Iranian Culture & Art Club of Fresno
رادیو ده نگی کوردستان له ئامریکا

VOK Radio Newsletter

Name: 
Email:  
Subscribe Unsubscribe

Calendar of Events

« < September 2018 > »
M T W T F S S
27 28 29 30 31 1 2
3 4 5 6 7 8 9
10 11 12 13 14 15 16
17 18 19 20 21 22 23
24 25 26 27 28 29 30
No events
Home arrow کوردی arrow جاشیزم و په‌رته‌وازی و پشت به‌ستن به‌ بیانی
جاشیزم و په‌رته‌وازی و پشت به‌ستن به‌ بیانی چاپ ارسال به دوست
سالا ر حیسامی، VOKRadio, Los Angeles, California, USA   

جاشیزم و په‌رته‌وازی و پشت به‌ستن  به‌ بیانی!

salar_baba_shikh.jpg

 

سالار حیسامی

١٤ ي مانگى ديسمبرى ٢٠١٧ زايينى

هه ولير كوردستان

پێش هه‌موو شتێ، ده‌خوازم خوێنه‌ری به‌ڕێز به‌ هه‌ڵه‌ له‌م نووسینه‌ تێ نه‌گا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه‌، نه‌ پاساو هێنانه‌یه‌ بۆ خیانه‌تی گه‌وره‌ی 12ی ئۆکتۆبه‌ر(فرۆشتنی که‌رکووک) و نه‌ گشتاندنه‌ به‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب له‌ دیدێکی شۆڤێنییه‌وه‌ پێناسه‌ بکرێ.

له‌م ڕۆژانه‌دا فه‌رمانده‌یه‌کی باڵای میلیشیاکانی حه‌شدی شه‌عبی به‌ ناوی(عه‌بدول ئه‌میر یاروڵا) که‌ له‌ داگیرکردنه‌وه‌ی که‌رکووک تا ده‌ڤه‌ری پردێ به‌شدار بووه‌، له‌ ئاخافتنێکیدا به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ گوتی: "دوای هاتنمان بۆ که‌رکووک، چه‌ند به‌رپرسێکی کوردی (الاتحاد الوطنی) داوایان کرد، هه‌تا هه‌ولێر و دهۆک نه‌وه‌ستین! وتمان: ئه‌وه‌ زۆربه‌ی هاووڵاتییان ئاواره‌ ده‌کا، مۆڵه‌تی هێرشی سه‌رتاسه‌ریشمان نییه‌، که‌چی هه‌ر پێداگرییان ده‌کرد، که‌ له‌ هێرشکردن به‌رده‌وام بین!!"

ئه‌و په‌یامه‌ کورته‌ی عه‌بدول ئه‌میر یاروڵا، له‌ لایه‌ک رژاندنی فرمێسکی تیمساحه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وای پیشان بدا، به‌ چاوی به‌زه‌ییه‌وه‌ له‌ هاووڵاتی سڤیلی کورد ده‌ڕوانێ، له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ سووک و تڕۆبوونی خۆفرشانی کورد به‌ چاوماندا ده‌داته‌وه‌.

 

له‌ ڕاستیدا خۆخۆریی و جاشیزم گه‌وره‌ترین و به‌زه‌برترین گورزی له‌ خه‌باتی ڕزگاریخوازی کورد و ده‌ستکه‌وته‌کانی داوه‌. بارته‌قای ئه‌و خه‌ساره‌ مه‌زنه‌ ده‌گاته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که‌ عه‌ره‌بێکی شۆڤێنی به‌ پێشینه‌یه‌کی پڕ له‌ خۆخۆریی نه‌ته‌وه‌ی خۆیه‌وه‌، به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ له خۆفرۆشانی کورد بڕوانێ!!‌

ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له‌ مێژووی عه‌ره‌ب بده‌ینه‌وه‌، ده‌بینین له‌ پاش سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلام و دابه‌شبوونی شوێنکه‌وتووانی ئه‌و ئایینه‌ به‌ سه‌ر دوو مه‌زهه‌بی (سوننه‌ و شیعه‌)دا، تا هه‌نوکه‌ش به‌ قه‌ستی قه‌سته‌سه‌ری یه‌کدی، کێرد و شیر له‌ هه‌سان ده‌سوون و سه‌ری یه‌کتری پێ ده‌بڕن! لێ هه‌مان نه‌ته‌وه‌ توانیویانه‌ زێتر له‌ بیست وڵاتیان هه‌بێ و ناوی ده‌و‌ڵه‌تیان له‌ لیستی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کاندا به‌ فه‌رمی جێگیر بکه‌ن.. واته‌ عاره‌بان جگه‌ له‌ وه‌ی گیرۆده‌ی ده‌ستی شه‌ڕی خوێناویی مه‌زهه‌بین، هاوکات له‌ ده‌وڵه‌تداریدا قۆناخی به‌رچاویان بڕیوه و هه‌ندێ وڵاتیان به‌ره‌و تێکه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ جیهانی ئازادو شارستانیه‌ت هه‌نگاوی باشیان هه‌ڵگرتووه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆرینه‌یان ئه‌گه‌ر له‌ شه‌ڕی ناوخۆییش خۆیان پاراستبێ، ئه‌وا له‌ وڵاتانی دیکه‌ میلیشیاکانی خۆیان هان و تاو داوه، هه‌تا‌ شه‌ڕی به‌وه‌کاله‌تیان بۆ بکه‌ن، وه‌ک ئه‌و شه‌ڕ و کوشتار و وێرانکارییانه‌ی که‌ له‌ عێراق، سووریه، یه‌مه‌ن و به‌حره‌ین و ... هتد ده‌یانبینین.

نه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ درێژایی مێژوویان ته‌نیا یه‌ک جاش و خۆفرۆشیان هه‌بووه‌، که‌چی تا ئێستاش هه‌ست به‌ شه‌مه‌زاری ده‌که‌ن و به‌ په‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌شی نێوچه‌وانی مێژووی خۆیانی ده‌زانن. نه‌ته‌وه‌یه‌ک که‌ مێژوویه‌کی وا پڕ سه‌روه‌ریی هه‌بێ، زۆر ئاساییه‌ کورد بداته‌ به‌ر پلاری ڕه‌خنه‌، به‌وه‌ی له‌ ناوخۆدا ناته‌با و ناکۆکه‌، یان خۆخۆر و که‌وسیفه‌ته‌، یان جاش و دۆده‌ی زۆره‌، به‌ڵام عه‌ره‌ب که‌ پتر له‌ هه‌زار ساڵه‌ سه‌رکرده‌ و هاوئایینیان به‌ ده‌ستی خۆیان شه‌لالی خوێن کردووه‌، ڕووقایمی ده‌وێ دژه‌ کوردێکیان ڕه‌خنه‌ له‌ په‌رته‌وازیی و خۆخۆریی کورد بگرێ. 

karkuk.jpeg

 

سه‌یری مێژووی عاره‌بان بکه‌ن، له‌ بنه‌ڕه‌تیه‌وه‌ تا هه‌نوکه‌ ده‌ستیان به‌ خوێنی نه‌ته‌وه‌ی خۆیان و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ سووره‌. خه‌لیفه‌کانی سوننه‌کان وه‌ک:(عومه‌ر و عوسمان) و ئیمامه‌کانی شیعه‌کان وه‌ک (عه‌لی و حوسه‌ين و حه‌سه‌ن ) به‌ ده‌ستی موسڵمانانی عه‌ره‌ب کۆژراون. که‌سانی وه‌ک (ته‌ڵحه‌ و زوبه‌ير) که‌ مزگێنی چوونه‌ به‌هه‌شتیان له‌ پێغه‌مبه‌ری موسڵمانان وه‌رگرتبوو، به‌ ده‌ستی موسڵمانانی عه‌ره‌ب کۆژراون. له‌ شه‌ڕه‌کانی (جه‌مه‌ل، سه‌فين و نه‌هره‌وان) هه‌زاران موسڵمان به‌ ده‌ستی موسڵمان کۆژراون. هه‌ر به‌ ده‌ستی موسڵمانانی عه‌ره‌ب (73) که‌س له‌ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی پێغه‌مبه‌ری موسڵمانان سه‌ر بڕاون. له‌ جه‌نگی (ئیخماد) و شۆڕشی خه‌ڵکی مه‌دینه‌ له‌ دژی حوکمڕانیی ئه‌مه‌وییه‌کان، به‌ هۆی سه‌ربڕینی حوسه‌ینی کۆڕی ئیمام عه‌لی، 700 موهاجیر و ئه‌نسار به‌ ده‌ستی 12 هه‌زار له‌ هێزه‌کانی موسڵمانانی ئه‌مه‌وی کوژران.

ئه‌بوو له‌هه‌ب و ئه‌بوو جه‌هل که‌ له‌ ڕوانگه‌ی موسڵمانانه‌وه‌ کافر بوون، له‌و په‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی سه‌بازیدا (که‌عبه‌)یان به‌ر مه‌نجه‌نیق نه‌دا و وێرانیان نه‌کرد، به‌ڵام عه‌ره‌بی وه‌ک "ئه‌لحوسه‌ین بن نه‌مير" سه‌رۆکی سوپای "عه‌بدولمه‌لیك بن مه‌روان" لایه‌کی که‌عبه‌ی ڕماند!

له‌ کاتی خه‌لافه‌تی (هیشامی کۆڕی عه‌بدولمه‌لیک)، زه‌یدی ‌کوڕی زه‌ینولعابیده‌ین که‌ له‌ نه‌وه‌کانی په‌یغه‌مبه‌ری موسڵمانانه‌ به‌ ڕووتی له‌ به‌ر ده‌رگه‌ی دیمه‌شق، بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ هه‌ڵواسرا، ئینجا سووتێندرا. له‌ شه‌ڕی ئه‌نسار ئه‌بو موسلم و سوپای عه‌باسییه‌کان هه‌زاران موسڵمان کوژران. ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ سه‌رده‌می هێرشکردنه‌ سه‌ر وڵاتانی دیکه‌ و ئه‌و ڕه‌شه‌کوژی و تاوانه‌ دژی مرۆڤایه‌تییانه‌ی که‌ به‌رامبه‌ر به‌ شوێنکه‌وتووانی ئایین و ئایینزاکانی دیکه‌ ئه‌نجامیان داوه‌.

مێژووی عه‌ره‌ب پڕه‌ له‌و کاره‌ساته‌ جه‌رگبڕانه‌، که‌چی جاشیزمی کورد وایکردوو‌ه‌ به‌ چاوی سووک سه‌یری کورد بکه‌ن! په‌رته‌وازیی کورد و قبووڵنه‌کردنی یه‌کدی وایکردووه،‌ ده‌ستکه‌وته‌کانیش ببنه‌ قاوتی به‌ربا... بۆیه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌رێ، کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ کورد له‌ کۆنگره‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌ییدا یه‌کتر چزاندنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان له‌ گۆڕ بنێ و هه‌ر سه‌رکرده‌یه‌ک له‌ هه‌ر ئاستێکدا که‌ به‌ پراکتیک به‌رژه‌وه‌ندیی شه‌خسی و حزبی له‌‌ سه‌رووی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی و نه‌ته‌وه‌یی داناوه‌، بخرێته‌ به‌ر ده‌م ئیراده‌ی گه‌ل و سندووقه‌کانی ده‌نگدان سزای بدا، نه‌ک کۆنه‌ڕق و بڕیاری تاکه‌که‌سی! هه‌روه‌ها زۆر پێویسته‌ له‌ به‌ڵاغی کۆتایی کۆنگره‌که‌دا ناوه‌ندێکی بڕیاساز و ڕاوێژکاری نه‌ته‌وه‌یی له‌ ژێر ناوی: (سه‌نا)، (کۆنگرێس)، (ئه‌نجومه‌ن)، (شۆرا) یان هه‌ر ناوێکی دی بخرێته‌ڕوو، که‌ نوێنه‌ری هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و نوخبه‌ و ڕۆشنبیر و که‌سایه‌تییه‌ ئه‌کادیمییه‌ به‌ئه‌زموونه‌کان له‌خۆ بگرێ، هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستانیش به‌ره‌یه‌کی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌بێ.

لە مێژووی كورددا تەسلیمبوون و ملکه‌جبوونی داگیرکه‌ر مانای نه‌بووه‌ و نییە، ئه‌گه‌ر شۆڕشێکیان به‌ پیلان و گه‌له‌کۆمه‌کی خنکاندبێ، دیسان ژیله‌مۆی شۆڕشه‌که‌ بووه‌ته‌وه‌ به‌ بڵێسه‌ و ئاگری له‌ سه‌ر پشتی چه‌مکی داگیرکاری کردووه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ی پشتی کوردی شکاندووه‌، جاشیزم و یه‌کتر ڕه‌دکردنه‌وه‌ و په‌رته‌وازی و پشت به‌ستن بووه‌ به‌ هێزی ده‌ره‌کی که‌ جگه‌ له‌ کاولکاری و کوشتوبڕ و پیلانگێڕان بۆ ئاسمیله‌کردن و به‌ کۆیله‌کردنی کورد، هیچ هه‌نگاوێکیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی کوردستانییان هه‌ڵنه‌گرتووه‌.

   

 

**************************************  

vokradio.jpg

 Voice of Kurdish-American Radio for Democracy, Peace, and Freedom

 
free stats

 

 

 
< بعد   قبل >
© 2007 - 1397, VOK Radio