Iranian Culture & Art Club of Fresno
رادیو ده نگی کوردستان له ئامریکا

VOK Radio Newsletter

Name: 
Email:  
Subscribe Unsubscribe

Calendar of Events

« < May 2017 > »
M T W T F S S
1 2 3 4 5 6 7
8 9 10 11 12 13 14
15 16 17 18 19 20 21
22 23 24 25 26 27 28
29 30 31 1 2 3 4
Home arrow هه‌رێمه كوردییه‌‌كان arrow زنجیرە وتووێژێك لەگەڵ١٢حيزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان: پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک

Warning: Call-time pass-by-reference has been deprecated in /home/content/v/o/k/vokradio/html/mambots/content/joscomment.php on line 51
زنجیرە وتووێژێك لەگەڵ١٢حيزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان: پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک چاپ ارسال به دوست
سالار حیسامی vokradio, Los Angeles, California, USA   

زنجیرە وتووێژێك لەگەڵ١٢حيزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان

 به شى نۆهەم:  پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک

iranian_kurds_united_front_09.jpg

 

سیامەند موعینی ھاوسەرۆکی پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک

 

پيشه كى:

ئامادەكاری و سەرپەرستی وتووێژەكان: سالار حیسامی

ڕادیۆ دەنگی كوردستان لە ئەمریكا، زنجیرە وتووێژێكی لەگەڵ دوازدە حيزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەبارەی رەوتی گۆڕانكارییەكان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكەو جیهان و كاردانەوەیان لەسەر ئێران، هەروەها سەرهەڵدانەوەی خەباتی چەكداری لە رۆژهەڵاتی كوردستان و پێگەی كورد لە هەنگاونانی بەرەو سەربەخۆیی و چەند تەوەرێكی دیكە ئەنجام داوە، كە لەماڵپەڕی ڕادیۆ دەنگی كوردستان لەئەمریكا، (بەڕەچاوكردنی پێوەری بێلایەنی پیشەیی) بەپێی پیتی(ئەلف بێ)ی ناوی حيزبە بەشداربووەكان بڵاودەكرێنەوە، هەر لایەنێكیش دواتر وەڵامی پرسیارەكان بداتەوە، هەر لە ریزی ئەو زنجیرە وتووێژەدا دادەنرێ.

پێویستە خوێنەرانی بەڕێز ئاگادار بكەینەوە كە ئەم زنجیرە وتووێژە لەپێش بەڕێوەچوونی شەشەمین دیداری ئەنیستیتوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە(مێری) لەهەولێر ئەنجام دراوەو ئەو لایەنانەش كە لەو پانێلانەدا بەشدار نەبوون، لەم زنجیرە وتووێژەدا بەشدار كراون.

بێگومان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدۆخێکی ئاڵۆزو پڕكێشەی ئەوتۆدایە كە ئەگەری گۆڕانکاری لەئایندەی ناوچەكەدا پتربووە، ئەوەش نكۆڵی لێ ناكرێ كە ملمڵانێی ناڕەوای ئایینی و مەزهەبی بووەتە هۆی پەرەسەندنی توندڕەوەی و تیرۆریزم، بەجۆرێك كە دەرگای بۆ دەستوەردانی دەرەكی لەئاستی وڵاتانی ناوچەیی و زلهێزانی جیهاندا كردووەتەوە، كوردیش لەو گۆڕانكارییانەدا پشكی شێری بەردەكەوێ. بۆیە بەلەبەرچاوگرتنی هەوڵدان بۆ یەكڕیزی لەپێناوی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی، تەوەری سەرەكیی وتووێژەكانمان لەبارەی زەروورەتی پێكهێنانی بiranian_kurds_12organizations.jpgەرە، یان هێزێكی هاوبەش و هەماهەنگیكار بووە بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان و هەوڵدراوە كۆسپەكانی بەردەم ئەو هەنگاوە پێویستە تاوتوێ بكرێ. لەوانەشە زۆر كەس گەورەیی و مێژووی ڕابردووی خەبات و قوربانیدانی لایەنەكان بەلایانەوە پێوەر بێ، ئێمەش وەك چاودێر و میدیاكار، شرۆڤەی تایبەت و بابەتییانەمان بۆ قورسایی هەر لایەنێك هەیە، بەڵام ئەركی پیشەیی ناچارمان دەكا، هیچ لایەن و حزبێ نادیدە نەگرین، ئەوەشی وا دوابڕیاردەرە كە كام لایەن جەماوەریترە، ئیرادەی گەلی كوردستانەو ئەو بڕیارە بۆ هاووڵاتییانی كوردستانی بەجێدەهێڵین.

هیوادارین ئەركی خۆمان وەك میدیاكاری بێلایەن بەباشی جێبەجێ كردبێ.

ریزبەندیی بەشداربووانی بەڕێز:

١- بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان
٢- پارتی ئازادیی كوردستان
٣-پارتی ژیانی ئازادی كوردستان '
٤- پارتی سەربەستیی کوردستان
٥- پارتی لیبڕاڵ دیموكراتی كوردستان
٦-حيزبی دیموكراتی كوردستان (هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە)
٧-حيزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران(هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە)
٨- رێكخراوی كوردستانی حزبی‌ كۆمۆنیستی‌ ئێران- كۆمەڵە
٩- سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران
١٠- كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
١١-کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردسـتانی ئێران (هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە)
١٢- یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان 


 

سیامەند موعینی ھاوسەرۆکی پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک



* پرسیاری یەکەممان با ئەوە بێت، ماوەیەکە لە رۆژھەڵاتی کوردستان خەباتی چەکداری سەری ھەڵداوەتەوە و ئەو شێوازی خەباتەش خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێ، بەتایبەتی لەم دۆخەدا کە رۆژھەڵاتی ناوین بەرەو گۆڕانکاریی ژیوپۆلۆتیکی ھەنگاو ھەڵدەگرێ، ھەڵوێستی ئێوە لەو بارەیەوە چییە؟



** لەگەڵ ڕێز و حورمەتم بۆ ئێوە و خوێنەرانی ھێژا، داڕشتنەوەی پرسیار بەم شێوەیە لە جێی خۆیدا نیيە و واتای ئەوەیە کە چالاکيی چەکداری و خۆپاراستن بوونی نەبووە، ئەوە ڕاست نیيە. ئێمە ھەموو بوارەکانی خەبات و تێکۆشان بۆ گەلەکەمان بە ڕەوا دەزانین، لەم چەند ساڵەی دواییدا بە دەیان ھەڤاڵمان لە شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران شەھید بوون. ئێمە ھەموو رەھەندەکانی تێکۆشان بۆ گەلەکەمان بە ڕەوا دەزانین و ھەر کەس و ڕێکخراوێک خەبات بۆ ئازادی بکات، پێشوازی لێ دەکەین. خەباتی چەکداری و شەڕی شۆڕشگێڕی ھێندێک قەواعیدی خۆی ھەیە کە پێویستە ھەموو لایەک لە بەر چاوی بگرن، کە نەبێتە ھۆی زەربەخواردن و خستنی موڕاڵی گەل. پێویستە شەڕی چەکداری ھەماھەنگی و بەرنامەڕیزیيەکی جددی لە پشت بێت.


 
* ڕایەک ھەیە پێداگری لەوە دەکا، کە لە بەشێکی باشووری کوردستان جۆرێک لە سانسۆری ھەواڵەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بەدی دەکرێ، لە بەشێکی دیکەشی بایەخی تەواوی پێ دەدەن، چ خوێندنەوەیەکتان بۆ ئەو ڕایە ھەیە؟



** ڕاستە لە باشووری کوردستان سانسۆڕی ميدیایی ھەیە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ھێندێک پێوەنديی ناسالمی حیزبەکان لەگەڵ بەشێک لە داگیرکەرانی کوردستان. ئەو سانسۆڕە دوورە لە رۆحی نەتەوەیی و ناوەڕۆکی ئازادی ميدیایی.


* پێوەندییەکانی کوردی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی چۆنەو ئایا ئەو ئەزموونەی باشووری کوردستانتان لەبەرچاو گرتووە کە کاتی خۆی لەگەڵ حزبە عێراقییەکان لە دژی حکومەتی بەعس لە بەرەیەکدا بوون و ئێستا ھەر ئەوان بودجەو مووچەی خەڵکی کوردستانیان بڕیوە؟



** بەڵی، ئەزموونی باشوری کوردستانمان لەبەر چاوەو کاردانەوەی ئەوەشمان باش نرخاندووەو ئێستا ھەر کەس دەرئەنجامەکانی لە پێش چاوە. ئێمە پێوەندیمان بە ھێندێک ئۆپۆزیسێۆنی ئێرانيیەوە ھەیەو ئەم پێوەندیيانە لە سەر ئەساسی ڕێزگرتن لە بیر و باوەری جیاوازە و لە گەڵ ھەر ھێز و تەنانەت کەسایەتيی ئازادیخواز ئامادەی دۆستایەتی و ھاوکارین، ھاوکات سنوورمان داناوە بۆ پێوەندی لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانەی کە بە بیری شۆڤینیستی دەڕواننە داوخوازیيەکانی گەلەکەمان و ھیچ کاتیش لەگەڵ ئەم جۆرە بیرە کۆنەپەرەستانە ھاوھەنگاو نابین کە سنوور بۆ ئازادی بیر و ڕا دادەنێن.  



  * بۆچی لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا لەسەر ئاستی ھەموو پارچەکان، پرۆژەیەکی نەتەوەیی، یان لانیکەم رێککەوتنێک لەسەر رەھەندە گشتییەکان نابیندرێ؟ بۆچی کۆنگرەی نەتەوەیی پەکی کەوت؟



** لەسەر ئاستی ھەمو کوردستان پڕۆژەی کۆنگرەی نەتەوەیی ھەیە کە دەتوانێت لەم قۆناخە ھەستیارەی مێژوییدا بۆ گەلی کوردستان دەستکەوتی ھەبێت، بەڵام لە بەر ھۆی ھێندێک کێشە تا ئێستا نەیتوانیوە بە تەواوی ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. ئەویش دەتوانین ئاماژە بە دەستێوەردانی دەوڵەتانی ھەرێمی بکەین کە ڕۆڵی تێکدەرانەیان لەم بابەتانەدا ھەبووەو ھێندێک حیزبی سیاسیش بە ھۆی بەرژەوەندی ئابووری و حیزبی خۆیان کەوتوونەتە خزمەت سیاسەتی تێکدەرانەی ئەم دەوڵەتانە.



  * دەگوترێ باسی پێکھێنانی بەرەی کوردستانی لە رۆژھەڵاتی کوردستان بووەتە پرسێکی سەرزارەکی، لە بەر ئەوەی ھەموو حزب و لایەنەکان بە دەیان جار لە بەر دەم مایکی میدیاکاندا ئامادەیی خۆیان بۆ پێکھێنانی ئەو بەرەیە دەربڕیوە، کەچی تا ئێستا وەک پراکتیک ھیچ ئەنجامێکی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام لەم دۆخەدا کە گۆڕانکاری جددی لە ناوچەکەدا رووی داوە و وەرچەرخانی دیکەش بەڕێوەیە، تا چەند ھەوڵتان داوە پێکھێنانی بەرەی کوردستانی لە قاڵبی دروشم دەربچێ، یان وەک لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لانیکەم جۆرێک لە ھەماھەنگی لە نێوان خۆتان دروست بکەن؟



** ئێمە بەرپرسی کردەوەکانی خۆمانین، سەردانی ھەموو حیزبەکانمان کردووەو پێشنیاری کۆنکرێتمان ئاراستە کردوون و دەعوەتمان بە ھاوکاريی یەکتر کردووە. لە ھێندێک بوار ديماگۆژی و سکتاریزم و خۆ بە ناوەند زانین پێشگیرە لە ھاوکاری، ئەوەش راست ویستی دەوڵەتانی داگیرکەرە. ئێمە خەباتی خۆمان لە بواری سیاسی و رێکخستنی بەرەوپێش دەبەین و ھاوکات ئامادەین لەگەڵ ھەمو حیزب و رێکخراوێکی سیاسی و مەدەنی کە بڕوای بە ئازادی ھەبێت، ھاوکاری بکەین.



* کۆبوونەوەی ھەندێ لە حزبە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە پێناوی ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش تا چەند پرۆسەیەکی کارایە و ئەوەش کە دەگوترێ جۆرێک لە تەریکخستن، یان نادیدەگرتنی لایەنگەلی دیکەی لێکەوتووەتەوە، تا چەند ڕاستە؟

** ھیچ پڕۆژەیەک لە رۆژھەڵاتی کوردستان بە بێ پژاک ناتوانێت سەرکەوتن بە دەست بێنێت، ئێمە لە خەباتی ڕۆژھەڵات بەرەوپێش چوین و ئامانجی ئێمەش خزمەت بە گەلەکەمان و سەقامگیری ئازادی کۆمەڵگەیە، ھیچ حیزبێک ناکرێت نادیدە بگیردرێت، مادام کە ھەبوونیان ھەبێت و شەرعيیەت لە کۆمەڵگەکەیان وەربگرن.

  * یەکگرتنەوەی دیموکرات و کۆمەڵەکان تا چەند زەمینەی ھاوکاری و خەباتی ھاوبەشی گشت حزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان خۆش دەکا؟



** ئێمە ھەموو نزیکبوونەوەیەک لەم قۆناخەدا بە ئەرێنی دەزانین.

* ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا دەمێکە دۆسیێ ناوکی، پرسی دیموکراسی و فایل و ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەجووڵێنن، تا چەند بەوە گەشبینن کە ئەو فشارانە ئەگەری ریفۆرم لەو وڵاتەدا بڕەخسێنێ و ئایا تا ئێستا کاریگەرییەکی ئەرێنی ھەبووە؟



** دەمێکە زلھێزەکان پرسی مافی مرۆڤ و ھێندیک مژاری تر لە ھەمبەر ئێران بە رۆژەڤ دەکەن، بەڵام ئەم بابەتانەش زیاتر لە کارتێکی فشار دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران تێپەڕ نەبووەو تا ئێستا ئەم مژارانە نەیانتوانیوە کارا بن و ئێران بەردەوامە لە زەخت و فشار بۆ سەر چالاکوانان. ئێمە لە سەر توانای گەلی خۆمان و ئازادیخوازان حیساب دەکەین. ئامریکا و زلھێزەکان پڕۆژەی خۆیان ھەیە بۆ ئێران و ئێمەش پڕۆژەی خۆمان.


*کەواتە وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمریکا بۆچی بە سیاسەتی نەرم لەگەڵ ئێران مامەڵە دەکەن؟



** ھەر وەک عەرزم کردن ئامریکا پڕۆژەی خۆی ھەیەو ئەوەش سیاسەتی لیبڕاڵی ئؤباما لە ھەمبەر ئێران بووەو پێیانوابووە کە بە تەحریم و زەختی ئابووری دەتوانن رەفتار و تەعریفی دەستەڵاتداران بۆ روانگەی گشتی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بگۆڕن و بە شێوازی ریفۆرم، ئاڵوگۆڕێ لە ناو ئەم سیستمە بکەن. ئێمە بە پشت بەستن بە ئیرادەی گەلەکەمان و خوێندنەوەیەکی زانستیيانە لە سەر سیاسەتی گشتی ھەموو زلھێزەکان لە ناوچەکە، سیاسەتی خۆمان بە قازانجی گەل بەرەو پێش دەبەین.


 * دواپرسیارمان با گریمانەی ئەوە بێ، کۆماری ئیسلامی ئێران داوای وتووێژ و چارەسەری ئاشتییانەی کێشەی کورد لە ئێران بکا، ئەگەر وەک رێکخراوێکی ڕێپێدراو مافی چالاکیی سیاسی و مەدەنیتان لە رۆژھەڵاتی کوردستان پێ بدرێ، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پێشنیارەدا دەکەن و تا چەند ئەو ئەگەرە بە شتێکی مەحاڵ دەزانن؟



** چارەسەری پرسی گەل و ئازادی کۆمەڵگە خواستی ئێمەیەو ئامادەین بۆ ھەموو وتووێژێک کە لە سەر بنەمای چارەسەری بێت و ئیرادەی گەلەکەمان بۆ دیارکردنی چارەنووسی خۆی بە شێوازی ديموکراتیک بە فەرمی بناسرێت.

   

**************************************

 

vokradio.jpg

 Voice of Kurdish-American Radio for Democracy, Peace, and Freedom

 
free stats

 

 

 
< بعد   قبل >
© 2007 - 1396, VOK Radio