Iranian Culture & Art Club of Fresno
به صدای کوردستان از آمریکا خوش آمدید-
رادیو ده نگی کوردستان له ئامریکا
Voice of Kurdish-American Radio for Democracy, Peace and Freedom
مێژووی په‌یوه‌ندیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و كوردی باشوور چاپ ارسال به دوست
د. سامان شالىVOKRadio, Los Angeles, California, USA   

  مێژووی په‌یوه‌ندیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و كوردی باشوور

د. سامان شالى saman_shali_02.png

هه ولير كوردستان

٢٧ مانگى ئه يار ٢٠١٧

 nrttv

 

 

 

جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م:

مێژووی په‌یوه‌ندیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكی (وودرۆو ویلسون). له‌ 8ى كانونى یه‌كه‌م 1918 بۆ یه‌كه‌م جار حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكی پشتگیری كوردی كرد له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شی كۆنگرێس، و له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی 14 خاڵیدا ئاماژه‌ی به‌ مافی رزگاركردنی میلله‌تی كورد و ئه‌رمه‌نی كرد له‌ژێر ده‌ستی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی به‌و پاساوه‌ی كه‌ ده‌وڵه‌ت دروستبكرێت بۆ نه‌ته‌وه‌ بێده‌وڵه‌ته‌كان. هه‌رچەندە ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ وه‌رگیرا له‌ لایه‌ن دیبلۆماتكارانه‌وه‌ كه‌ ئاماده‌بون له‌ كۆنفرانسی ئاشتی پاریس له‌ فه‌ره‌نسا، به‌ڵام هاوپه‌یمانه‌كان هیچ بایه‌خێكیان به‌م پشتگیریه‌ نه‌دا له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رۆڵێكی گرنگی نه‌بوو له‌ناوچه‌كه‌دا و له‌ پێناوی ئاشتی ناوچه‌كه‌ ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌كان به‌ ئه‌مه‌ریكاشه‌وه‌ پێیان باشتر بوو كه‌ توركیا رازی بكه‌ن و مه‌سه‌له‌ی كورد بچوككرایه‌وه‌ بۆ مه‌سه‌له‌یه‌ك كه‌ له‌ دواییدا بریاری له‌سه‌ر بدرێت له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌ نوێیه‌كانی ناوچه‌كه‌ نه‌ك بڕیاری ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌كان.


داكوتانی ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌وڵه‌ته‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پابه‌ندن به‌ پشتگیری ده‌ره‌كی و ئه‌وه‌ش به‌ زۆری به‌ستراوه‌ به‌و ململانێیه‌ی كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا سه‌ریهه‌ڵدابوو به‌هۆی جه‌نگی سارد و دابه‌شبوونی ئایدیۆلۆژی و ئۆردوگاكانی راست و چه‌پ.

سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌میشه‌ خولیای ململانیه‌ ئیقلیمیه‌كان و مه‌ترسیه‌كانیان بووه‌، وه‌ هه‌روه‌ها هه‌مووكاتێك توانیویه‌تی ده‌وڵه‌ته‌كانی ناوچه‌كه‌ لاوازبكات له‌ رێی مه‌سه‌له‌ی كورده‌وه‌ و ئه‌مه‌ش زیاتر نه‌هامه‌تی بۆ كورد دروست كردوه‌. هه‌میشه‌ ئه‌مه‌ریكا جه‌ختی كردۆته‌وه‌ له‌سه‌ر سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ له‌سه‌ر حیسابی مه‌سه‌له‌ی كورد. به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى ئه‌م هۆكارانه‌ بوو به‌ هۆى ته‌همیشكردنى كورد.

ئه‌وه‌ی راسته‌ شه‌ش هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌ن بۆ ده‌ستنیشانكردی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و كورد:

1-  په‌یوه‌ندیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌ ده‌وڵه‌ته‌كانی ناوچه‌كه‌وه‌
2-  په‌یوه‌ندیه‌كانی كورد له‌گه‌ڵ ئه‌و حكومه‌تانه‌ی كه‌ له‌ ناو ده‌وڵه‌ته‌كانیاندا ده‌ژین
 3-  توانای ده‌وڵه‌ته‌كانی ناوچه‌كه‌
4-  گۆڕانكاریه‌ ناوخۆییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا
5-  گۆڕانكاریه‌ ناوخۆییه‌كانی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست
6-  یه‌كگرتویى كورد له‌ ناو ئه‌و وڵاتانه‌ى تیایدا ده‌ژین و كاركردنیان پێكه‌وه‌ وه‌كو یه‌ك هێزی به‌توانا و یه‌ك ده‌نگ.
جه‌نگی جیهانی دووه‌م:

له‌دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م رۆڵی ئه‌مه‌ریكا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست گه‌وره‌تر بوو، به‌ڵام به‌پێی مێژوونوسان ئه‌مه‌ریكا هیچ قورسیه‌كی نه‌دا به‌ مه‌سه‌له‌ی كورد. بویه‌ له‌ 1946دا ئه‌مه‌ریكا پشتگیری حكومه‌تی ئێرانی كرد له‌ سه‌ركوتكردنی شۆڕشی قازی محه‌مه‌د له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆماری مه‌هاباد هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ یه‌كێتی سۆڤیه‌تدا هه‌بوو. ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای جه‌نگی سارد بوو له‌ نێوان ئه‌مه‌ریكا و سۆڤیه‌ت وله‌كاتێكدا كه‌ ئه‌مه‌ریكا بیروباوه‌ڕی شیوعیه‌تی به‌ مه‌ترسی داده‌نا له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆی. ئه‌م هه‌نگاوه‌ش بۆ ئه‌مه‌ریكا به‌ دژایه‌تی داده‌نرا چونكه‌ كۆماری مه‌هاباد به‌ به‌رهه‌مێكی سۆڤیه‌تی ئه‌ژمار ده‌كرا.

سیاسه‌ته‌ لاوازه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر به‌ كورد له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌م دا

به‌ پێی ووته‌كانی د. مه‌حمود عوسمان "موسته‌فا بارزانی باوه‌ڕی وابوو كه‌ ماف و ئامانجه‌كانی گه‌لی كورد نایه‌نه‌دی ئه‌گه‌ر یه‌كێك یان هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌كانی وه‌كو ئه‌مه‌ریكا و یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ئه‌وكات پشتگیری نه‌كه‌ن. كاتێك كه‌ له‌ سۆڤیه‌ت ده‌ژیا گه‌یشته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ مه‌سه‌له‌ی كورد له‌ ئه‌جیندای روسه‌كاندا نییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ كه‌ هاته‌وه‌ بۆ عێراق له‌ 5 تشرینى یه‌كه‌م 1958دا هه‌وڵه‌كانی خۆی خسته‌گه‌ر بۆ ده‌ستپێكی په‌یوه‌ندیه‌كی باش له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا." وه‌ له‌و كاته‌دا كه‌ بارزانی په‌یوه‌ندی ده‌كرد به‌ حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكیه‌وه‌. ئه‌مه‌ریكا مه‌سه‌له‌ی كوردی ئیعتیبار ده‌كرد به‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی ناوخۆیی و نه‌یده‌ویست خۆی تێوه‌بگلێنێت به‌ڵام  ئه‌و راستیه‌ى ده‌یزانی كه‌ ده‌توانێت كورد به‌كاربهێنێت بۆ لاوازكردنی حكومه‌ته‌ ناوه‌نده‌كانی ناوچه‌كه‌ له‌هه‌ركاتیكدا. 

له‌ 1965دا بارزانی دوو نوسراوی بۆ سه‌فیری ئه‌مه‌ریكی له‌ تاران نارد، كه‌ تیایاندا داخوازی هاریكاری  ئه‌وانی كردبوو له‌ كێشه‌كانیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق. یه‌كه‌م هاریكاری ئه‌مه‌ریكا بۆ كورد 14 ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكی بوو كه‌ له‌ ئابی 1969دا له‌ پاش نامه‌یه‌كی مه‌لا مسته‌فای بارزانی بۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ولیام روجرز له‌ 22ی نیسانی 1969دا ناردیان، هۆكاری ئه‌م هاریكاریه‌ هاندانی په‌یوه‌ندی كورد و شای ئێران بوو له‌گه‌ڵ  پابه‌ند بوونی ئه‌مه‌ریكا بۆ هاریكاری كوردی عێراق له‌ روخاندنی حكومه‌تی عێراق به‌ مەرجیك هاریكاری سۆڤیه‌ت ره‌تكه‌نه‌وه‌ی. 

ئه‌وه‌ی شایانی باسه‌ شۆڕشه‌كانی كوردی عێراق رێكخستنێكی به‌هێزتریان به‌خۆوه‌ ده‌بینی به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ شۆڕشی پارچه‌كانی تری كوردستان، وه‌ نزیكبونه‌وه‌ی حكومه‌تی به‌عسی عێراق له‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ئیشاره‌ت بوو بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی سۆڤیه‌ت له‌ عێراق به‌ ناوچه‌ كوردیه‌كانیشیه‌وه‌. ئه‌مانه‌ دڵه‌ڕاوكێیان بۆ ئه‌مه‌ریكا دروستكردو هه‌ر ئه‌م دڵه‌ڕاوكێیه‌ بوو كه‌ ده‌رگایه‌كی نوێی بۆ مه‌سه‌له‌ی كورد كرده‌وه‌ و بوو به‌هۆی په‌یوه‌ندیكردنی سه‌ره‌تایى ئه‌مه‌ریكا به‌ كورده‌وه‌ له‌ ساڵی 1969 و به‌ته‌نهاش له‌گه‌ڵ كوردی عێراق به‌ده‌ر له‌ پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان. به‌ڵام ئه‌و هاریكاریانه‌ و په‌یوه‌یوه‌ندیه‌كانش ساردیان به‌خۆیانه‌وه‌ بینی پاش به‌یاننامه‌ی 11ی ئاداری 1970.


به‌یاننامه‌ی 11ی ئاداری 1970 ئیعلانكردنی حوكمی زاتی بوو بۆ كورد له‌ چوارچێوه‌ی عێراق و رێكه‌وتنی حكومه‌تی عێراق له‌گه‌ڵ  پارتی دیموكراتی كوردستان. مه‌كتبى سیاسی پارتی دیموكرات له‌وكاته‌دا قه‌ناعه‌تیان به‌ بارزانی كرد كه‌ واژوو بكات له‌سه‌ر ئه‌م رێكه‌وتنه‌ سه‌رپای ناڕه‌زایی بارزانی و بێ متمانه‌یی به‌ حكومه‌تی عێراق كه‌ بنه‌ماكه‌ی ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ته‌جروبه‌كانی له‌ 1963ه‌وه‌. ئه‌م بێمتمانه‌ییه‌ی بارزانی به‌ حكومه‌تی به‌عس سه‌لمێندرا له‌كاتێك هه‌وڵی كوشتنی خۆیان دا له‌ 29ی ئه‌یلولی 1971و هه‌روه‌ها هه‌وڵی كوشتنی ئیدریس بارزانیش له‌ 6ى كانونی یه‌كه‌می 1970دا. ئه‌مانه‌ هه‌مویان پاڵنه‌ری زیاتر بوون بۆ كوردی عێراق له‌ ده‌سپێكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئێران و ئه‌مه‌ریكا له‌به‌رئه‌وه‌ی حكومه‌تى عێراق له‌ نییه‌تیدا نه‌بوو پابه‌ند بێت به‌و رێكه‌وتنه‌ به‌ڵكو ته‌نها كاتی ده‌ویست بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هێز و رێكخستنى ماڵى خۆى.

له‌ ئادارى 1972 نوێنه‌رى موسته‌فا بارزانی (زه‌ید أحمد عوسمان) نامه‌یه‌كى زمانى بارزانى گه‌یانده‌ حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكا كه‌تیایدا داواى كۆبونه‌وه‌ی ده‌كرد له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكیه‌كان له‌ رێگای عصمت كه‌تانیه‌وه‌ كه‌ له‌وكاته‌دا یاریده‌ده‌رى ئه‌مینى گشتى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان بوو، ئه‌ویش نامه‌كه‌ی گه‌یانده‌ جۆرج بوش (باوك) كه‌ له‌وكاته‌دا نوێنه‌رى ئه‌مه‌ریكا بو له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان.

له‌ 28ى ئادارى 1972 جۆرج بوش نامه‌كه‌ى هاوپێچی نامه‌ی خۆی كرد بۆ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكاو تیایدا نوسیبوو "راوێژكاری بارزانى زه‌ید عوسمان داوى كۆبونه‌وه‌ ده‌كات له‌گه‌ڵ  وه‌زیر كێسنجه‌ر و من له‌رێگای عصمت كه‌تانىه‌وه‌، كه‌تانی ئه‌م كاره‌ به‌نهێنی ده‌كات وه‌كو كوردێك و په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی كورد نه‌ك وه‌كو نوێنه‌رێكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان." هه‌روه‌ها له‌تێبینیه‌كه‌شیدا نوسیبوی "عصمت كه‌تانى كه‌سایه‌تیه‌كى خۆشه‌ویسته‌ له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌گرتوه‌كان و گومان نیه‌ كه‌ ئه‌و زه‌ید عوسمان وه‌كو نوێنه‌رى بارزانى په‌سه‌ند ئه‌كات. وه‌ئێمه‌ له‌سه‌ر رێنماییه‌كانى وه‌زارتى ده‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ  ئه‌كه‌ین. تكایه‌ وه‌ڵاممان بده‌نه‌وه‌ كه‌ كۆبونه‌وه‌ بكه‌ین له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى بارزانى یان نا؟"

له‌ 29ى ئادارى 1972 وه‌زاره‌تى ده‌روه‌ى ئه‌مه‌ریكا وه‌ڵامى دایه‌وه‌: "ئه‌مه‌ جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر په‌یوندیه‌ ته‌له‌فۆنیه‌كه‌ى ئه‌مرۆ بۆ كۆبونه‌وه‌ی  باڵیۆز جۆرج بوش له‌گه‌ڵ زه‌ید عوسمان نوێنه‌رى سه‌رۆكى كورد موسته‌فا بارزانى. وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ هیچ رێگرییه‌كى نیه‌ ته‌ئكید ده‌كه‌ینه‌وه‌ (نا) كه‌ باڵیۆز بوش نوێنه‌رى سه‌رۆك بارزانى ببینێت، و ئێمه‌ش له‌ واشنتۆن هه‌مان سیاسه‌ت به‌كار ده‌هێنین. ئێمه‌ جه‌خت له‌سه‌ر سیاسه‌تێكى دوورو درێژ  ده‌كه‌ین بۆكوبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانى كورد به‌ شێوه‌یه‌كى نهێنى و گوێبگرین له‌ ووته‌كانیان."

له‌ 3ى نیسانی 1972 كۆبونه‌وه‌ له‌ نێوان تى جه‌ى سكۆتز و زه‌ید عوسمان كرا له‌ واشنتۆن له‌ ئوتێل هاى أدمز له‌سه‌ر داواى زه‌ید عوسمان بوو، تیایدا ئاماژه‌ی به‌م خاڵانه‌ی كرد:
1. " پاش دوا سه‌ردانى صدام حسین بۆ مۆسكۆ نفوزى روسیا له‌ ناو عێراق زیادیكردوه‌.

2.  روسه‌كان فشاریان خستۆته‌ سه‌ر بارزانى و شیوعیه‌كان و به‌عسیه‌كان كه‌ حكومه‌تێكى نیشتیمانى دروستبكه‌ن بۆ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر نفوزى روسیا له‌ عێراق.

3.  بارزانى ئه‌وه‌ى ره‌تكردۆته‌وه‌ كه‌ ببێت به‌ به‌شێك له‌م به‌ره‌ نیشتیمانیه‌دا چونكه‌ ده‌ترسێت كه‌ حزبى به‌عس حزبه‌كه‌ى له‌ناوبه‌رێت (پارتى دیموكراسى كوردستان).

4.  بارزانى داواى یارمه‌تى ئابوری و سه‌ربازى ئه‌كات بو ئه‌وه‌ى بتوانێت حوكومه‌تێك له‌ مه‌نفا دروست بكات له‌ كوردو عه‌رب، له‌ ناوچه‌ كوردیه‌كان بۆ ئه‌وه‌ى ئاماده‌بێت حوكم بگرێته‌ ده‌ست كاتێك حكومه‌تى صدام نه‌ما.

5.  یارمه‌تیه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بۆ بارزانى ئه‌توانرێت راسته‌وخۆ یان له‌ رێگای لایه‌نى سێهه‌مه‌وه‌ بێت وه‌كو مه‌لیك حوسێن."

له‌ 9ی نیسانی1972دا، حكومه‌تی عێراق رێكه‌وتنێكی ته‌واوی واژوو كرد له‌گه‌ڵ یه‌كێتی سۆڤیه‌تی ئه‌وكاته‌ و كۆمپانیای نه‌وتی عێراق خۆماڵی(تاَمیم) كرد له‌ 1ی حوزه‌یرانی 1972دا. ئه‌مه‌ ده‌خوێنرایه‌وه‌ به‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ئێران وه‌ هه‌روه‌ها له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌مه‌ریكاش چونكه‌ سۆڤیه‌تی به‌ هێزتر ده‌كرد له‌ ناوچه‌كه‌دا، ئه‌مه‌ وای له‌ شای ئێران كرد كه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی فشار بخاته‌ سه‌ر حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكی بۆ دایه‌لۆگ زیاتر له‌گه‌ڵ كورده‌كانی عێراق.

ئه‌وه‌ی شایانی باسه‌ ئێران هه‌رده‌م بانگه‌شه‌ی خاوه‌ندارێتی دورگه‌كانی ابو موسا و گنبی گه‌وره‌و بچوك ده‌كرد و چاوى خستبوه‌ سه‌ر سه‌رچاوه‌ نه‌وتیه‌كانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی، وه‌ ده‌شیویست سه‌رورى له‌سه‌ر نیوه‌ى شط العرب بكات له‌سه‌رو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ په‌یوه‌ندی عێراق و سۆڤیه‌ت و روانگه‌ی شای ئێران بۆ رژێمی عێراقی نوێ (كه‌ ناوی نا بوو به‌ "رژێمێكی شێت") دوو هۆكاری زیاتر بون بۆ مه‌ترسی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆی و به‌هێز كردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا. له‌ تموزى 1972دا یه‌كه‌م وه‌فدی كوردی له‌ ئیدریس بارزانی و د. مه‌حمود عوسمان پێكهاتبوو به‌ نهێنی كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سی ئای ئه‌ی كرد و له‌ ئه‌مه‌ریكا، ئه‌مه‌ بوو به‌ سه‌ره‌تای په‌یوه‌ندی ره‌سمی كوردی عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا به‌ڵام به‌ نهینى مایه‌وه‌. وه‌ له‌ ئابى 1972دا ئه‌مه‌ریكا هاوكاری كوردی عێراقی كرد به‌ چه‌ك و دارایی تا بڕی 16 ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكی و ئه‌م هاوكاریه‌ به‌رده‌وام بوو تا رێكه‌وتنی جه‌زائیر 6ى ئاداری 1975. (لێره‌دا كورد به‌كارهێنرا وه‌ك كارتێكی فشار له‌سه‌ر حكومه‌تی عێراق بۆ به‌دیهێنانی ئامانج و داواكاریه‌كانی شاى ئێران و ئه‌و هاوكاریه‌ی ئه‌مه‌ریكاش بۆ كوردی باشور له‌ كاردانه‌وه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆی بوو، له‌و روانگه‌وه‌ كه‌ ناوچه‌كه‌ بپارێزێت له‌ ده‌سته‌ڵاتی سۆڤیه‌ت و كۆنترۆڵكردنی ته‌ماعه‌كانی شای ئێران و سه‌ددام حسین له‌ نه‌وتی كه‌نداو، نه‌ك پێخۆشحاڵی به‌ هاوكاری كورد.) 

ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌مه‌ریكا بوو به‌ هۆی سزادانێكی توند بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ وه‌كو لای خواره‌وه‌:
1-  وونبونی 182هه‌زار كورد له‌ هه‌ڵمه‌تی ئه‌نفالدا.

2-  به‌كارهێنانی گازی كیمیاوی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌و كوشتنی 5 هه‌زار منداڵ، ئافره‌ت و پیری كورد و بریندار بوونی زیاتر له‌ 10هه‌زاری تر.

3-  كوژران و وونبونی 8 هه‌زار بارزانی.

4-  كوژران و وونبونی زیاتر له‌ 12هه‌زار كوردی فه‌یلی.

5- 4500  گوندیان وێرانكرد وه‌دانیشتوانه‌كه‌ی راگوێزرانه‌وه‌ بۆ ناو موجه‌مه‌عاتی دروستكراو له‌ نزیك شاره‌كان.

له‌ 1975 تا 1991 هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی ره‌سمی نه‌بووه‌ له‌نێوان ئه‌مه‌ریكا و كورد، كورد به‌ ته‌نها به‌ره‌نگاری چاره‌نوسی خۆی بوه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا.

له‌پاش شكستهێنانی سیاسی شۆڕشی كوردی له‌ 6ى ئاداری 1975دا، ئه‌مه‌ریكا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كوردا به‌ حاڵه‌تێكی تایبه‌ت دانا له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌ته‌ ئیقلیمییه‌كانی خۆی كه‌ دایڕشتبوو بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ی حكومی نین به‌ڵام چالاكن. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا (هینری كیسینجه‌ر) له‌ راگه‌یاندنێكیدا ساڕێژی برینی میلله‌تی كوردی كرد به‌و ووته‌یه‌ی "كاری نهێنی نابێت تێكه‌ڵ بكرێت به‌ كاری ته‌بشیری" . ....

رۆڵی كورد له‌ عێراقدا یه‌كلاكه‌ره‌وه‌بوو بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ سیاسیه‌ ده‌ره‌كیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و شای ئێران له‌ حه‌فتاكان و كاریگه‌ریه‌كی سه‌ره‌كى هه‌بوو له‌سه‌ر روداوه‌كانی شه‌ری ئێران- عێراق. 

رێكه‌وتنی جه‌زائیر چه‌رخێكی نوێی هێنایه‌ پێش له‌ بزوتنه‌وه‌ی كوردی باشوورى كوردستان كه‌ كۆمه‌ڵێك حیزبی عیلمانی و ئیسلامی تری به‌دوای خۆیدا دروست بوون.

له‌ پاش روخاندنی شای ئێران له‌ 16ى كانونى دوه‌م 1979 و دروست بوونی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ ئێران، كورده‌كان له‌به‌ر ململانێ ناوخۆیه‌كانیان نه‌یانتوانی كار بكه‌ن له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانی خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكاو ووڵاتانی تر. وه‌ دابه‌شبونی كوردی باشور به‌سه‌ر ئێران و عێراق له‌گه‌ڵ شه‌ڕی ئێران- عێراق بۆ ئه‌مه‌ریكا جێی بایه‌خ بوو بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆی له‌و ناوچه‌یه‌دا. بۆ هه‌شت ساڵ ئه‌مه‌ریكا یاریده‌ده‌ری سه‌ره‌كی هه‌ردوو ووڵات بوو، له‌به‌رئه‌وه‌  چاوی خۆی پۆشی له‌سه‌ر تاوانه‌كانی حكومه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر به‌ كورد به‌كاره‌ساته‌كانی ئه‌نفال و كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌شه‌وه‌. 

us_kurds_saman.jpg
پشتگوێخستنی ئه‌مه‌ریكا بۆ كورد له‌ ده‌رئه‌نجامی پابه‌ندبونی هه‌ڵبژارده‌كانی بۆ حكومه‌ته‌ ئیقلیمیه‌كان گه‌یشته‌ لوتكه‌ له‌ ماوه‌ی جه‌نگی ئێران – عێراق (1980- 1988). وه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا په‌یوه‌ندیه‌كی بازرگانی به‌هێزی دروستكردبوو له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق و بڕی هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق رۆژانه‌ ده‌گه‌یشته‌ 500 هه‌زار به‌رمیل له‌ ساڵه‌كانی 1988بۆ 1991. 

له‌ جه‌نگى كه‌نداوی یه‌كه‌م له‌ شباتى 1991 ئه‌مه‌ریكا داوای له‌ كورد و شیعه‌ی عێراق كرد كه‌ هه‌ڵسن به‌رووی حكومه‌تی عێراق و ئه‌وانیش كردیان. به‌ڵام زوربه‌ی سیاستمه‌داره‌كانی واشنگتۆن ده‌یانگوت ئه‌و داواكاریه‌ له‌و روانگه‌یه‌وه‌ نه‌بووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا سیاسه‌تی خۆی گۆریبێت به‌رامبه‌ر به‌ كورد به‌ڵكو بۆ لاوازكردنی حكومه‌تی عێراق بووه‌. 

به‌ڵام له‌پاش راپه‌رین و سه‌ركه‌وتنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، كورد و شیعه‌ لاوه‌نران و ئه‌مه‌ریكا رێكه‌وت له‌گه‌ڵ سه‌ددام. به‌ڵام پاش ره‌وه‌ مێژوویه‌كه‌ی گه‌لی كورد، وه‌ له‌ژێر فشاری جیهانی و بڕیاری 688ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ 8ی نیسانی 1991دا، ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵبژارده‌ی له‌پێشدا نه‌ما ته‌نها پارێزگاری كردن نه‌بێت له‌ كورد. ئه‌مه‌ریكا له‌وكاته‌شدا سیاسه‌تی خۆی نه‌گۆڕی، به‌ڵام ئه‌و پارێزگاریكردنه‌ی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی بوو به‌هۆی دروستبوونی په‌رله‌مان و حكومه‌تی كوردی كه‌ ئه‌مرۆ ناوده‌برێت به‌ هه‌رێمی كوردستان. به‌مه‌ گۆڕانكاریه‌كی گرنگ دروستبوو له‌ سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا له‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ كورد.  

شه‌ڕی ناوخۆی كوردی باشوور له‌ حوزه‌یرانى 1994دا هیچ بایه‌خێكی گرنكى پێنه‌درا له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ هه‌رچنده‌ ئه‌مه‌ریكا به‌شدارى كرد له‌ به‌شیك له‌ كوبونه‌كانى پارتى ویه‌كیتى دا. به‌ڵام كاتێك كه‌ رۆڵی ئێران به‌هێز بوو له‌ ناوچه‌كه‌ و لیژنه‌ی پشكنینی چه‌كی به‌كۆمه‌ڵ كوژی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ لایه‌ن سه‌ددامه‌وه‌ ره‌تكرایه‌وه‌ له‌ سه‌ردانی دامه‌زراوه‌ هه‌ستیاره‌كانی عێراق بكات، له‌ حوزیرانى 1997 دا ئه‌مه‌ریكا رێگاى دا به‌كردنه‌وه‌ى نوێنه‌رایه‌تى حوكومه‌تى هه‌رێم له‌ واشنتۆن، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندیه‌كانی ئه‌مه‌ریكای گه‌یانده‌ ئاستێكی باڵا و ره‌سمی  له‌گه‌ل حوكومه‌تى هه‌رێم. له‌ ئه‌یلولى 1998 ئه‌مه‌ریكا كورده‌كانی كۆكرده‌وه‌، بارزانی و تاڵه‌بانی رێكه‌وتنی واشنتۆنیان واژوو كرد به‌ره‌زامه‌ندی ئه‌مه‌ریكا و له‌ژێر چاودێری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ مادلێن ئۆڵبراید (ئه‌مه‌ش داده‌نرێت به‌ یه‌كه‌م به‌لگه‌نامه‌ى كورد كه‌ واژووی ئه‌مه‌ریكی له‌سه‌ر بێت)، هه‌روه‌ها واژوكردنى بیل كلینتۆن له‌سه‌ر یاساى ئازاد كردنى عێراق له‌ 31 تشرینى یه‌كه‌م 1998 ڕاگه‌یه‌نراوێكی ڕاشكاوانه‌ بوو له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ كه‌ كورد یه‌كه‌م هاوپه‌یمانه‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت نه‌بێت به‌ڵام هاوسه‌نگیه‌ك له‌ ناوچه‌كه‌دا دروست بكات، وه‌ پاشان ئه‌مه‌ریكا 97 ملیۆن دۆلارى ته‌رخان كرد بو یارمه‌تیدانی موعاره‌زه‌ى عێراقى بۆ روخاندنى صدام. 

له‌ 30ى تشرینى یه‌كه‌م 1999 موعاره‌زه‌ى عێراقى به‌فرمى كۆبوه‌وه‌ له‌ ژێر چاودێرى ئه‌مه‌ریكا له‌ نیۆیۆرك به‌ نوێنه‌رایه‌تى جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان و سامى عبد الرحمان له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان وه‌ هه‌ندێك كه‌سایه‌تى تری كورد و ئیتر ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ بوو به‌ بناغه‌یه‌ك بۆ روخاندنى حكومه‌تى سه‌ددام. 

له‌ 2003دا ئاستێكی نوێی دیبلۆماسی له‌ نێوان كورد و ئه‌مه‌ریكا هاته‌ كایه‌وه‌ وكورد هاریكاری ئه‌مه‌ریكای كرد بۆ له‌ناوبردنی حكومه‌تی سه‌ددام. له‌ 12ى ته‌موزى 2003 مه‌جلسى حوكم له‌ عێراقدا دروست كرا له‌ 25 كه‌سایه‌تى عێراقى كه‌ 6 كه‌سیان كورد بون، له‌و 25ه‌ 12 كه‌سایه‌تیان هه‌ڵبژارد بۆ ئه‌وه‌ى حكومى عێراق بكه‌ن بۆ یه‌ك ساڵ یه‌كی یه‌ك مانگ و به‌ ریزبه‌ندی ئه‌لفابێتی ناوه‌كانیان حوكم بكه‌ن، جه‌لال تاله‌بانى له‌ 1 بۆ 30 تشرینى یه‌كه‌م و مه‌سعود بارزانى 1 بۆ 30ى نیسانی 2003 . له‌ 6ى نیسانى 2005 ئه‌مه‌ریكا ره‌زامه‌ندى نیشاندا بۆ دانانى جه‌لال تاله‌بانی وه‌كو یه‌كه‌م كورد له‌ مێژوى عێراق كه‌ ببێت به‌ سه‌رۆك كۆمارى عێراق و بۆ یه‌كه‌م جار به‌ فه‌رمی به‌خێرهاتن له‌ شاندی كوردی به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سعود بارزانی كرا له‌ كۆشكی سپی له‌ تشرینى یه‌كه‌می 2005. وه‌ پاش ئه‌وه‌ش جه‌لال تاڵه‌بانی چه‌ند جارێكی ترسه‌ردانی فه‌رمی كردوه‌ بۆ ئه‌مه‌ریكا وه‌كو سه‌رۆك كومَارى عێراق.

پاش ئه‌وه‌ی ئۆباما له‌ 2008 دا بوو به‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، بایه‌خێكی زیاتر درا به‌ به‌غدا. كورد و سوننه‌  پشتگوێخران له‌سه‌ر حیسابی شیعه‌ و رۆڵی ئێران له‌ عێراق تا ده‌هات زیادی كرد، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا ئاستى دبلوماسى له‌گه‌ل كوردستان به‌رزبوه‌وه‌ به‌ كردنه‌وه‌ كۆنسۆلیه‌تی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر له‌ 20ى حوزه‌یرانى 2010، به‌ڵام ئۆباما تا كۆتایی حوكمكردنی هه‌ر پێداگری له‌سه‌ر یه‌كگرتووی عێراق ده‌كرده‌وه‌ سه‌رپای بیرورای به‌شێكی سیاسه‌تمه‌داران له‌ ئه‌مه‌ریكا كه‌ دژی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئۆباما بوون. هه‌رچه‌نده‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش له‌ 2014ه‌دا جارێكی تر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌مه‌ریكاو كوردی نزیكتر كرده‌وه‌ و ئه‌مجاره‌ش په‌یوه‌ندیه‌كان له‌سه‌ر ئاستی (سه‌ربازی، سیاسی و ئابوری) و رێكده‌خران و كورد بوو به‌ یاریزانێكی سه‌ره‌كی له‌ شه‌ڕی دژ به‌داعش به‌ڵام سیاسه‌تی ئۆباما هه‌ر مه‌یلی به‌ره‌و حكومه‌تی ناوه‌ند بوو، ته‌نانه‌ت ئه‌و بریاره‌ش كه‌ له‌ كۆمیته‌ی چه‌ك له‌ كۆنگرێسی ئه‌مریكی ده‌رچوو بۆ هاریكاری راسته‌وخۆی كورد و سوننه‌ بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ حكومه‌تی ناوه‌ند كاری پێنه‌كرد تا كۆتایی كاته‌كه‌ی له‌ سه‌رۆكایه‌تیدا به‌ڵام ئه‌مانه‌ بۆچونێكی نوێیان هێنایه‌ كایه‌وه‌ له‌لایه‌ن سیاسه‌تمه‌داره‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ی كورد و پاشه‌رۆژی عێراق. 

به‌ پێی په‌یمانه‌كانی دوناڵد تره‌مپ (سه‌رۆكی نوێى ئه‌مه‌ریكا) له‌ ووتاره‌كانی بانگێشه‌ و بیروبۆچونه‌كانی له‌ چاوپێكه‌وتنه‌ میدیاییه‌كانیدا، وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه‌ له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ودا لاپه‌ره‌یه‌كی نوێ له‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی ئه‌مه‌ریكاو كورد هه‌ڵبدرێته‌وه‌ و په‌یوه‌ندیه‌كان به‌هێز و رێچكه‌یه‌كی پۆزه‌تیڤانه‌ بگرن به‌تایبه‌تی له‌و لایه‌نه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ شه‌ری دژ به‌ داعش. وه‌ بریاری وه‌زاره‌تى به‌رگریى ئه‌مه‌ریكا له‌ 19ى نیسان2017 بۆ فرۆشتنی چه‌ك به‌ پێشمه‌رگه‌ وه‌كو سوپایه‌كى سه‌ربازى له‌ ناو ده‌زگاى به‌رگرى عێراقدا گرنگیه‌كی خۆی هه‌یه‌ له‌ مێژوى كورد و ئه‌مه‌ یه‌كه‌م بڕیاری فه‌رمی وه‌زاره‌تێكی ئه‌مه‌ریكایه‌ كه‌ تایبه‌ت بێت به‌ كورد. 

ئه‌وه‌ی رون و ئاشكرایه‌ ئه‌مه‌ریكا هێزێكی سه‌ره‌كیه‌ له‌ جیهاندا و پشتگیری ئه‌و گه‌لێك گرنگه‌ بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لی كورد، به‌ڵام خاڵه‌ هه‌ستیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چۆن و له‌ كوێدا به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌مه‌ریكاو كورد یه‌كده‌گرن تا كورد ئه‌و ئامانجانه‌ به‌دیبهێنێت كه‌ سه‌دان ساڵه‌ خه‌ونیان پێوه‌ ده‌بینێت. ئه‌وه‌ی لۆجیكه‌ كورد ده‌سته‌ڵاتی به‌سه‌ر سیاسه‌ت و كاروكاردانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكادا نییه‌ به‌ڵام ده‌سته‌ڵاتی به‌سه‌ر سیاسه‌ت و كار و كاردانه‌وه‌ی خۆیدا هه‌یه‌. وه‌ راسته‌ كه‌ جیوگرافیای نیشتیمانی كورد هۆكارێكی نه‌گه‌تیڤی بووه‌ به‌هۆی هه‌وڵی ده‌سته‌ڵات و ده‌ستێوه‌ردانی نه‌ته‌وه‌ و ووڵاتانی ده‌وروپشت به‌ڵام به‌شێكى شكسته‌كان گه‌لی كورد ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ كه‌مته‌رخه‌می خۆی له‌روی نه‌بونی یه‌كریزی نه‌ته‌وه‌یی و وانه‌ وه‌رنه‌گرتن له‌ پێشوو و شینه‌كردنه‌وه‌ی زانستی بۆ شكسته‌كان، ئه‌مانه‌ هه‌مویان نیشانه‌ی لاوازی و ناته‌بایی و بێمتمانه‌ییه‌ به‌خۆ. راسته‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لی كورد نابێت مساومه‌ی له‌سه‌ر بكرێت به‌ڵام گه‌یاندنی ئه‌و مه‌سیجه‌ بۆ ووڵاتانی جیهان (به‌ تایبه‌تی بۆ ووڵاتێكی زلهێزی وه‌كو ئه‌مه‌ریكا) و تێگه‌یاندنیان له‌ ماف و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی گه‌لی كورد ده‌بێت به‌ پلانێكی ئیستراجی نیشتیمانیه‌وه‌ بكرێن، وه‌ نه‌بونى لۆبیه‌كی كوردى به‌هێزو یه‌كگرتوو له‌ ده‌روه‌ى وڵات به‌هۆی ململانیه‌ حزبیه‌كانه‌وه‌ هۆكاربون بۆ نه‌خستنی فشار له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى و پشتگیرینه‌كردنیان له‌ دۆزى كورد له‌ پێناو دروستبونى ده‌وڵه‌تى كوردى له‌ باشورى كوردستان. 

ئه‌وه‌ی پێویسته‌ له‌سه‌ر كورد كه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌م لایه‌نانه‌ی لای خواره‌وه‌دا  بكات و باش شیانبكاته‌وه‌ و هه‌ڵیانسه‌نگێنێت پێش هه‌ر هه‌نگاوێك له‌ په‌یوه‌ندیه‌ نێوده‌وڵته‌كانی به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا:

1-  لایه‌نی سیاسی: كورد ده‌بێت ببێت به‌ یاریزانێكى دبلوماسى گرنك و پشتگیری له‌ سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا بكات بۆ سه‌قامگیرى له‌ دیموكراسیه‌ت وئاشتى ناوچه‌كه‌.
2-  لایه‌نی ئابوری: كورد ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندیه‌ سیاسیه‌ ئابوریه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كه‌دا بپارێزێت و له‌گه‌ڵ كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكیه‌كان كاربكات بۆ گه‌شه‌پێدان به‌ ژێرخانى ئابورى كوردستان.
3-  لایه‌نی سه‌ربازی: كورد ده‌بێت هاوكاربێت (نه‌ك هه‌ر له‌ شه‌ری دژ به‌ داعش) به‌ڵكو ببێته‌ فاكته‌رێكى سه‌ره‌كی و گرنگ له‌ سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌.
4-  لایه‌نی مرۆڤایه‌تی: رێزلێنان و پابه‌ندبون به‌ بریاره‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان كه‌ تایبه‌تن به‌ پاراستنی ژیان و شكۆمه‌ندی مرۆڤ.

زۆر له‌ سه‌ركرده‌كان و كه‌سایه‌تى كورد به‌ تایبه‌تى كوردى ئه‌مه‌ریكا ده‌ورێكى سه‌ره‌كى وگرنگیان هه‌بوه‌ له‌ پته‌وكردنى په‌یوه‌ندیه‌كانى كورد و ئه‌مه‌ریكا. داواى لێبوردن ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر ناوه‌كانیان لێره‌دا نه‌نوسراوه‌ چونكه‌ ئه‌م ووتاره‌ ته‌نها له‌سه‌ر بنه‌مای دۆكیومه‌نته‌ مێژوییه‌كان نوسراوه‌ نه‌وه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌وڵی كه‌سایه‌تیه‌كان، بێگومان ئه‌وانه‌ش رۆڵی خۆیانیان بینیوه‌ له‌ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیه‌كان و كردنه‌وه‌ی ده‌رگای جۆراوجۆر .

* سه‌رۆكی پێشوى كۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌ى كورد له‌ ئه‌مه‌ریكاى باكوور
 
سه ر چاوه:
http://www.nrttv.com/birura-details.aspx?Jimare=5856
**************************************

 

 

vokradio.jpg

 Voice of Kurdish-American Radio for Democracy, Peace, and Freedom

 
free stats

 

 

 
< بعد   قبل >

Polls

VOK Radio Newsletter

Name: 
Email:  
Subscribe Unsubscribe

Calendar of Events

« < November 2017 > »
M T W T F S S
30 31 1 2 3 4 5
6 7 8 9 10 11 12
13 14 15 16 17 18 19
20 21 22 23 24 25 26
27 28 29 30 1 2 3
© 2007 - 1396, VOK Radio