Iranian Culture & Art Club of Fresno
رادیو ده نگی کوردستان له ئامریکا

VOK Radio Newsletter

Name: 
Email:  
Subscribe Unsubscribe

Calendar of Events

« < November 2017 > »
M T W T F S S
30 31 1 2 3 4 5
6 7 8 9 10 11 12
13 14 15 16 17 18 19
20 21 22 23 24 25 26
27 28 29 30 1 2 3
Home arrow هه‌رێمه كوردییه‌‌كان arrow زنجیرە وتووێژێك لەگەڵ١٢حيزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان: كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
زنجیرە وتووێژێك لەگەڵ١٢حيزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان: كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان چاپ ارسال به دوست
سالار حیسامی vokradio, Los Angeles, California, USA   

زنجیرە وتووێژێك لەگەڵ١٢حيزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان

  به شى حه وتم :

كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان

عومەر ئیلخانیزادە سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان

پيشه كى:

ئاماده كارى و سه رپه ره شتى وتوويژه كان: سالار حیسامی

ڕادیۆ دەنگی كوردستان لە ئەمریكا، زنجیرە وتووێژێكی لەگەڵ دوازدە حيزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەبارەی رەوتی گۆڕانكارییەكان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكەو جیهان و كاردانەوەیان لەسەر ئێران، هەروەها سەرهەڵدانەوەی خەباتی چەكداری لە رۆژهەڵاتی كوردستان و پێگەی كورد لە هەنگاونانی بەرەو سەربەخۆیی و چەند تەوەرێكی دیكە ئەنجام داوە، كە لەماڵپەڕی ڕادیۆ دەنگی كوردستان لەئەمریكا، (بەڕەچاوكردنی پێوەری بێلایەنی پیشەیی) بەپێی پیتی(ئەلف بێ)ی ناوی حيزبە بەشداربووەكان بڵاودەكرێنەوە، هەر لایەنێكیش دواتر وەڵامی پرسیارەكان بداتەوە، هەر لە ریزی ئەو زنجیرە وتووێژەدا دادەنرێ.

پێویستە خوێنەرانی بەڕێز ئاگادار بكەینەوە كە ئەم زنجیرە وتووێژە لەپێش بەڕێوەچوونی شەشەمین دیداری ئەنیستیتوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە(مێری) لەهەولێر ئەنجام دراوەو ئەو لایەنانەش كە لەو پانێلانەدا بەشدار نەبوون، لەم زنجیرە وتووێژەدا بەشدار كراون.

بێگومان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدۆخێکی ئاڵۆزو پڕكێشەی ئەوتۆدایە كە ئەگەری گۆڕانکاری لەئایندەی ناوچەكەدا پتربووە، ئەوەش نكۆڵی لێ ناكرێ كە ملمڵانێی ناڕەوای ئایینی و مەزهەبی بووەتە هۆی پەرەسەندنی توندڕەوەی و تیرۆریزم، بەجۆرێك كە دەرگای بۆ دەستوەردانی دەرەكی لەئاستی وڵاتانی ناوچەیی و زلهێزانی جیهاندا كردووەتەوە، كوردیش لەو گۆڕانكارییانەدا پشكی شێری بەردەكەوێ. بۆیە بەلەبەرچاوگرتنی هەوڵدان بۆ یەكڕیزی لەپێناوی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی، تەوەری سەرەكیی وتووێژەكانمان لەبارەی زەروورەتی پێكهێنانی بiranian_kurds_12organizations.jpgەرە، یان هێزێكی هاوبەش و هەماهەنگیكار بووە بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان و هەوڵدراوە كۆسپەكانی بەردەم ئەو هەنگاوە پێویستە تاوتوێ بكرێ. لەوانەشە زۆر كەس گەورەیی و مێژووی ڕابردووی خەبات و قوربانیدانی لایەنەكان بەلایانەوە پێوەر بێ، ئێمەش وەك چاودێر و میدیاكار، شرۆڤەی تایبەت و بابەتییانەمان بۆ قورسایی هەر لایەنێك هەیە، بەڵام ئەركی پیشەیی ناچارمان دەكا، هیچ لایەن و حزبێ نادیدە نەگرین، ئەوەشی وا دوابڕیاردەرە كە كام لایەن جەماوەریترە، ئیرادەی گەلی كوردستانەو ئەو بڕیارە بۆ هاووڵاتییانی كوردستانی بەجێدەهێڵین.

هیوادارین ئەركی خۆمان وەك میدیاكاری بێلایەن بەباشی جێبەجێ كردبێ.

ریزبەندیی بەشداربووانی بەڕێز:

 

 

١- بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان
٢- پارتی ئازادیی كوردستان
٣-پارتی ژیانی ئازادی كوردستان '
٤- پارتی سەربەستیی کوردستان
٥- پارتی لیبڕاڵ دیموكراتی كوردستان
٦-حيزبی دیموكراتی كوردستان (هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە)
٧-حيزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران(هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە)
٨- رێكخراوی كوردستانی حزبی‌ كۆمۆنیستی‌ ئێران- كۆمەڵە
٩- سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران
١٠- كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
١١-کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردسـتانی ئێران (هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە)
١٢- یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان 

 

عومەر ئیلخانیزادە سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان


دیمانە: سالار حیسامی

 * پرسیاری یەكەممان با ئەوە بێت، ماوەیەكە لە رۆژهەڵاتی كوردستان خەباتی چەكداری سەری هەڵداوەتەوە و ئەو شێوازی خەباتەش لەم دۆخەدا كە رۆژهەڵاتی ناوین بەرەو گۆڕانكاریى ژیوپۆلۆتیكی هەنگاو هەڵدەگرێ، خوێندنەوەى جیاوازی بۆ دەكرێت. هەڵوێستی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لەو بارەیەوە چییە؟


** بەر لە هەموو شتێك دەبێ ئەوەتان عەرز بكەم كە خەباتی چەكداری و ئەلتەرناتیڤی چەكداری لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان نەبڕاوە و هیچ حزبێكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەو خەباتەی رەدنەكردووەتەوە. ئێمە دەورانێك شكستی نیزامیمان خوارد، پشت جەبهەمان نەما، ئەوكات بە هۆی ڕاوەستانی شەڕی عێراق و ئێران و ئەنفالەكانی كورد لە باشووری كوردستان و زۆر فاكتەری دیكە و بۆ ئەوەی لە ناو خاكی كوردستانی عێراق بارەگا و جێگە و ڕێگەی پێشمەرگەمان بمێنێتەوە، دواتريش لە بەر بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان، ئێمە زۆر بە وشیارییەوە كارمان كردووە و نەمانویست بارگرانییەكی زۆرتر بخەینە سەر ئەو هەرێمە تازەپێگرتووە. بەڵام ئەوەی كە هەیە نابینم حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دژایەتی خەباتی چەكدارییان كردبێ، لە سەر شێواز و چۆنیەتییەكەیەتی كە ئێمە دەبێ ڕێكبكەوین. بەر لە هەموو شتێك هیچ خەباتێكی چەكداری بە بێ خەباتی سیاسی ناتوانێ سەركەوتوو بێ. ئێمە دەبێ كارێك بكەین كە هەماهەنگیی زیاتر هەبێ لە نێوان حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بە جۆرێك ئامادەكاری بكەین بۆ ئەو دەورەیە كە هەم خەسار و گرفتمان كەمتر بێ، هەم بتوانین كارێكی بەردەوام دەست پێ بكەین. ئێمە لەم بابەتەوە تێبینییەكەمان ئەوەیە كە پێویستە ئامادەكاریی زۆرتر، هەماهەنگیی گشتی، تەزمینی كارێكی بەردەوام و پێكەوەلكاندنی خەباتی سیاسی و خەباتی چەكداریمان هەبێ.  

  * بەڵام دەگوترێ هەر لە ناو سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان (وەك شەخس، نەك وەك باڵ) بۆچوونی جیاواز و تەنانەت دژبەر هەیە لە سەر هەڵگیرسانەوەی خەباتی چەكداری لە رۆژهەڵاتی كوردستان، ئەوە تا چەند راستە؟

       
** ئەوە هیچ ڕاستییەكی تێدا نییە. كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە ساڵی 2008ـەوە پێداگری لەسەر ئەوە كردووە كە ئێمە دەبێ كارێك بكەین، هێزی پێشمەرگە لە سنوورەكان جێگیر بن و باریش نەبین بە سەر هەرێمی كوردستانەوە، هەموو جارێكیش ئەوەمان وتووە كە ئێمە ئەو لایەنەین كە تەرەفداری ئەوەین ئامادەكاری بكرێ و هێزی پێشمەرگەش مافیەتی كە بەرگری لە وڵاتی خۆی بكا، ئەوەش سیاسەتی حزبی و ئوسووڵی ئێمەیە، نەك هەر لە ئێستا، لە ساڵی 2008ـەوە پێداگریمان لەسەر ئەوە كردووە. لەو دۆخەی ئێستاشدا ئێمە پشتیوانیمان لە حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە بەرامبەر كۆماری ئیسلامیدا كردووە، پارەكەش كە حزبی دیموكراتی كوردستان شەهیدی دا، ئێمە پشتیوانیمان كردووە، بەڵام ئێمە بە تەواو و بە كافی نازانین. ئێمە لە ساڵانی 2008، 2009، 2010 و 2011ـەش چالاكیی چەكداریمان كردووە و شەهیدمان بووە، بەڵام هیچ كام لەوانە نەبووەنەتە هۆی ئەوەی كە هێزی پێشمەرگە لەو خەباتە چەكدارییە بەردەوام بێ. دیارە بەربەستی جۆراوجۆرمان لەبەردەمە. ئێمە بڕوامان بە خەباتی چەكداری هەبووە و لە ئێستاشدا دەبێ هەموو لایەنەكان بە هەموو وجوودە ئامادەكاری بۆ بكەین، لە ئیستقراری هێزەكانی پێشمەرگە لە سنوورەكانەوە، هەتا دروستكردنی هێز لە ناوەوە. كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، ئەم بەحسەی تیا نییە، كە خەباتی چەكداری بكەین، یا نەیكەین، بەڵام ئێمە سنووری خۆمان هەیە و وتەبێژی فەرمیمان هەیەو هەم من و هەم كاك رەزا كەعبی باسی ئەوەمان كردووە كە پێویستە ئامادەكاری تەواوی بۆ بكرێ. چالاكيی چەكداری كراوە و ڕاگەیاندنی دەرەوەش بە بایەخەوە ڕووماڵی كردووە. هەر ئەوەش كە ئێستا تەلەفزیۆنەكانی كەناڵی ئاسمانی كوردستان 24 و رووداو بە شێوەیەكی پڕۆفیشناڵ هەواڵەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بڵاودەكەنەوە، مایەی دڵخۆشییە كە گرنگی بە رووداوەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەدەن.

* باسی كەناڵی ئاسمانی كوردستان 24 و رووداو-تان كرد، كە بە شێوەیەكی پڕۆفیشناڵ ڕووماڵی هەواڵەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكەن، بەڵام ڕایەك هەیە پێداگری لەوە دەكا، كە لە زۆنی سەوز جۆرێك لە سانسۆری هەواڵەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەدی دەكرێ، چ خوێندنەوەیەكتان بۆ ئەو بابەتە هەیە؟


** ئەوەی كە چۆنە هەموو خەڵك بۆ خۆیان دەیبینن، بەڵام ئەوەی پێویستە بیڵێین ئەوەیە كە بۆ ڕووماڵكردنی هەواڵەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان سوپاسی كەناڵی ئاسمانی كوردستان 24 و بەتایبەتی ڕووداو دەكەین.

* ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاوا دەمێكە دۆسیێ ناوكی، پرسی دیموكراسی و فایل و ڕاپۆرتەكانی مافی مرۆڤ لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران دەجووڵێنن، تا چەند بەوە گەشبینن كە ئەو فشارانە ئەگەری ریفۆرم لەو وڵاتەدا بڕەخسێنێ و ئایا تا ئێستا كاریگەرییەكی ئەرێنی هەبووە؟


** ئێمە هیچ بڕوایەكمان بەوە نییە كە كۆماری ئیسلامی ئێران دەتوانێ بەرەو ڕیفۆرم بڕوا، يان گۆڕانكاری لە سیاسەتیدا بكرێ و جۆرێ كرانەوەی تێدا دروست بێ، یان بە جۆرێك ڕوو بە دیموكراسی بڕوا. ئەوە لە دەورەی ڕەفسەنجانی و خاتەمی نەكرا، ئەحمەدی نەژادیش نەیكردو مووسەوی و كەرووبی بۆیان نەكرا، رۆحانی-یش بۆی ناكرێ، ئەوە موممكین نییەو تەنیا تەوەهومە. لە دەروەی ئیسڵاحتەڵەبەكان ئەو پرس و هاوكێشانە هەنگاوێك نەچوونە پێشێ، بۆیە ئێمە هیچ هیوایەك لەسەر ئەوە هەڵناچنین، بەتایبەتی بەرانبەر بە پرسی كورد، هەڵچنینی دیواری لەو جۆرە تەنیا هێشتنەوەی خەڵكی كوردستانە لە چاوەڕەوانیدا، ئەوەش وەهمێكە كە تا ئێستا زیانی بەتایبەتی بۆ بزووتنەوەی كورد بووە. بێگومان نە باڵی توندئاژۆی كۆماری ئیسلامی ئێران و نە باڵی ئیسڵاحتەڵەب خەمی پرسی كوردیان نییەو لەو بوارەشدا هیچ كارێك بۆ كوردو دەستەبەری مافەكانی ناكەن، هیوابەستنيش بە باڵی ئیسڵاحتەڵەبی ئێران گرەوكردنەوە لە سەر ئەسپی دۆڕاو.

* كەواتە وڵاتاتی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمریكا بۆچی بە سیاسەتی نەرم لەگەڵ ئێران مامەڵە دەكەن؟


** ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاوا هەڵەی زۆر گەورەیان كرد چ لە سەردەمی رەفسەنجانی و چ لە دەورەی خاتەمی و ئێستاش كە رۆحانییە، پێیانوابوو بە بالێ رێفۆرمخواز گۆڕانكاری لە سیاسیەتی ئێراندا دەكرێ. ئەو وڵاتانە ناتوانن دەست لە ئێران هەڵبگرن، دەنا هەمووان دەزانن كە ئەو هەموو ناعەداڵەتییە و ئەو سیاسەتە كە كۆماری ئیسلامی بەڕێوەی دەبا، هەر هەمان سیاسەتی داعشە و هەمان شەریعەتی ئایینی و توند لە ئێران بەڕێوەدەچێ. هەموو رۆژێ زۆرترین ئێعدام لە ئێران بكرێ، هیچ ڕۆژنامەیەك ئازاد نەبێ، هیچ نەتەوەیەك بچووكترین مافی نەبێ، زەڕەییەك ئەوەی پێی دەگوترێ دیموكراسی بوونی نەبێ، بە ئاشكراش بەرانبەر بە هەموو جیهان بڵێن دیموكراسی شتێكی خراپە و ئێمە لە دژی بە شەڕ دێین، لە ناوخۆ و لە هەموو وڵاتانی دراوسێ و جیهان تیرۆر بكەن، لەگەڵ هەموو گرووپێكی تیرۆریستی لە وڵاتانی عەرەبی پێوەندی بگرێ، چۆن دەكرێ وڵاتێكی ئاوەها بەرەو كرانەوەیەك، یان بەرەو دیموكراسی بڕوا؟

* پێوەندییەكانی كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی چۆنە و ئایا ئەو ئەزموونەی باشووری كوردستانتان لەبەرچاو گرتووە كە كاتی خۆی لەگەڵ حزبە عێراقییەكان لە دژی حكومەتی بەعس لە بەرەیەكدا بوون و ئێستا هەر ئەوان بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانیان بڕیوە؟


** ئەو سیاسەتەی كە ئەو كات عێراقی دابەش كرد لەسەر بنەمای شیعە و سوننی و كورد، غەڵەت بوو. دەبوا ئەوەیان ڕەچاو بكردایە كە ئەوەی بە ناوی مەزهەبەوە دێ، بچووكترین ئاستی دیموكراسی قبووڵ ناكا. ئەزموونی عێراقی نوێیش نیشانی دا، هەموو غەدرێك لە كورد كراوە، واتە پاشەكشەی حكوومەتی ناوەندی لە هەموو بڕیار و قەرارات و ڕێككەوتنەكان دەریخست كە لەگەڵ حكوومەتێكی مەزهەبی و ئیسلامی ناتوانی باسی فیدراتیڤ و باسی شەراكەت بكەی. بەتایبەتی حكوومەتی ئێستای عێراق كە یەكێك لە حكوومەتە دەستنیشاندەكانی ئێرانە و ئێران ڕێبەرایەتی هیلالی شیعە لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات و خۆی بە زلهێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانێ و یەكەم دەوڵەتی مەزهەبییە كە لەو ناوچەیەدا دین و شەریعەت و مەزهەبی بە سەر سیاسەتدا زاڵ كردووە. جیا لەوەش هەموو ئەو حزب و لایەنە سیاسییانەی عێراق و ئێران كە بە ناوی مەزهەب و یا بە ناوی ئێران و عێراق و بۆ عەزەمەتی ئێران و عێراق كاردەكەن، كورد نەیتوانیوە لەگەڵیان بە تەوافوق بگا. لەو لایەنە كوردییانەش كە لەگەڵیان چوونە كۆنفرانس و سیمینارەوە، هەر بەو نەتیجەیە گەیشتن. چونكە ئەوان یەكەم شت كە باسی دەكەن، دەڵێن ئێمە بە مەرجێك لەگەڵتان دادەنیشین كە باسی تەبعیزات نەكەن.  باشە تەبعیزی میللی باس نەكرێ، تەبعیزی چینایەتی باس نەكرێ، تەبعیز لە سەر ژنان باس نەكرێ، چۆن دەكرێ دانیشتنێكی وا سەر بگرێ؟ بەگشتی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هێزێكی پەرش و بڵاوە، بەڵام كورد لە شەڕی دووەمی جیهانییەوە ئەوە زیاتر لە حەفتا ساڵە لە مەسەلەی میللیدا پێشەنگ بووە و لەم بارودۆخەشدا دەوتوانێ دەوری گەورە ببینێ. بەڵام بۆ ئەوەی ئێمە لەگەڵ هێز و خەڵكی دیموكرات و سیكۆلاری ئێران بتوانین بە تەوافوق بگەین. یەكەم دەبێ ئێمە لە ناو حزبە كوردییەكاندا زمان و گوتارمان بكەین بە یەك، دووەم شت ئەوەیە كە بە مەرجێك دەتوانین واریدی هاوكاری لەگەڵ ئەوان بین، كە ددان بەوەدا بنێن ئێران وڵاتێكی فرەنەتەوەیە و سەرەتاییترین ماف ئەوەیە كە هەر نەتەوەیەك ماف و تایبەتمەندی خۆی هەیە، دەنا لە غەیری ئەوە ناكرێ و نابێ. ئێمە هەوڵمان هەیە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و دیالۆگیشمان هەیە، بە خۆشییەوە كەسانێكیش پەیدابوون لە ناو ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانیدا كە ئەوە قبووڵ دەكەن. بەڵام وەك باسمكرد سەرەتا دەبێ ئێمەی كورد یەكگوتار بین.

*  باسی یەكڕیزی و یەكگوتاریتان كرد وەك پێشمەرجی هەر هەنگاوێك، بەڵام بۆچی لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا لەسەر ئاستی هەموو پارچەكان، پرۆژەیەكی نەتەوەیی، یان لانیكەم رێككەوتنێك لەسەر رەهەندە گشتییەكان نابیندرێ؟ بۆچی كۆنگرەی نەتەوەیی پەكی كەوت؟


**  بزووتنەوەی كورد گەمارۆ دراوە و لە هەمان كاتدا تا ئەم سەردەمە وڵاتانی گەورەی دونیا ئاوڕیان لە كورد نەداوەتەوە، بەڵام لە دوای گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و كەوتنی عێراق و سووریا و دروستبوونی تیرۆریسمی تاڵبان و داعش لە ناوچەكە و بەرگريی كورد لە باشوور و ڕۆژئاوا پێگەی كورد جێی بایەخیان بووە. ئێران هەم پێوەندی لەگەڵ كوردی باشوور هەیە، هەم پێوەندی لەگەڵ كوردی باكوور و ڕۆژئاوا هەیە، ئەوە كاریگەری زۆری لەسەر بزووتنەی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەیە، ئەوەش لە پێكهاتەی جوغرافیایی ئێمەوە سەرچاوە دەگرێ. ئەو گرفت و بەربەستانە هەیە، بەڵام بەخۆشییەوە ئێستا دونیا بە هۆی شەڕی دژی تیرۆر لە باشووری كوردستان و ئەو خەباتەی لە ڕۆژئاوای كوردستان هەیە، باشتر كورد دەناسێ و رێزی لێ دەگرێ، بەڵام هۆكاری ئەوەی كە نەمانتوانیوە بچینە پێشێ، ئەوەیە كە لە نێوان بەشەكانی كوردستانی خۆشماندا نەك هەماهەنگی نییە، بگرە ناهەماهەنگی هەیە و تەنانەت جاری وایە دەستێوەردان دەبینین، بۆیە ئەوانە هەموو كێشەن و دەبێ بە پشوودرێژی كار بۆ چارەسەریان بكەین. بەڵام گرنگ ئەوەیە ورە و هەستی نەتەوەیی خەڵكی كوردستان فشارێكی گەوەی لە سەر هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكانی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان و لەسەر دەسەڵاتدارانی هەموو بەشەكانی كوردستان دروست كردووە.

* دەگوترێ باسی پێكهێنانی بەرەی كوردستانی لە رۆژهەڵاتی كوردستان بووەتە پرسێكی سەرزارەكی، لە بەر ئەوەی هەموو حزب و لایەنەكان بە دەیان جار لە بەر دەم مایكی میدیاكاندا ئامادەیی خۆیان بۆ پێكهێنانی ئەو بەرەیە دەربڕیوە، كەچی تا ئێستا وەك پراكتیك هیچ ئەنجامێكی لێ نەكەوتووەتەوە، بەڵام لەم دۆخەدا كە گۆڕانكاری جددی لە ناوچەكەدا رووی داوە و وەرچەرخانی دیكەش بەڕێوەیە، تا چەند هەوڵتان داوە پێكهێنانی بەرەی كوردستانی لە قاڵبی دروشم دەربچێ، یان وەك لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لانیكەم جۆرێك لە هەماهەنگی لە نێوان خۆتان دروست بكەن؟


**  ئەوە ڕەخنەیەكی زۆر دروستە و كوردی ڕۆژهەڵات دەبێ بەو خاڵە بگا، كە ئەو پەرتەوازی و پەرش و بڵاوییەی كە ئێستا هەیە، هاوكێشەیەكە كە وەك عەدەدی یەك بۆ سەد(1بۆ 100) وایە و پێموایە یەكێك لە گرفتەكان دووركەوتنەی ئێمەیە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و نیشتەجیبوونمان لە تاراوگە كە ئەوە كاریگەری هەبووە لە سەر ئەوەی كە ئێمە چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕێكی گەورە بین، كە لە سەرەوە و لە سەتحی جیهانیدا بكرێ و ئەو كات هەر حزبێك خۆی بە تاقەسواری مەیدانەكە بزانێ، بەڵام ئەوە هەڵەیە و دەبێ ئەلتەرناتیڤی جۆاروجۆرمان هەبێ، كە پێموایە بە بێ ئەوەی هەماهەنگییەكی تەواومان هەبێ، هیچ نەقشەڕێگەیەكی دیكەمان نییە. بۆیە بە ڕاشكاوی وەك ئەوەی ئێستا عەرزتانی دەكەم، ئێمە وەك كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان هیچ مەرجێكی پێشوەختەمان نییە و لەگەڵ هەموو حزب و لایەنەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئامادەی دانیشتن و گفتوگۆین، بۆ ئەوەی لانیكەم خاڵگەڵێك بۆ هاوكاری دەستنیشان بكەین و لەسەر ڕێكبكەوین. خۆ دەكرێ بەرپرسان و نوێنەرانی حزبەكان بۆ نموونە لانیكەم لە ساڵیادی حوكمی جیهادی خومەینی بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بۆ مەحكوومكردنی ئەو تاوانە گەورەیە هەبێ. ئەو دانیشتنانەی ئێستای حزبەكانیش هیوادارم ڕێگەی هاوكاری و كار و خەباتی هاوبەشی زیاتر بدۆزێتەوە.

* ئەی تا چەند یەكگرتنەوەی دیموكرات و كۆمەڵەكان زەمینەی هاوكاری و خەباتی هاوبەشی بەرەی كوردستانی خۆش دەكا؟ هەروەها ماوەیەكی زۆرە باسی يەكگرتنەوەی كۆمەڵەكان دەكرێ، ئەنجامی دانیشتن و گفتوگۆكانتان بە گوێ گەیشتووە و  چ كەند و كۆسپێكی لە بەردەمدا ماوە؟


**  بێگومان یەكگرتنەوە كاریگەری خۆی هەیە و پێموایە لە ئێستادا یەكگرتنەوەی كۆمەڵەكان و دیموكراتەكان زەروورەتە و هەم دیموكراتەكان و هەم كۆمەڵەكان دانیشتن و دیالۆگیشیمان بۆ ڕەوتی یەكگرتنەوەكان هەبووە، شكستی نیزامی و باڵەوازەبوونمان لە وڵاتی خۆمان دەكرێ بە سیحەتی سەدر و بە حەوسەلە و یەكتر قبووڵكردنی زیاتر قەرەبوو بكەینەوە. بەڵام نایشارمەوە تا وەختێك بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان گۆڕانی بەسەردا نەیەت، یان خەباتی خۆمان نەبەینەوە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، خۆمان كەمتر لە یەك نزیك دەبینەوە و پرۆسەی كار و خەباتی بەرەیی كەمتر دەچێتەپێش، سەبارەت بە یەكگرتنەوەی كۆمەڵەش، بەداخەوە باڵی دەسەڵاتداری كۆمەڵەی شۆڕشگێر گفتوگۆكانیان تێك دا، دوای كۆنگرەی چواردەیان بەشێكی ئەندامانی زۆری كومیتەی ناوەندی و سێ ئەندامی دەفتەری سیاسییان هاتنەدەرێ و ئیعترازیان بوو لەوەی كە بڕیارەكانی كۆنگرە جێبەجێ نەكراوە، ئەوان ئێستە لەگەڵ ئێمە لە دیالۆگدان و شتێكیشیان دروست نەكردووە، بۆ ئەوەی جەنجاڵ نەبێ و كەسیان نایانەوێ ناوی كۆمەڵەیەكی دیكە زیاد بكەن، پێویستە ئەو سێ كۆمەڵەیەی هەیە كەمی بكەینەوە، نەك زیادی بكەین، ڕەوتی سوسیالیستیش لایەنێكە كە چەند ساڵە كار دەكا، لەگەڵ ئەوانیش ئێمە لە دیالۆگداین و زۆر چووینەتە پێشێ، بە خۆشییەوە لەگەڵ رێكخراوی كوردستانی حزبی كمونیستی ئێران تا ڕاددەیەكی باش گفتوگۆ و هەماهەنگیمان هەیە و هەوڵ دەدەین زیاتری بكەین، هەلومەرجەكەش گوشاری ئابووری بۆ دروست كردووین، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنەكان ئامادەی هەماهەنگی و هاوكارین.

*  دواپرسیارمان با گریمانەی ئەوە بێ، كۆماری ئیسلامی ئێران داوای وتووێژ و چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە ئێران بكا، ئەگەر وەك رێكخراوێكی ڕێپێدراو مافی چالاكیی سیاسی و مەدەنیتان لە رۆژهەڵاتی كوردستان پێ بدا، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پێشنیارەدا دەكەن و بەگشتی ئەو ئەگەرە تا چەند لە مەحاڵ نزیكە؟


** ئەو قسەیە كونسوڵی ئێران لە سلێمانی و سەفیری ئێران لە هەولێر كردوویانە و دەڵێن وەرن چەك دابنێن و لە چوارچێوەی ئیسلامدا كار بكەن. ئێمە ئامادەین بۆ وتووێژ لەگەڵ كۆماری ئیسلامی و هەموو ئەو دەسەڵاتەی كە ڕووبەڕووی بزووتنەوەی كورد دەبێتەوە، بەڵام ئەوە هەلومەرجی خۆی هەیە. چۆن دەبێ حكومەت، حكومەتێكی دیكتاتۆر و ئیستبدادی بێ، ئێمەش چەك دابنین و بڕۆین لە مەهاباد و سەقز و بانە و مەریوان و سنە و ئیلام و كرماشان بڵێین ئێمە خەباتی سیاسی دەكەین؟ بە ڕۆژێك دەمانپێچنەوە. چ دەردێكیان دا بە مووسەوی و كەرووبی، ئەوان چییان كردبوو، دەستیان بۆ چەك بردبوو؟ بۆیە لەگەڵ رژیمێكی وادا قسە ناكرێ. بەڵام ئێمە هەر كاتێك پێمانوابێ كۆماری ئیسلامی ئێران بە مەرجەكانی حزب و لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕازی دەبێ، بە چاودێری و گەرەنتی نێونەتەوەیی ئامادەین گفتوگۆیان لەگەڵ بكەین. ئێمە هەرگیز خوازیاری خەباتی چەكداری نەبووین، خەباتی چەكداری بە درێژی مێژوو داسەپاوە بە سەر بزووتنەوەی كورددا، ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش لەوە بەدەر نییە.

 

 

**************************************

 

vokradio.jpg

 Voice of Kurdish-American Radio for Democracy, Peace, and Freedom

 
free stats

 

 

 
< بعد   قبل >
© 2007 - 1396, VOK Radio