Iranian Culture & Art Club of Fresno
رادیو ده نگی کوردستان له ئامریکا

VOK Radio Newsletter

Name: 
Email:  
Subscribe Unsubscribe

Calendar of Events

« < May 2017 > »
M T W T F S S
1 2 3 4 5 6 7
8 9 10 11 12 13 14
15 16 17 18 19 20 21
22 23 24 25 26 27 28
29 30 31 1 2 3 4
Home arrow هه‌رێمه كوردییه‌‌كان arrow زنجیرە وتووێژێك لەگەڵ ١٢حيزب ولایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵات:سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران

Warning: Call-time pass-by-reference has been deprecated in /home/content/v/o/k/vokradio/html/mambots/content/joscomment.php on line 51
زنجیرە وتووێژێك لەگەڵ ١٢حيزب ولایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵات:سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران چاپ ارسال به دوست
سالار حیسامی vokradio, Los Angeles, California, USA   

زنجیرە وتووێژێك لەگەڵ ١٢حيزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان

  به شى شه شم :

سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران

iranian_kurdish_united_front_06.jpg

بابەشێخ حوسەینی بەڕێوەبەری گشتی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران

پيشه كى:

ئاماده كارى و سه رپه ره شتى وتوويژه كان: سالار حیسامی

ڕادیۆ دەنگی كوردستان لە ئەمریكا، زنجیرە وتووێژێكی لەگەڵ دوازدە حيزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەبارەی رەوتی گۆڕانكارییەكان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكەو جیهان و كاردانەوەیان لەسەر ئێران، هەروەها سەرهەڵدانەوەی خەباتی چەكداری لە رۆژهەڵاتی كوردستان و پێگەی كورد لە هەنگاونانی بەرەو سەربەخۆیی و چەند تەوەرێكی دیكە ئەنجام داوە، كە لەماڵپەڕی ڕادیۆ دەنگی كوردستان لەئەمریكا، (بەڕەچاوكردنی پێوەری بێلایەنی پیشەیی) بەپێی پیتی(ئەلف بێ)ی ناوی حيزبە بەشداربووەكان بڵاودەكرێنەوە، هەر لایەنێكیش دواتر وەڵامی پرسیارەكان بداتەوە، هەر لە ریزی ئەو زنجیرە وتووێژەدا دادەنرێ.

پێویستە خوێنەرانی بەڕێز ئاگادار بكەینەوە كە ئەم زنجیرە وتووێژە لەپێش بەڕێوەچوونی شەشەمین دیداری ئەنیستیتوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە(مێری) لەهەولێر ئەنجام دراوەو ئەو لایەنانەش كە لەو پانێلانەدا بەشدار نەبوون، لەم زنجیرە وتووێژەدا بەشدار كراون.

 

بێگومان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدۆخێکی ئاڵۆزو پڕكێشەی ئەوتۆدایە كە ئەگەری گۆڕانکاری لەئایندەی ناوچەكەدا پتربووە، ئەوەش نكۆڵی لێ ناكرێ كە ملمڵانێی ناڕەوای ئایینی و مەزهەبی بووەتە هۆی پەرەسەندنی توندڕەوەی و تیرۆریزم، بەجۆرێك كە دەرگای بۆ دەستوەردانی دەرەكی لەئاستی وڵاتانی ناوچەیی و زلهێزانی جیهاندا كردووەتەوە، كوردیش لەو گۆڕانكارییانەدا پشكی شێری بەردەكەوێ. بۆیە بەلەبەرچاوگرتنی هەوڵدان بۆ یەكڕیزی لەپێناوی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی، تەوەری سەرەكیی وتووێژەكانمان لەبارەی زەروورەتی پێكهێنانی بiranian_kurds_12organizations.jpgەرە، یان هێزێكی هاوبەش و هەماهەنگیكار بووە بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان و هەوڵدراوە كۆسپەكانی بەردەم ئەو هەنگاوە پێویستە تاوتوێ بكرێ. لەوانەشە زۆر كەس گەورەیی و مێژووی ڕابردووی خەبات و قوربانیدانی لایەنەكان بەلایانەوە پێوەر بێ، ئێمەش وەك چاودێر و میدیاكار، شرۆڤەی تایبەت و بابەتییانەمان بۆ قورسایی هەر لایەنێك هەیە، بەڵام ئەركی پیشەیی ناچارمان دەكا، هیچ لایەن و حزبێ نادیدە نەگرین، ئەوەشی وا دوابڕیاردەرە كە كام لایەن جەماوەریترە، ئیرادەی گەلی كوردستانەو ئەو بڕیارە بۆ هاووڵاتییانی كوردستانی بەجێدەهێڵین.

هیوادارین ئەركی خۆمان وەك میدیاكاری بێلایەن بەباشی جێبەجێ كردبێ.

ریزبەندیی بەشداربووانی بەڕێز:

 

 

 

١- بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان
٢- پارتی ئازادیی كوردستان
٣-پارتی ژیانی ئازادی كوردستان '
٤- پارتی سەربەستیی کوردستان
٥- پارتی لیبڕاڵ دیموكراتی كوردستان
٦-حيزبی دیموكراتی كوردستان (هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە)
٧-حيزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران(هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە)
٨- رێكخراوی كوردستانی حزبی‌ كۆمۆنیستی‌ ئێران- كۆمەڵە
٩- سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران
١٠- كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
١١-کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردسـتانی ئێران (هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە)
١٢- یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان 

 

 

بابەشێخ حوسەینی بەڕێوەبەری گشتی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران


دیمانە: سالار حیسامی

 *پرسیاری یەكەممان با ئەوە بێت، ماوەیەكە لە رۆژهەڵاتی كوردستان خەباتی چەكداری سەری هەڵداوەتەوە و ئەو شێوازی خەباتەش خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێ، بەتایبەتی لەم دۆخەدا كە رۆژهەڵاتی ناوین بەرەو گۆڕانكاریی ژیوپۆلۆتیكی هەنگاو هەڵدەگرێ، هەڵوێستی ئێوە لەو بارەیەوە چییە؟


** بە باوەڕی من خەباتی چەكداری كۆتایی پی نەهێندرابوو، تا تازە دەستی پێ‌ كردبێتەوە. هەر لەو چوارچێوەدا پێشمەرگەكانی سازمانی خەبات و پێشمەرگەی زۆربەی لایەنە سیاسيیەكانی كوردستانی ئێران چالاكی پێشمەرگەیان لە ئەمساڵ و لە ساڵانی رابردوو ئەنجام داوەو هەر لە چەند مانگی رابردوودا پێشمەرگەیێكی سازمانی خەبات بە ناوی رەحمان پووركەریمی لە ناوچەی بۆكان لەلایەن هێزەكانی رژیم شەهید كرا.
 
بۆچوونی ئێمە لە سەر خەباتی چەكداری روونەو پێمانوایە خەباتی چەكداری یەكێكە لە كۆڵەكەكانی خەباتی شۆڕشگێڕانەو مافخوازنە لە بەرانبەر رژێمی ئێراندا، تا ئەو رژێم و سیستەمە دیكتاتۆری و حەقنەبیست و جینایەتكارەش حوكمی ئێران بكات، خەباتی پێشمەرگەیی و چەكداریی پێویست و حەیاتییە. بە بۆچوونی من ئەگەر بمانهەوێ‌ خوێندنەوەی دروست بۆ خەباتی چەكداری بكەین، دەبێ‌ هەڵسەنگاندن لەسەر  هۆكانی سەرهەڵدانی بكەین و ئەو پرسیارە بێنینەئاراوە، كە بۆچی هەر لە سەرەتاوە دەستمان دایە خەباتی چەكداری؟ ئایا ئەو كات هەڵەمان كرد كە لە بەرامبەر سەرەڕۆییەكانی رژیم و هێرشی هێزەكانی پاسداران بۆ كوردستان مقاومەتمان كرد؟ ئایا گۆڕانكاری بەسەر سیاسەت و هەڵوێستی رژیم بەرانبەر خەڵكی كوردستان و ئێراندا هاتووە؟ كە بێگومان هەمووان دەڵێن، هیچ ئاڵوگۆڕێك بە سەر سیاسەتی حكومەتی ئاخوندەكان لە بەرژەوەندیی جەماوەر وەدینەهاتووە. هەروەها ئەگەر وەڵامی موخالفانی خەباتی چەكداری، ئەوە بێ‌ كە ئەوكات هەڵە نەبووین لە بەرانبەر سەرەڕۆییەكانی رژیم دەستمان دایە مقاومەت، بەڵام لە ئێستادا دەكرێ‌ بەبێ بوونی هێزی شۆڕشگێڕی و چەكداری لە بەرانبەر ئەو دەسەڵاتەدا مقاومەت بكرێ ‌و لە ئامانج نزیك ببینەوە، ئەوا باشتر وایە رادەی سەركوتی خەڵك و ئیعدامی لاوان و هێرشكردنە سەر رێپێوانە هێمنانەكانی ساڵەكانی رابردوو بەتایبەت ساڵی 1388 كۆچی خۆری بخەینە بەرچاو، ئەو كات دەردەكەوێ كە رژیمی ئاخوندی تەنیا لە زمانی زۆر و هێز ترسی هەبووە، هەر بۆیە خەباتی چەكداری یەكێك لە كۆڵەكەكانی خەباتی مافخوازانەو عەداڵەتخوازانە.
 
ئەو گۆڕانكاری و كێشەو ئاڵۆزییانەی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست روودەدات، پێش هەموو شتێك ژیان و چارەنووسی بەشێكی زۆر لە خەڵكی وڵاتانی ناوچەكە، بەتایبەت خەڵكی سووریەو یەمەنی كردۆتە دۆزەخ. ئاشكرایە حكومەتە خاوەن هێزەكانی جیهان هەر كام بە شوێن قازانج و بەرژەوەندی خۆیانەوەن و لە سەر خوێنی رژاوی هەزاران مرۆڤ و بە گیانی ملیۆنها ئینسان سات و سەودای سیاسی دەكەن. بەتایبەت ئەمریكا و رووسیە لە سەر خوێنی خەڵكی  سوریە و ژیان و داهاتووی خەڵكی ناوچەكە كێبڕكێی سیاسیی خۆیان دەكەن. ئەو دوو حكومەتە بەریان بۆ ئاخوندانی دەسەڵاتدار بەڕەڵا كردووە تا بە حەزی خۆیان دەست لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكە وەربدات و ئاژاوە بگێڕێ‌ و رەگی دووبەرەكیی مەزهەبی بەتایەبەت و نەتەوەیی بەگشتی لە ناوچەكەدا پەرە پێ‌ بدات. سەبارەت بە گۆڕانكاریی ژئۆپۆلۆتیكیش، لەگەڵ ئەوەی هەلومەرج زۆر لەبارە بۆ ئەوەی كورد هەنگاوی زیاتر بەرەو سەربەخۆیی بهاوێژێ‌، بەڵام بە هۆی ناكۆكیی نێوماڵی كوردو نەبوونی بەڵێنی وڵاتانی خاوەن هێز بە كورد، وە سەرەڕای هەموو بەربەستەكان، گۆرانی ژئۆپۆلۆتیك بە قازانجی كورد بە دوور نابینم. بەڵام  سەرهەڵدانی ئەو گۆڕانكارییە پێش هەموو شتێك پێویستی بە یەكخستنی هێزو تواناكانی تێكڕایی و دروستكردنی متمانەو باوەڕبەخۆبوون لە كۆردستاندا هەیە.

 
 * ڕایەك هەیە پێداگری لەوە دەكا، كە لە بەشێكی باشووری كوردستان جۆرێك لە سانسۆری هەواڵەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەدی دەكرێ، لە بەشێكی دیكەشی بایەخی تەواوی پێ دەدەن، چ خوێندنەوەیەكتان بۆ ئەو ڕایە هەیە؟


 ** بە باوەڕی من لە كوردستانی باشوور بەگشتی گرینگی بە هەواڵ و بابەتە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران نەدراوە. هەر چەند لە هێندێك ناوەندی راگەیاندن، بەشێك لە چالاكیی لایەنە سیاسییەكان گرینگی پێ‌ دەدرێ‌. بەڵام ئەو گرینگیدانەش تایبەت كراوە بە چەند لایەنێكی سیاسیی كوردستانی ئێران و ئەو جۆرە كردارەی ئەو راگەیاندنانە كە زیاتر لە خزمەتی چەند لایەنی كوردستانی ئێراندایە كارو چالاكیەكانیان دەخاتە ژێر پرسیارو وادەكات وەك ناوەندی راگەیاندنی سەربەخۆ متمانەیان پێ‌ نەكرێ‌. سەبارەت بە دابەشبوونی ناوەندەكانی راگەیاندن بە سەر دوو بەشی باشووری كوردستان و رەنگنەدانەوەی چالاكیی كوردستانی ئێران تێیاندا، پێموایە پێش هەمووان خودی ئەو راگەیاندنانە زیان دەبینن، جا لە دواییدا جووڵانەوەی مافخوازانەی خەڵكی كوردستانی ئێران.

 
* پێوەندییەكانی كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی چۆنە و ئایا ئەو ئەزموونەی باشووری كوردستانتان لەبەرچاو گرتووە كە كاتی خۆی لەگەڵ حزبە عێراقییەكان لە دژی حكومەتی بەعس لە بەرەیەكدا بوون و ئێستا هەر ئەوان بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانیان بڕیوە؟


** هەر كام لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە شێوەی جیاواز پێوەندییان لە گەڵ هێزە سەرانسەرییەكانی ئێرانیدا هەیەو بێگومان بوونی ئەو پێوەندییانە پێویستن، هەم بۆ ئێستاو هەم بۆ داهاتوو. لە پێوەند بە میكانیزم و دەورانی پراكتیك و حكومەتداری لە داهاتوودا زیاتر پشت بە بەڵێن و رێككەوتنەكان دەبەسترێ‌ و هیچ لایەنێكی خاوەن بڕیار و بەڵێن، نابێ‌ پشت لە بەڵێنیەكانی بكات، یان بە پێچەوانەی بنەما سیاسییەكان هەنگاو هەڵگرێ‌. خۆ ئەگەر هەر لایەنێكی سیاسی پشتی لە بڕیار و بەڵێنەكانی بكات، بێگومان زیاندیتووی سەرەكی بۆ خۆی دەبێ‌. روویەكی دیكەی بابەتەكەش ئەوەیە كە ئێمە خەبات دەكەین لە پێناو وەدیهاتنی ماف و ئازادییەكاندا و تا گەیشتن بە ئامانجەكانیش دەست لە تێكۆشان هەڵناگرین و ئەگەر هێزە سەرانسەرییەكان بەپێچەوانەی رێككەوتن و بەڵێنەكان جووڵانەوە، خۆ ناتوانن بڕیاری خەبات و تێكۆشانمان لێ‌ بستێنن. سەبارەت بە پێوەندی ئەحزابی كوردستانی عێراق لەگەڵ ئەحزابی عێراقی و بێ‌ بەڵێنی حیزبە عێراقییەكان، هەموومان ئەو راستییە دەزانین كە ئەحزابی عێراقی كاریگەریی راستەوخۆی رژیمی ئێرانیان لەسەرەو دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ دژایەتی كورد و ئامانجەكانی بەكاریان دێنن و ئەوان لە دائیرەی سیاسەتەكانی رژیمی ئێران كاردەكەن و ناكرێ‌ ئومێدیان پێیان هەبێ.  
 

* بۆچی لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا لەسەر ئاستی هەموو پارچەكان، پرۆژەیەكی نەتەوەیی، یان لانیكەم رێككەوتنێك لەسەر رەهەندە گشتییەكان نابیندرێ؟ بۆچی كۆنگرەی نەتەوەیی پەكی كەوت؟

 
** كاتێك پڕۆژەكان لە چوارچێوەی لایەنەكانی پارچەیێكی كوردستان ئەستەمەو تا ئێستا نەگەیشتۆتە ئامانج، بێگومان هەر پلاتفۆرم و پڕۆژەیەك كە لە چوارچێوەی پارچەكانی كوردستان بەگشتی بێت، زەحمەت و قورس دەبێ‌. ئەگەر ئامانجی بنەڕەتی ئەوە بێ‌، كە كار بۆ پڕۆژەیەكی نەتەوەیی لە ئاستی هەموو پارچەكانی كوردستان بكرێ‌، دەبێ‌ پێشتر لایەنەكانی هەریەك لە پارچەكانی كوردستان لە نێو خۆیاندا بگەنە رێككەوتن، جا دەكرێ‌ كار بكرێ‌ بۆ ئامانج و پڕۆژەیەكی گەورەتر. سەبارەت بە پەككەوتنی كۆنگرەی نەتەوەیی، یەكێك لە كێشەكان نەبوونی بڕیارو پلاتفۆرمی هاوبەش بوو لەنێوان هێزەكانی هەركام لە پارچەكانی كوردستان و لەگەڵ ئەوەشدا بوونی ناكۆكیی تاكتیكی و تەنانەت ستراتیژی لەنێوان هێزە دیارەكانی پێكهێنەری كۆبوونەوە سەرەتاییەكانی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان، یەكێكی دیكە لە بەربەستەكانی بەردەمی بوو.


* دەگوترێ باسی پێكهێنانی بەرەی كوردستانی لە رۆژهەڵاتی كوردستان بووەتە پرسێكی سەرزارەكی، لە بەر ئەوەی هەموو حزب و لایەنەكان بە دەیان جار لە بەر دەم مایكی میدیاكاندا ئامادەیی خۆیان بۆ پێكهێنانی ئەو بەرەیە دەربڕیوە، كەچی تا ئێستا وەك پراكتیك هیچ ئەنجامێكی لێ نەكەوتووەتەوە، بەڵام لەم دۆخەدا كە گۆڕانكاری جددی لە ناوچەكەدا رووی داوە و وەرچەرخانی دیكەش بەڕێوەیە، تا چەند هەوڵتان داوە پێكهێنانی بەرەی كوردستانی لە قاڵبی دروشم دەربچێ، یان وەك لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لانیكەم جۆرێك لە هەماهەنگی لە نێوان خۆتان دروست بكەن؟


** لە بنەڕەتدا هەموو لایەنە سیاسییەكان بە تێكڕا باوەڕیان بە بەرەی كوردستانی و گرینگیی پێكهێنانی بەرەی كوردستانی هەیە، بەڵام ئەو كاتەی كە دەگاتە بەرژەوەندی تەشكیلاتی و حیزبی گرینگی و كەڵكی بەرەی كوردستانییان وەك پێویست لە بەرچاو نامێنێ و بەرژەوەندییە حیزبیەكان زاڵ دەبێ بەسەر بەرژەوەندی گشتی و نەتەوەییدا. هەر لەبەر ئەوەیە كاتێك لەگەڵ راگەیاندنە گشتییەكان دەدوێین، بە دروستی بۆچوون و نییەتی بنەڕەتیان لەمەڕ پێكهێنانی بەرەی كوردستانی دەردەبڕن، بەڵام بەداخەوە لە كرداردا قازانجی حیزبی بەسەر مەبەست و ئامانجە گشتی و نەتەوەییەكەدا زاڵ دەبێ.


* كۆبوونەوەی هەندێ لە حزبە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە پێناوی هەماهەنگی و كاری هاوبەش تا چەند پرۆسەیەكی كارایە و ئەوەش كە دەگوترێ جۆرێك لە تەریكخستن، یان نادیدەگرتنی لایەنگەلی دیكەی لێكەوتووەتەوە، تا چەند ڕاستە؟


** بێگومان هەر جۆرە دانیشتن و كۆبوونەوەیەك لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان قازانج و كەڵكی خۆی هەیە، جا دیارە ئەگەر ئەو كۆبوونەوانە بەگشتی بن، كەڵكی زیاتر دەبێ و ئامانجەكە باشتر دەپێكێ.


 * یەكگرتنەوەی دیموكرات و كۆمەڵەكان تا چەند زەمینەی هاوكاری و خەباتی هاوبەشی گشت حزب و لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان خۆش دەكا؟


** ئەو دوو لایەنەی كوردستان لە دەیەی 60ی كۆچی خۆریدا، شەڕیان لە نێواندا هەبووەو دەیان پێشمەرگەی ئەو دوو لایەنە بەدەستی یەكتر لەناو چوون. ئەگەر رێككەوتنی نێوان كۆمەڵەو دیموكرات بە مەبەستی كۆتاییهێنان بە گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوانیان و بۆ كرانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لە پێوەندیەكانی نێوانیان بێ، كارێكی زۆر باش و پەسەندەو زەمینەی هاوكاری و هاوخەباتی خۆشتر دەكات. بەڵام ئەگەر هەر جۆرە نزیكیەكی نێوان چەند لایەنی سیاسیی كوردستانی بە مەبەستی قۆرغكردنی كوردستان و پەراوێزخستنی لایەنی سیاسی خاوەن جێگەو پێگە بێت، كارێكی زیانبارەو دەبێتە هۆی ناكۆكی و توێی دووبەرەكی بڵاودەكاتەوە.

* ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاوا دەمێكە دۆسیێ ناوكی، پرسی دیموكراسی و فایل و ڕاپۆرتەكانی مافی مرۆڤ لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران دەجووڵێنن، تا چەند بەوە گەشبینن كە ئەو فشارانە ئەگەری ریفۆرم لەو وڵاتەدا بڕەخسێنێ و ئایا تا ئێستا كاریگەرییەكی ئەرێنی هەبووە؟


** هەر جۆرە فشارێكی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بۆ سەر دەسەڵاتدارانی رژێمی ئێران كاریگەری خۆی هەیەو ئەو رژێمە ناچار دەكا لە بەشێك لە سیاسەتە دژمنكاری و شەڕەنگێزییەكانی پاشەكشە بكات، ئەگەر بە تاكتیكیش بێت. لەگەڵ ئەوەی فشارەكانی ئەمریكاو وڵاتانی رۆژئاوایی بۆ سەر رژێمی ئێران بوونی هەبووە، بەڵام وەك دەبینین، لە هێندێك هەلومەرجدا ئەمریكا و وڵاتانی ئوروپایی ئیمتیازی زۆریان بە رژێمی ئێران داوەو دەسەڵاتدارانی ئەو رژێمە كەڵكیان لەو ئیمتیازانە بۆ سەركوتی خەڵك و دەستێوەردان لە كاروباری وەڵاتانی ناوچەكە و بەتایبەت لە عێراق وەرگرتووە. ئەگەر سیاسەتی وڵاتانی رۆژئاوایی لە بەرامبەر رژێمی ئێران بەو شێوەی كە ئێستا هەیە بەردەوام بێ، هەم خەڵكی ئێران و خەڵكی ناوچەكە و هەم كۆمەڵگەی جیهانی بەگشتی زیان دەبینن و بە كردەوە وڵاتانی رۆژئاوایی دەسەڵاتێك بەهێزدەكەن كە گورگەو لە پێستی مەڕدایە.

 *كەواتە وڵاتاتی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمریكا بۆچی بە سیاسەتی نەرم لەگەڵ ئێران مامەڵە دەكەن؟

 
 ** بەهاتنەسەر كاری حكومەتی ئۆباما لە ئەمریكا ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە سیاسیەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دروست بوو، هەر لەو چوارچێوەدا وڵاتانی رۆژئاوایی و هاوپەیمانی ئەمریكا، بەچاو لێكەری لە حكومەتی ئۆباما، سیاسەتی هاوشێوەیان داڕشت. هۆی سەرهەڵدانی ئەو شێوە سیاسەتەی وڵاتانی رۆژئاوایی بۆ خۆ دوورخستنەوە لە شەڕ و بەناوی چارەسەری ئاشتییانەی كێشە جیهانییەكانە، لە پێوەند بە رژێمی ئێرانیش بۆ هاوكاریكردنی بەناو بەرەی ریفۆرمخواز لە پێكهاتەی دەسەڵاتی ئاخوندیدا بوو. كە لە راستیدا بەرەی ریفۆرمخواز لە پێكهاتەی ئەو رژێمەدا بوونی نییە، ئەگەر بوونیشی هەبێ، هیچی پێ ناكرێ و بەرنامەیەكی بۆ ئاڵوگۆڕ لە سیستەمی حوكمڕانی لە ئێران پێ نییە.

 
* دواپرسیارمان با گریمانەی ئەوە بێ، كۆماری ئیسلامی ئێران داوای وتووێژ و چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە ئێران بكا، ئەگەر وەك رێكخراوێكی ڕێپێدراو مافی چالاكیی سیاسی و مەدەنیتان لە رۆژهەڵاتی كوردستان پێ بدرێ، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پێشنیارەدا دەكەن و تا چەند ئەو ئەگەرە بە شتێكی مەحاڵ دەزانن؟


** - یەكەم، پێمانوانییە ئەو رژێمە بەرنامەی ئاشتی و دابینكردنی ماف و ئازادییەكانی بۆ خەڵكی كوردستانی ئێران هەبێ. مێژووی 37 ساڵ دەسەڵاتداریی پڕ لە ئازار و چەوسانەوەو ئێعدام و ڕەشەكوژی ئەو حكومەتەش لە بەرانبەر خەڵكی كوردستان و ئێران، ئەو راستییەی سەلماندووە كە ئاخوندەكان دژمنی ئاشتین. سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران بە هیچ شێوەیەك ئامادە نییە لەگەڵ سیستەم و دەسەڵاتێكی ئەوندە دواكەوتووی ستەمگەر و جینایەتكار وتووێژ بكا، یەكێك لە ئامانجە سەرەكیەكانیشمان رووخان و لەناوچوونی ئەو رژێمەیە.


 

 

**************************************

 

vokradio.jpg

 Voice of Kurdish-American Radio for Democracy, Peace, and Freedom

 
free stats

 

 

 
< بعد   قبل >
© 2007 - 1396, VOK Radio