Iranian Culture & Art Club of Fresno
رادیو ده نگی کوردستان له ئامریکا

VOK Radio Newsletter

Name: 
Email:  
Subscribe Unsubscribe

Calendar of Events

« < May 2017 > »
M T W T F S S
1 2 3 4 5 6 7
8 9 10 11 12 13 14
15 16 17 18 19 20 21
22 23 24 25 26 27 28
29 30 31 1 2 3 4
Home arrow هه‌رێمه كوردییه‌‌كان arrow زنجیرە وتووێژێك لەگەڵ ١٢حيزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵات:پارتی لیبڕاڵ دیموكراتی كوردستان

Warning: Call-time pass-by-reference has been deprecated in /home/content/v/o/k/vokradio/html/mambots/content/joscomment.php on line 51
زنجیرە وتووێژێك لەگەڵ ١٢حيزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵات:پارتی لیبڕاڵ دیموكراتی كوردستان چاپ ارسال به دوست
سالار حیسامی vokradio, Los Angeles, California, USA   

  زنجیرە وتووێژێك لەگەڵ ١٢حيزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان

 

kurdish_united_front_04.jpg

به شى چوارم:پارتی لیبڕاڵ دیموكراتی كوردستان

محەمەد جەمشیدی وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لیبڕاڵ دیموكراتی كوردستان

پيشه كى:

ئاماده كارى و سه رپه ره شتى وتوويژه كان: سالار حیسامی


ڕادیۆ دەنگی كوردستان لە ئەمریكا، زنجیرە وتووێژێكی لەگەڵ دوازدە حيزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەبارەی رەوتی گۆڕانكارییەكان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكەو جیهان و كاردانەوەیان لەسەر ئێران، هەروەها سەرهەڵدانەوەی خەباتی چەكداری لە رۆژهەڵاتی كوردستان و پێگەی كورد لە هەنگاونانی بەرەو سەربەخۆیی و چەند تەوەرێكی دیكە ئەنجام داوە، كە لەماڵپەڕی ڕادیۆ دەنگی كوردستان لەئەمریكا، (بەڕەچاوكردنی پێوەری بێلایەنی پیشەیی) بەپێی پیتی(ئەلف بێ)ی ناوی حيزبە بەشداربووەكان بڵاودەكرێنەوە، هەر لایەنێكیش دواتر وەڵامی پرسیارەكان بداتەوە، هەر لە ریزی ئەو زنجیرە وتووێژەدا دادەنرێ.

پێویستە خوێنەرانی بەڕێز ئاگادار بكەینەوە كە ئەم زنجیرە وتووێژە لەپێش بەڕێوەچوونی شەشەمین دیداری ئەنیستیتوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە(مێری) لەهەولێر ئەنجام دراوەو ئەو لایەنانەش كە لەو پانێلانەدا بەشدار نەبوون، لەم زنجیرە وتووێژەدا بەشدار كراون.

iranian_kurds_12organizations.jpg 

بێگومان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدۆخێکی ئاڵۆزو پڕكێشەی ئەوتۆدایە كە ئەگەری گۆڕانکاری لەئایندەی ناوچەكەدا پتربووە، ئەوەش نكۆڵی لێ ناكرێ كە ملمڵانێی ناڕەوای ئایینی و مەزهەبی بووەتە هۆی پەرەسەندنی توندڕەوەی و تیرۆریزم، بەجۆرێك كە دەرگای بۆ دەستوەردانی دەرەكی لەئاستی وڵاتانی ناوچەیی و زلهێزانی جیهاندا كردووەتەوە، كوردیش لەو گۆڕانكارییانەدا پشكی شێری بەردەكەوێ. بۆیە بەلەبەرچاوگرتنی هەوڵدان بۆ یەكڕیزی لەپێناوی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی، تەوەری سەرەكیی وتووێژەكانمان لەبارەی زەروورەتی پێكهێنانی بەرە، یان هێزێكی هاوبەش و هەماهەنگیكار بووە بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان و هەوڵدراوە كۆسپەكانی بەردەم ئەو هەنگاوە پێویستە تاوتوێ بكرێ. لەوانەشە زۆر كەس گەورەیی و مێژووی ڕابردووی خەبات و قوربانیدانی لایەنەكان بەلایانەوە پێوەر بێ، ئێمەش وەك چاودێر و میدیاكار، شرۆڤەی تایبەت و بابەتییانەمان بۆ قورسایی هەر لایەنێك هەیە، بەڵام ئەركی پیشەیی ناچارمان دەكا، هیچ لایەن و حزبێ نادیدە نەگرین، ئەوەشی وا دوابڕیاردەرە كە كام لایەن جەماوەریترە، ئیرادەی گەلی كوردستانەو ئەو بڕیارە بۆ هاووڵاتییانی كوردستانی بەجێدەهێڵین.

هیوادارین ئەركی خۆمان وەك میدیاكاری بێلایەن بەباشی جێبەجێ كردبێ.

 

ریزبەندیی بەشداربووانی بەڕێز:

 

 

 

١- بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان
٢- پارتی ئازادیی كوردستان
٣-پارتی ژیانی ئازادی كوردستان '
٤- پارتی سەربەستیی کوردستان
٥- پارتی لیبڕاڵ دیموكراتی كوردستان
٦-حيزبی دیموكراتی كوردستان (هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە)
٧-حيزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران(هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە)
٨- رێكخراوی كوردستانی حزبی‌ كۆمۆنیستی‌ ئێران- كۆمەڵە
٩- سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران
١٠- كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
١١-کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردسـتانی ئێران (هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە)
١٢- یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان 

به شى چوارم:پارتی لیبڕاڵ دیموكراتی كوردستان

محەمەد جەمشیدی وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لیبڕاڵ دیموكراتی كوردستان


دیمانە: سالار حیسامی

*پرسیاری یەكەممان با ئەوە بێت، ماوەیەكە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان خەباتی چەكداری سەری هەڵداوەتەوەو ئەو شێوازی خەباتەش خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێ، بەتایبەتی لەم دۆخەدا كە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەرەو گۆڕانكاریی ژیوپۆلیتیكی هەنگاو هەڵدەگرێ، هەڵوێستی ئێوە لەو بارەیەوە چییە؟


** راستە ماوەیەكە چەند لایەنێكی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستیان كردووە بە خەباتی چەكداری كە ماوەیەكی زۆر بوو جموجووڵی چەكداری لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان راگیرابوو، ئەمەش خواستی ئەو لایەنانەو ویستی بەشێك لە گەلەكەمان بووە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ئەوەش كە لایەنەكان خوێندنەوەی تایبەت بە خۆیان هەیە بۆ بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، دەگەرێتەوە بۆ سیاسەتی ئەو لایەنانە كە لە ئێستادا هەندێك لایەن لەگەڵ خەباتی چەكدارین و هەندێك لایەنیش لەگەڵ خەباتی مەدەنین كە بە شێوەیەك دەكرێت هەردوو خوێندنەوەكەش دروست بێت، بەڵام چ خوێندنەوەیەكمان بۆ سیاسەتەكانی  كۆماری ئیسلامی هەیە لەم هەلومەرجەدا كە ناوچەكە لە گۆڕانكاریدایە؟ ئایا ئەو دوو بۆچوونە دەتوانن كارێگەرییان هەبێت لە سەر كۆماری ئیسلامی؟ ئایا دەتوانین كەڵك لە هەر دوو شێوازی خەباتەكە وەرگرین و پێكەوە گرێیان بدەین؟ ئەگەر بتوانین هەموولایەنەكان پێكەوە یەكدەنگ و یەكگرتوو لە سەر ئەساسی خەباتی مەدەنی و خەباتی چەكداری كار بكەین، ئەوە بەدڵنیاییەوە كاریگەری دەبێت، هاوكات لایەنەكان و نەتەوەكانی دیكەش گرنگن كە ئەوانیش لە ناوچەكانی خۆیاندا رۆڵی خۆیان هەبێت. خەباتی چەكداری مافێكی رەوای گەلەكەمانە لە پێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەڵام ئایا ئەم خەباتە كاریگەری لە سەر پارچەكانی دیكەی كوردستان نابێت؟ بە دڵنیایەوە كاریگەری دەبێت، بەتایبەت لەسەر باشووری كوردستان.


* ڕایەك هەیە پێداگری لەوە دەكا، كە لە بەشێكی باشووری كوردستان جۆرێك لە سانسۆری هەواڵەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەدی دەكرێ، لە بەشێكی دیكەشی بایەخی تەواوی پێ دەدەن، چ خوێندنەوەیەكتان بۆ ئەو ڕایە هەیە؟


** بەڵی ئەوە راستە و هۆكارەكەشی بۆ ئەو پێوەندییە دەگەڕێتەوە كە لایەنەكانی باشووری كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەیانە، واتە لایەنێك لەگەڵ ئێران و لایەنێك لەگەل توركیەن،  ئەمڕۆكە باشووری كوردستان بە سەر دوو دەسەڵاتی سیاسیدا دابەش بووە، كە ئەساسی پێوەندی لە سەر بەرژەوەندی هاوبەشە. ئیستا ئەگەر لایەنێك پێوەندی لەگەڵ ئێران هەیە، لە سەر ئەساسی بەرژەوەندی گرنگی بە خەبات و چالاكییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان نادات و زۆر جاریش سانسۆری دەكات. بە رای من شتێكی ئاساییە، تەنانەت ئەگەر ناوی ڕۆژهەڵاتیش نەهێنن و هەر باسیشی نەكەن كە ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەیە و خاوەنی مێژووی خەباتی خۆیەتی. ئەمڕۆكە تكنۆلۆژیا وایكردووە هەر تاكێكی كۆمەڵگە چ راستەوخۆ، چ ناڕاستەوخۆ بەشدارە لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاری لە سەر ئاستی جیهاندا، كەواتە ئەگەر لایەنێكیش سانسۆر بخاتە سەر هەر پارچەیەكی كوردستان هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێت، گرنگە ئەوەیە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵات یەكگرتوو بن و خاونی سیاسەتی سەربەخۆی خۆیان بن.

 
*  پێوەندییەكانی كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی چۆنە و ئایا ئەو ئەزموونەی باشووری كوردستانتان لەبەرچاو گرتووە كە كاتی خۆی لەگەڵ حزبە عێراقییەكان لە دژی حكومەتی بەعس لە بەرەیەكدا بوون و ئێستا هەر ئەوان بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانیان بڕیوە؟
 
 
** بە ڕای من ئۆپۆزیسیونێكی یەكگرتوو لە نێوان هەموو نەتەوەكانی ئێراندا نییە كە بكرێت ببێتە جێگای هیواو ئومێدێك بۆ داهاتووی ئێران، یا وەك بەدیلێك تماشای بكرێت. چەند رێكخراوەیەك هەیە كە كاریگەرییەكی ئەوتۆیان نییە. ئیمە هیج هیوایەكمان بە بوونی ئۆپۆزیسیونێكی یەكگرتووی ئێرانی  نییە كە بتوانێت هەموو هیز و لایەنە سیاسییەكانی ئێران لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە و وەك بەدیلێك بێت بۆ هەر گۆڕانكارییەك لە داهاتووی ئێراندا. ئێمە پارتێكی سەربەخۆ خوازین و بڕوامان بە جوگرافیای سیاسی ئێرانی یەكگرتوو نییە و نامانەوێت لە داهاتووی ئێراندا بەشدار بین، بەڵام ئەگەر هاتوو بەشداریشمان كرد، ئەوە لەو بڕوایەداین كە دەبێت یەكەم دان بە جوگرافیای سیاسیی ئێمەدا بنێن، دووەم قەرەبووی زیانەكانی رابردوومان بكەنەوە، سێهەم هەموو نەتەوەكان مافی ئابووری و سیاسییان پارێزراو بێت و هیچ لایەنێك نەتوانێت سەروەرییەكانی نەتەوەیەكی دیكە پێشێل بكات. پیویستە ئەزموون لە باشووری كوردستان وەربگرین بۆ هەنگاوەكانی داهاتوو لە ئەگەری هەر گۆڕانكارییەك لە ئێراندا.


* بۆچی لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا لەسەر ئاستی هەموو پارچەكان، پڕۆژەیەكی نەتەوەیی، یان لانیكەم رێككەوتنێك لەسەر رەهەندە گشتییەكان نابیندرێ و بۆچی كۆنگرەی نەتەوەیی پەكی كەوت؟


** بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی كورد بزووتنەوەیەكی خەباتگێڕە كە هێشتا لە حاڵەتی خەباتدایەو هەر پارچەیەكی كوردستانیش تایبەتمەندی خۆی هەیە و لایەنەكانی هەر پارچەیەك خۆیندنەوەی تایبەتی خۆیان هەیە بۆ ئەو پارچەیە كە تێیدا خەبات دەكەن. لەلایەكی دیكەوە بوونی دوو هێزی سیاسیی سەرەكی لە ئاستی كوردستان كە پێكەوە تا رادەیەك ناكۆكییان هەیە، هۆكارەكی دیكەیە، نەبوونی رۆحی یەكتر قبووڵ كردن بە جیاوازییەكانمانەوە، هەروەها ڕەچاونەكردنی بەرژەوەندی نەتەوەیی و دوور لە بەرژەوەندی حزبی هۆكارگەلێكی دیكەن، كە كاریگەرییان بووە لە سەر دروستنەبوونی رێككەوتنێكی گشتی و نەتەوەیی هەبووە. سەبارەت بە پەكخستنی كۆنگرەی نەتەوەیی، باشترە ئەو كەسانە وەڵام بدەنەوە كە ڕۆڵی سەرەكییان بووە بۆ پێكهێنانی كۆنگرەی نەتەوەییدا،  بەڵام بە رای من لەوانەیە هۆكارەكەی بوو جیاوازی شێوازی و چۆنیەتی كاركردن بووبێت بۆ كۆنگرە لە نێوان ئەو دوو لایەنە سیاسییە سەرەكییەی كوردستاندا.


 * دەگوترێ باسی پێكهێنانی بەرەی كوردستانی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بووەتە پرسێكی سەرزارەكی، لە بەر ئەوەی هەموو حزب و لایەنەكان بە دەیان جار لە بەر دەم مایكی میدیاكاندا ئامادەیی خۆیان بۆ پێكهێنانی ئەو بەرەیە دەربڕیوە، كەچی تا ئێستا وەك پراكتیك هیچ ئەنجامێكی لێ نەكەوتووەتەوە، بەڵام لەم دۆخەدا كە گۆڕانكاری جددی لە ناوچەكەدا رووی داوەو وەرچەرخانی دیكەش بەڕێوەیە، تا چەند هەوڵتان داوە پێكهێنانی بەرەی كوردستانی لە قاڵبی دروشم دەربچێ، یان وەك لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لانیكەم جۆرێك لە هەماهەنگی لە نێوان خۆتان دروست بكەن؟


** ئەزموونی چەند ساڵی رابردوو زۆر بە باشی ئەوەمان بۆ روون دەكاتەوە كە پێكهێنانی بەرەی كوردستانی بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان تەنیا درۆشم و قسەیە، چۆنكە بە شیوەی كرداری هیچ لایەنێك تا ئیستا هەنگاوی بۆ نەناوە، هەموو لایەنەكان داوای پێكهێنانی بەرە دەكەن، بەڵام بۆ بە كرداریكردنی قسەكانیان هیچیان نەكردووەو هەندەی قسەكانیان هەنگاویان بۆ نەناوە. هەموومان دەزانین ئەركمان چییە، بەڵام گرنگ جێبەجێكردنی ئەركە،  نەك ئەوەی بزانین ئەركمان چییە. ئەوی گەلەكەمان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵات بە پیویستی دەزانن پێكهێنانی بەرەیەكی كوردستانییە بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەڵام لە جێبەجێكردنیدا هیچمان نەكردووە، واتە تەنیا دروشم بووە و قسە، ئیمە وەك پارتی لیبڕاڵ دیموكراتی كوردستان لە كاتی كۆنگرەی نەتەوەیی پلاتفۆڕمێكمان پێشكەش كردو بەشێكی بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوو، كە بە پیویستمان زانی پێش بەشداریی هێزو لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستاندا، ئەنجومەنێك بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان پێكبێنن، چۆنكە ئەزموونی باشووری كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان ئەو راستییەی سەلماندووە كە سەرئەنجام دەبێت لە سەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین بۆ پێكهێنانی بەرەی كوردستان بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان، واتە باشترە لە ئێستادا ئەو كارە بكەین، نەك لە كاتێكی هەستیار و نالەباردا.


*  كۆبوونەوەی هەندێ لە حزبە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە پێناوی هەماهەنگی و كاری هاوبەش تا چەند پرۆسەیەكی كارایە و ئەوەش كە دەگوترێ جۆرێك لە تەریكخستن، یان نادیدەگرتنی لایەنگەلی دیكەی لێكەوتووەتەوە، تا چەند ڕاستە؟


** بەڵێ، ئەوە ڕاستە و تا ئیستا چەندین جار دیموكراتەكان و كۆمەڵەكان پێكەوە دانیشتنیان كردووە بەبێ بەشداری لایەنەكانی دیكە، بەتایبەتی ئەو لایەنانەی لە لە دوای دەیەی ٩٠ـەكانەوە دامەزراون، ناوەرۆكی دانیشتنەكەشیان روون نەبووە. بە شێوەیەك دەتوانین بڵێین ئەو حزبانەی لە سەرەتای شۆڕشی ئێرانەوە لە مەیداندا بوون، بەم كارەیان تەنیا شەرعییەتیان بە خۆیان داوەو حیسابیان بۆ لایەنەكانی دیكە نەكردووە، ئەمەش ئەوە دەردەخات كە تا چەند بڕوایان بە دیموكراسی هەیە. ئەگەر ئەو لایەنانە بڕوایان بە دیموكراسی بووایە و توانای پێكەوە كاركردنیان هەبووایە، بە دڵنیاییەوە ئەو هەموو جیابوونەوانە لە نێوانیاندا رووی نەدەدا، ئەگەریش بە هەر شێوەیەك هەوڵ بۆ نزیكبوونەوە، یان كۆدەنگییەك دەدەن، باشترە ئەو وەزەیە بە كار بێنن بۆ یەكگرتنەوە و پێكەوە كاركردن، هەر چەند من لەو بڕوایەدا نیم كە لە هەلومەرجی ئێستادا ئەوە لە نێوان ئەو لایەنانەدا رووبدات.


*  یەكگرتنەوەی دیموكرات و كۆمەڵەكان تا چەند زەمینەی هاوكاری و خەباتی هاوبەشی گشت حزب و لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان خۆش دەكا؟


** بە دڵنیاییەوە هەر یەكگرتنەوەو یەكدەنگییەك كارێگەری ئەرێنی خۆی هەیە، بەتایبەتی یەكگرتنەوەی دیموكراتەكان و كۆمەڵەكان، چۆنكە مێژوویەكی دوور و درێژی پێكەوە خەباتییان هەیە. ئێستا بوونی دوو دیموكرات و چەند كۆمەڵە كاریگەری نێگەتیڤی لە سەر پرۆسەی یەكدەنگیی لایەنەكانی ڕۆژهەڵات هەیە. بە بڕوای من كۆمەڵێك لایەن هەن كە لە نێوان ئەو لایەنانەدا لە سەر دووڕێیانن و پێیانوایە ڕوو لە هەر لایەنێك بكەن، لایەنەكەی دیكە نیگەران دەبێت، بۆیە هەوڵیانداوە لەنێوان ئەو لایەنانەدا هاوسەنگی رابگرن.


*  ئەمریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەمێكە دۆسیێ ناوكی، پرسی دیموكراسی و فایل و ڕاپۆرتەكانی مافی مرۆڤ لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران دەجووڵێنن، تا چەند بەوە گەشبینن كە ئەو فشارانە ئەگەری ریفۆرم لەو وڵاتەدا بڕەخسێنێ و ئایا تا ئێستا كاریگەرییەكی ئەرێنی هەبووە؟
 
 
** كۆماری ئیسلامی لەگەڵ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات دەستیكرد بە لەسێدارەدان و بەندكردنی نەیارانی خۆی و ئەو كەسانەی كە لە سەردەمی رەزاشادا دەسەڵاتدار بوون،  واتە پێشلكردنی مافی مرۆڤ و لەسێدارەدان و بەندكردنی چالاكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و سەركوت و رەشەكوژی كارنامەی ئەو رژیمە بووە، دۆسیەی ناوكیشی هاتووەتە سەر و ساڵانەش كۆماری ئیسلامی لەلایەن ناوەندەكانی مافی مرۆڤەوە بە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ تۆمەتبار دەكرێت و فشارەكانیش هیچ ئاڵوگۆڕێكی لە سیاسەتی ئێراندا دروست نەكردووە، واتە راستە دۆسیەی ناوكی و دۆسیەی مافەكانی مرۆڤ لە دژی كۆماری ئیسلامی دەجووڵێنن، بەڵام ئیمە گەشبین نین بەهۆی نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێكی بەهێز كە بتوانێت وەك ئالترناتیڤێك بێت بۆ دواڕۆژی ئێران كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا كێشەیەكی سەرەكییە لە ئاستی نێودەولەتی و بەتایبەت لەلای ئەمریكا،


*  كەواتە وڵاتاتی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمریكا بۆچی بە سیاسەتی نەرم لەگەڵ ئێران مامەڵە دەكەن؟
 
 
** چەندین هۆكاری هەیە كە وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریكا لە بەرامبەر ئێراندا نەرمی دەنوێنن. لە ماوەی ٣٨ساڵ دەسەڵاتداری كۆماری ئیسلامی لە رێگای كار و چالاكی ئایینی و كۆمەڵایەتی و مەدەنی سیاسەتەكانی خۆی پەرە پێداوەو بەردەوام هاوكاریی ڕێكخراوە تۆندڕەوەكانی وەك حزبوڵا و حەماس و حوسییەكان و... هتد كردووە. لەلایەكی دیكەوە پەرەپێدانی سیاسەتی مادە هۆشبەرەكان تا رادەیەكی زۆر كۆمەڵگەی راكێد كردووە. سەرەكیترین كێشە نەبوونی ئۆپۆزیسیونێكی بەهێزە لە ئێران، بۆیە تا دروستبوونی ئەو هێزە ئەلترناتیڤە ئەمریكاو وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە شیوەیەكی نەرم لەگەڵ ئێران مامەڵە دەكەن. چۆنكە ئەو فاكتەرانە بوونیان نییە كە بتوانێت هاوكار و یارمەتیدەری هەر گۆڕانكارییەك بێت. لەلایەكی دیكەشەوە ئەزموونی شەڕی ئەفغانستان و سووریە و عێراقیان هەیە كە ئێرانی زیاتر لە ناوچەكە بەهێز كرد. بە ڕای من پێویست بوو سەرەتا هێرش بكرێتە سەر ئێران، چۆنكە شاڕەگی تیرۆریزم و نائارامییە لە ناوچەكە.

* دواپرسیارمان با گریمانەی ئەوە بێ، كۆماری ئیسلامی ئێران داوای وتووێژ و چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە ئێران بكا، ئەگەر وەك رێكخراوێكی ڕێپێدراو مافی چالاكیی سیاسی و مەدەنیتان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان پێ بدرێ، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پێشنیارەدا دەكەن و تا چەند ئەو ئەگەرە بە شتێكی مەحاڵ دەزانن؟


** ئەگەرچی ئیمە بڕوامان بە وتووێژ نییە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی و ئەزموونی چەندین ساڵەی كۆماری ئیسلامی ئەو راستییەی سەلماندووە كە جێگای متمانە نییە، بڕواشمان بەوە نییە كە ڕۆژێك كۆماری ئیسلامی ئەم بڕیارە بدا، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە مەرج و پێشنیاری خۆمان هەیە، هەرچەندە ئەمەش وەك مەحاڵاتە، چونكە كۆماری ئیسلامی ئێران نەك تەنیا ئەسڵی مادەی ١٥ی یاسای بنەڕەتی یان دەستووری وڵاتەكەی پێشێل كردووەو بگرە هەموو یاساكانی لە خوار بڕیاری وەلی فەقیەوەیە و تەنیا ئەو بڕیاردەر و دەستوور داڕێژەرە لە ئێراندا.

=======

 بەپێی بەرنامەو پێڕەوی نێوخۆی پارتی لیبڕاڵ دیموكراتی كوردستان، هەتا بەستنی كۆنگرەو هەڵبژاردنی سكرتێر و جێگرەكەی، وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی ڕۆڵی هەردووكیان دەگێڕێ.

 

 

**************************************

 

vokradio.jpg

 Voice of Kurdish-American Radio for Democracy, Peace, and Freedom

 
free stats

 

 

 
< بعد   قبل >
© 2007 - 1396, VOK Radio