییەکانی لای ماکۆ بۆ ئیسفەهان و قەزوین لە ساڵی ١٩٣٦ دا، سەتا ٤٠ی ئەم خەڵکە لە ڕێگا تێداچوون. ئارداشس ئاوانسیان کمۆنیستی بە ناوبانگی ئەرمەنی ئێرانی کە لە سەردەمی ڕەزاشادا گیرابوو، لە یادداشتەکانی زینداندا بەم چەشنە باسی کوردەکان دەکا: لە بەندیخانەی ناوەندی هەمیشە سەدان کورد و لۆڕ زیندانی بوون. لۆڕەکانیان زۆرتر بە تاوانی یاخیەتی یان ڕێگەریی دەگرت و کوردەکانیان زۆرتر بە تاوانی بەشداری لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانە و نەتەوەیی کورد. ڕۆژێک ٥٠٠ کوردیان بۆ بەندیخانە هێنا، ژمارەی ئەوان ئەوەندە زۆر بوو کە تەنانەت دەرفەت بۆ ئامادەکردنی دۆسیە(پەروەندە) و لێ‌پرسینەوەیان نەبوو. بۆ ئەوان حوکمی گەلەکۆیی دەدا، واتە بە پێی قورسایی لەش و قەد حوکمیان بۆ دەبڕینەوە، بۆ ئەوانی کە قەدیان بڵێند بوو حوکمی هەتاهەتایی، بۆ نیونجی‌یەکان ١٥ ساڵ و بۆ کورتەباڵاکان هەشت ساڵ.


بە پێی ئەو ئامارانەی کە لەبەردەست دان، کورد پتر لەسەتا ١١ی دانیشتوانی ئێران پێک دەهێنێ. کوردی ڕۆژهەڵات یان نەتەوەکانی دیکەی ئێران بە پێچەوانەی بۆچوونی شوڤینیست و تەواوخوازەکانی ئێرانی کە باسی یەک وڵات و یەک نەتەوە دەکەن، تەنیا لە ڕوانگە‌ی حقووقی و شارۆمەندییەوە وەکو ئێرانی پێناسە دەکرێن، بەڵام لە ڕوانگە‌ی ئەتنیکییەوە، نەتەوەیەکی جیان کە لە چوارچێوەی جوغرافیای سیاسی ئێراندا دەژین، بەم هۆیەوە ئێران وەکو وڵاتێکی فرەنەتەوەیی پێناسە دەکرێ.


لە وڵاتە چەند نەتەوەییەکانی ئەوروپا بۆ وێنە سویس و بلژیک یاخود کەنادا، بۆ فەرەنسەوی، ئیتالیایی و ئەڵمانییەکان یاخود هۆڵەندییەکانی ئەم وڵاتانە، سویسی، بلژیکی یاخود کەنادایی بوون نە حاڵەتێکی ئەتنیکی، بەڵکو مافێکی حقووقی و شارۆمەندییە کە دەتوانی لە کاتی تێکچوونی سیستمی فیدراڵی و کۆنفیدراڵی یان بە شوێن ڕێفراندۆم و جیابوونەی یەکێک لەم نەتەوانە بگۆڕدرێ.

لە ئێران، سەرەرای زاڵبوونی سیستمێکی ناوەندخواز، ئەندامی هەر نەتەوەیەک سەرەڕای مافی شارۆمەندی ئەم وڵاتە، پێناسەی ئەتنیکی خۆی هەیە و مافی ئەو نەتەوەیەیە بۆ وەدەسهێنانی ئەم مافە پەسەندکراوە جێهانییە کە لە لایەن حکوومەتەکانی ئێرانەوە پێشێلکراوە، خەبات بکات و بە پێی بەرژوەندی و ئاستی ئاگایی نەتەوەیی خۆی بڕیار بۆ بوون یان نەبوون لەم چوارچێوەیەدا بدات. هەرچەند تا کاتێک کورد لە نیو ئەم کۆیەدا بێ، چارەنووسی بە شێوەی سیستمی دەستەڵاتداری لەم وڵاتەوە بەستراوتەوە و لایەنی شەڕ یان وتووێژ کردنی لە هەر حاڵەتێکدا تارانە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نی‌یە کە کورد یان هەر نەتەوەیەکی نافارس لە کاتی دانوستان لەگەڵ هێزە سەرانسەرییەکاندا، هەر لە ئیستاوە باوەڕی خۆی بە تەواویەتی ئەرزی ئێران چ بە مەرج یان بێ مەرج بسەڵمێنێ. ناکرێ باس لە مافی جیابوونەوە بکرێ و هاوکات سوێند بۆ پاراستنی سنورەکانی ئێران بخورێت؛ ئەم دوو حاڵەتە پیکەوە تەباییان نی‌یە و لە دوارۆژیشدا هەر ئەو کێشەیە بۆ ئێمە پێکدێنێ کە بۆ باشوری کوردستانی پێکهێنا. ئەم مافە وەک پرەنسیپێک پێویستە لە دانوستانەکانی کورد لەگەڵ هێزەکانی ئێرانی ڕەنگدانەوەی بێ.

لە کۆتایی‌دا ئەم پرسە دێتە پێش، ئێمەی کورد ئێستا دەبێ چی بکەین و چۆن بەرەوپیری ئاڵوگۆڕانەکانی دادێی ئێران برۆین؟

لەم دووایانە ئێمە بۆ هەوەڵ کەرەت، پاش نزیکەی ٤ دەیە لە دەستەڵاتداریی حکوومەتی ئیسڵامی ئێران شایەدی ڕاپەرینێکی بێ‌وێنە لە بەشێکی بەرچاو لە شارەکانی ئێران بووین، کە تەنانەت چەند شارێکی کوردستانیشی گرتەوە. ئەستەمە لە ئێستاوە پێش‌بینی بکرێ چ کاتێک شۆڕشێکی دیکە سەرهەڵدەداتەوە، و تا چ ڕادەیەک پەرەدەسێنی و دەتوانێ بۆ بەشەکانی دیکەی ئێران پەل باوێژێ و رادیکالیزە بکرێ! بەڵام ئەوەی ڕوونە، ئەوەیە کە درەنگ یان زوو بە پێی ئەو قەیرانە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووریانەی کە لە ئێراندا هەیە، دەبێ چاوەڕەوانی گۆڕانکاریی جیددی لەم وڵاتە بین. بە پێی ئامارەکانی بانکی ناوەندی ئێران ئاستی ئابووری بنەماڵەکانی ئێرانی لە دە ساڵی ڕابردوودا تا سەتا ١٥ دابەزیوە، بە پێی قسەکانی عبدالرضا رحمانی فضلی وەزیری ناوخۆی[کشور] ئێران ڕێژەی بێکارەکان لە بەشیک لە شارەکان لە سەتا شەستە، هەروەها مامناوەندی ڕادەی خواردنی گۆشت، ماسی، نان، برینج و شیر لەم دە ساڵەدا لە سەتا ٣٠ هەتا ٥٠ کەمی کردوە. مەودای خەرجی نیوان پارێزگای تاران و پارێزگاکانی دیکەی ئێران بەڵانی‌کەم دووقات زیادی کردوە، و جیاوازی بودجەی بنەماڵەکانی تارانی و پاریزگاکانی دیکەی ئێران لە سەتا ٤٥ لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی بە سەتا ٨٧ لە ساڵی ١٣٩٥ گەیشتووە، سرنجراکێش ئەوەیە کە وەزعی بنەماڵەکانی پارێزگای لۆڕستان و کوردستان بە بەراوەرد لەگەڵ پاریزگاکانی دیکە، لە ئاستێکی نزمتردایە. ئەوەیە کە بەشێکی بەرچاو لەو جەماوەرەی کە ڕژانە سەر شەقامەکان و هاواریان دەکرد “خامنەای خدایی می‌کند ملت گدایی می‌کند” خەڵکی زەحمەتکێش،گەنج، و خوێندەواری ئەم کۆمەڵگایەن کە هیچ داهاتوویەک بۆ خۆیان لە چوارچێوەی حکوومەتی ئیسڵامی ئێراندا نابینن.

بە پێی وتەکانی عباس جعفری دادوەری تاران مامناوەندی تاوانبارەکانی شۆڕشی ئەم دووایانە لە نێوان ١٨ هەتا ٣٥ ساڵ و زۆربەیان لە چین و توێژی خوارەوەی کۆمەڵگا و خەڵکی کەم داهاتن. کاتێک رووحانی باس لەوەی دەکا ئەوانەی کە هاتوونەتە سەرشەقامەکان نەک لەبەر کێشەی ئابووری بەڵکوو لەبەر نەبوونی فەزایەکی ئازادی سیاسیشە، ئەوە بۆخۆی پیشاندەری ئەو راستیی‌یەیە کە خەباتی خەڵکی ئێران بە پێی ئەو دروشمانەی کە دەدرێ، گەیشتۆتە قۆناخێکی تازەوە و مەسەلەی گۆڕینی دەستەڵات بۆتە کێشەی سیاسی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ئێران و قۆناخی متمانە بە باڵی ئەسلاح‌خوازەکانی تێپەراندوە.

لەم حاڵەتەدا بە باوەڕی من پێویستە کورد بە گشتی لەم چەشنە شۆڕشانە پشتیوانی بکات، و حیزب و کەسایەتی‌یەکانی کوردستانی بۆ هاوپشتی و هاوڕیزی لەگەڵ گەلانی مافخوازی دیکەی ئێران و لە پێش هەموویاندا ئازەربایجاییەکان تێبکۆشن و بە پێکهێنانی بەرە یان هەر چەشنە پێکهاتەیەکی هاوبەش بە یەک دەنگەوە بەرەو پیری ڕووداوەکان بڕۆن. بە داخەوە پاش ڕاپەرینی ئەم دوواییە سەرەڕای ئەوەی کە پێنج حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بارگای حدک کۆبوونەوە، بە داخەوە نەیانتوانی بەیاننامەیەکی هاوبەش بدەنە دەرێ.

لە راستی‌دا ئیتر جێگا بۆ پاوانخوازی و بیانوگرتن نەماوە، کورد ئەگەر تەبا و یەکدەنگ نەبێ ناتوانێ لە گەمەی سیاسی داهاتودا سەرکەوتوو بێ و بە ویستەکانی خۆی بگات. هێج هێزێکی ناکوردیش بە هینمان ناگرێ ئەگەر یەک دەنگ و یەک هەڵوێست نەبین و کۆنسێپتێکی نەتەوەیی‌مان نەبی!

قورسایی کورد لە هەر ماملەیەکی سیاسی چ پێش ڕووخان و چ پاش ڕووخانی حکوومەتی ئیسڵامی لە تەبایی نەتەوەیی و کۆدەنگی حیزبەکان لەسەر خاڵە هاوبەشەکانیانە. ئەگەرحیزبە کوردستانی‌یەکان لە یەک بەرەدا بەشداری لە پێکهێنانی هەرچەشنە هاوپەیمانییەکی بەرفراوانتر لە هێزەکانی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی دژ بە حکوومەتی ئیسڵامی بکەن، دەنگێکی بەهێزتریان لە دارشتنی پلاتفۆرم و بەرنامەیەکی دیموکراتیک بۆ ئێرانی داهاتوو و چەسپاندنی مافی نەتەوەی دەبێ. لەم حاڵەتەدا هیچ هێزێک ناتوانێ لە ناتەبایی ئێمە دژ بەخۆمان کەڵک وەربگرێ و کارەساتەکانی باشوری کوردستان پاش گشتپرسی سەربەخۆیی لای ئێمە دووپاتکرێتەوە. پێویستە پێش ڕووخانی حکوومەتی ئیسڵامی یان هەر چەشنە ئاڵوگۆرێکی دیکە هەوڵ بۆ پێکهێنانی ئالترناتیوێکی بە هێز لە لایەن هیزە پێشکەوتنخوازەکانی ئێران بۆ پێکهێنانی دەستەڵات لە ئێران بدرێ و بێ‌گوومان کورد دەتوانی نەخشێکی بەرچاو لەم ڕەوتەدا بگێرێ ئەگەر نوێنەرانی سیاسیی ئەو بەرەیەکی یەکگرتوویان هەبێ.

بە پێێ ئەزموونی ڕووداوەکانی ئەم یەک دوو دەیەیە، زۆرجار خێراییەکی چاوەڕوان نەکراو لە ئاڵوگۆرە سیاسییەکاندا دەبیندرێ، ئەگەر حیزبە کورستانی‌یەکان لە ئێستاوە پلاتفۆرمێکی هاوبەشیان نەبێت و پێشاوپێش خۆیان بۆ ڕووداوەکانی داهاتوو ئامادە نەکەن، ناتوانن ئەرکی خۆیان بە جێ بێنن و دەبنە وەدواکەوتووی پێشهاتەکان. ڕاستی‌یەکانی ژیان و ویستی مێژوویی گەلی کورد ئێمە مەحکووم بە یەکگرتن و هاودەنگ بوون دەکات! مێژوو بە باشی داوەریمان لەسەر ناکات ئەگەر هاودەنگ و یەکگرتوو نەبین.

سپاس کە گوێڕاگری قسەکانم بوون.

 

**************************************  

vokradio.jpg

 Voice of Kurdish-American Radio for Democracy, Peace, and Freedom

 
free stats

 

 

 
< بعد   قبل >
© 2007 - 1396, VOK Radio