Iranian Culture & Art Club of Fresno
رادیو ده نگی کوردستان له ئامریکا

VOK Radio Newsletter

Name: 
Email:  
Subscribe Unsubscribe

Calendar of Events

« < May 2017 > »
M T W T F S S
1 2 3 4 5 6 7
8 9 10 11 12 13 14
15 16 17 18 19 20 21
22 23 24 25 26 27 28
29 30 31 1 2 3 4
Home arrow هه‌رێمه كوردییه‌‌كان arrow زنجیرە وتووێژێك لەگەڵ ١٢حيزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵات: پارتی ئازادیی كوردستان

Warning: Call-time pass-by-reference has been deprecated in /home/content/v/o/k/vokradio/html/mambots/content/joscomment.php on line 51
زنجیرە وتووێژێك لەگەڵ ١٢حيزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵات: پارتی ئازادیی كوردستان چاپ ارسال به دوست
سالار حیسامی vokradio, Los Angeles, California, USA   

زنجیرە وتووێژێك لەگەڵ ١٢حيزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان

 

kurdish_front_02.jpg

به شى دووهه م: پارتی ئازادیی كوردستان

 حوسەین یەزدانپەنا جێگری سەرۆكی پارتی ئازادیی كوردستان

پيشه كى:

ئاماده كارى و سه رپه ره شتى وتوويژه كان: سالار حیسامی


ڕادیۆ دەنگی كوردستان لە ئەمریكا، زنجیرە وتووێژێكی لەگەڵ دوازدە حيزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەبارەی رەوتی گۆڕانكارییەكان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكەو جیهان و كاردانەوەیان لەسەر ئێران، هەروەها سەرهەڵدانەوەی خەباتی چەكداری لە رۆژهەڵاتی كوردستان و پێگەی كورد لە هەنگاونانی بەرەو سەربەخۆیی و چەند تەوەرێكی دیكە ئەنجام داوە، كە لەماڵپەڕی ڕادیۆ دەنگی كوردستان لەئەمریكا، (بەڕەچاوكردنی پێوەری بێلایەنی پیشەیی) بەپێی پیتی(ئەلف بێ)ی ناوی حيزبە بەشداربووەكان بڵاودەكرێنەوە، هەر لایەنێكیش دواتر وەڵامی پرسیارەكان بداتەوە، هەر لە ریزی ئەو زنجیرە وتووێژەدا دادەنرێ.


پێویستە خوێنەرانی بەڕێز ئاگادار بكەینەوە كە ئەم زنجیرە وتووێژە لەپێش بەڕێوەچوونی شەشەمین دیداری ئەنیستیتوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە(مێری) لەهەولێر ئەنجام دراوەو ئەو لایەنانەش كە لەو پانێلانەدا بەشدار نەبوون، لەم زنجیرە وتووێژەدا بەشدار كراون.

 

iranian_kurds_12organizations.jpg


بێگومان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدۆخێکی ئاڵۆزو پڕكێشەی ئەوتۆدایە كە ئەگەری گۆڕانکاری لەئایندەی ناوچەكەدا پتربووە، ئەوەش نكۆڵی لێ ناكرێ كە ملمڵانێی ناڕەوای ئایینی و مەزهەبی بووەتە هۆی پەرەسەندنی توندڕەوەی و تیرۆریزم، بەجۆرێك كە دەرگای بۆ دەستوەردانی دەرەكی لەئاستی وڵاتانی ناوچەیی و زلهێزانی جیهاندا كردووەتەوە، كوردیش لەو گۆڕانكارییانەدا پشكی شێری بەردەكەوێ. بۆیە بەلەبەرچاوگرتنی هەوڵدان بۆ یەكڕیزی لەپێناوی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی، تەوەری سەرەكیی وتووێژەكانمان لەبارەی زەروورەتی پێكهێنانی بەرە، یان هێزێكی هاوبەش و هەماهەنگیكار بووە بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان و هەوڵدراوە كۆسپەكانی بەردەم ئەو هەنگاوە پێویستە تاوتوێ بكرێ. لەوانەشە زۆر كەس گەورەیی و مێژووی ڕابردووی خەبات و قوربانیدانی لایەنەكان بەلایانەوە پێوەر بێ، ئێمەش وەك چاودێر و میدیاكار، شرۆڤەی تایبەت و بابەتییانەمان بۆ قورسایی هەر لایەنێك هەیە، بەڵام ئەركی پیشەیی ناچارمان دەكا، هیچ لایەن و حزبێ نادیدە نەگرین، ئەوەشی وا دوابڕیاردەرە كە كام لایەن جەماوەریترە، ئیرادەی گەلی كوردستانەو ئەو بڕیارە بۆ هاووڵاتییانی كوردستانی بەجێدەهێڵین.

هیوادارین ئەركی خۆمان وەك میدیاكاری بێلایەن بەباشی جێبەجێ كردبێ.

ریزبەندیی بەشداربووانی بەڕێز:


١- بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان
٢- پارتی ئازادیی كوردستان
٣-پارتی ژیانی ئازادی كوردستان '
٤- پارتی سەربەستیی کوردستان
٥- پارتی لیبڕاڵ دیموكراتی كوردستان
٦-حيزبی دیموكراتی كوردستان (هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە)
٧-حيزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران(هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە)
٨- رێكخراوی كوردستانی حزبی‌ كۆمۆنیستی‌ ئێران- كۆمەڵە
٩- سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران
١٠- كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
١١-کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردسـتانی ئێران (هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە)
١٢- یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان 

 به شى دووهه م: پارتی ئازادیی كوردستان

حوسەین یەزدانپەنا جێگری سەرۆكی پارتی ئازادیی كوردستان

ديمانە: سالار حیسامی


 * پرسیاری یەكەممان با ئەوە بێت، ماوەیەكە لە رۆژهەڵاتی كوردستان خەباتی چەكداری سەری هەڵداوەتەوە و ئەو شێوازی خەباتەش خوێندنەوەى جیاوازی بۆ دەكرێ، بەتایبەتی لەم دۆخەدا كە رۆژهەڵاتی ناوین بەرەو گۆڕانكاریى ژیوپۆلۆتیكی هەنگاو هەڵدەگرێ، هەڵوێستی ئێوە لەو بارەیەوە چییە؟


** پرسیارەکە بە رادەیەکی زۆر گشتییە. لە حاڵێکدا، ئەو پرۆسەیە گشتیی نییەو تایبەتە. ئەوەی راشکاوانە لەم بابەتە دواوە و بە کردەوەش ئەنجامی داوە پارتی ئازادیی کوردستانە. ئایا تۆ لایەنێکی دیکە شک دەبەی کە باسی لە هەڵگیرسانەوەی خەباتی چەکداری کرد بێت، ئایا تۆ هێزێکی دیکە بێجگە لە پارتی ئازادیی کوردستان شک دەبەی کە بڵێ، هێزەکانمان هێرشی کردە سەر فڵان و فیسار پێگەی دوژمن، یان قافڵەی فڵانە کاربەدەستی تیرۆریستی ئێران؟ بەڵێ پارتی ئازادیی کوردستان لە رێگای باڵێ چەکداری خۆی لە ناو شارەکانی رۆژهەڵاتی نیشتمان، لە بەهاری ئەمساڵەوە تا ئێستا ٦ عەمەلیاتی سەرکەوتووی دژی هێزە داگیرکەر و تێرۆریستەکانی ئێران، ئەنجام داوە. کۆی فاکتەرە کوردستانی و ئێرانییەکان، لە بەهاری ئەمساڵەوە ئێمەی هێنایە سەر ئەو بڕیارە کە شانە چەکدارەکانی پارتی ئازادیی کوردستان کە وەک" هەڵۆکانی ئازادیی کوردستان- رۆژهەڵات" هاتوونەتە ناسین، لە هەر کوێ کات و شوێنیان بە باش زانی، هێز و پێگەکانی دوژمنی داگیرکەر بەر هێرشی خۆیان بدەن.


* ڕایەك هەیە پێداگری لەوە دەكا، كە لە بەشێكی باشووری كوردستان جۆرێك لە سانسۆری هەواڵەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەدی دەكرێ، لە بەشێكی دیكەشی بایەخی تەواوی پێ دەدەن، چ خوێندنەوەیەكتان بۆ ئەو ڕایە هەیە؟


** هەلومەرجی باشووری کوردستان و پێوەندییەکانیان لە گەڵ ئێران و لە گەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و سروشتی میدیاکان ئەم دابەش بوونەی لێکەوتووەتەوە. ئێمە گلەیی لەو بەشە ناکەین کە  بە هۆی بەرژەوەندیی و پێوەندییەکانیانەوە گەڵ تاران  و هەروەها سروشتی میدیاکانی، لە  خۆی رانابینێ باسی رۆژهەڵاتی کوردستان و بزووتنەوە سیاسییەکەی و خەباتی رۆڵەکانی بکا. ئەگەر قسەیەکمان هەبێت لە گەڵ ئەو بەشەیە کە ئەو حاڵەتەی نییە، بەڵام راستییەکان وەک خۆی ناگوێزێتەوە. ئێوە چاو لەو میدیایانە بکەن کە هەواڵی شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەگوێزنەوە. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کێچێک کراوەتە گایەک و گایەک کراوەتە کێچێک! دەتوانم بڵێم زیاترین سانسۆر لە سەر چالاکییەکانی پارتی ئازادیی کوردستانە. جا ئەو سانسورە ش هەر لە سەر ئەو بەشە لە چالاکییەکان نییە کە لە رۆژهەڵات ئەنجام دەدرێ. بەڵکوو تەنانەت جەنگ و فیداکاریی و رۆڵی گەورەی هێزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان، لە گەڵ هێزەکانی داعش، هێندێک لە میدیایانە بایکۆتی رەهایان کردوە  وئەوانی دیکەشیان رێژەیەکی زۆر کەمی لێ بڵاو دەکەنەوە.


* پێوەندییەكانی كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی چۆنە و ئایا ئەو ئەزموونەی باشووری كوردستانتان لەبەرچاو گرتووە كە كاتی خۆی لەگەڵ حزبە عێراقییەكان لە دژی حكومەتی بەعس لە بەرەیەكدا بوون و ئێستا هەر ئەوان بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانیان بڕیوە؟


** ئێمە نە ئێرانێکی یەکگرتوو و یەک ناسنامە دەبینین و نە ئۆپوزیسیۆنێکی ئێرانی. ئێران بریتیە لە دەوڵەتێک کە چەند نەتەوە و چەند نیشتمان و چەند زمانی جیاواز پێکەوە پینەکراون و بە دەسەڵاتێکی توتالیتێری داگیرکەر راگیراوە. فارسەکان خاوەن سەروەریی سیاسین و ئەوانیتر بندەست و داگیرکراون. ئەوەش کە  بە هەڵە پێی دەگوترێ: "ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی"، لە راستیدا بریتییە لە تاک و گرووپ و رێکخراوەکانی نەتەوەی فارس.

ئێمە وەک پارتی ئازادیی کوردستان، هێزکی نەتەوەیی کوردستانیین و ئامانجمان رزگاری و سەربەخۆیی کوردستانە. ئێمە خاڵێکی هاوبەشمان لە گەڵ ئەو ئۆپۆزیسیونە نییە. پرسی ئێمە، پرسی سەروەرییە، پرسی حاکمیەت و دەوڵەت و سنوورە. پرسی ئەوان کێشە لە گەڵ سیستەمی سیاسییە. بۆیە لە نێوان ئێمە و ئەو ئۆپۆزیسیۆنەدا، خاڵی هاوبەش نییە و لە روانگەی ئیمەوە، دەستاو دەست کردنی دەسەڵات لە نێوان، باڵەکانی نەتەوەی فارس دا لە تاران، هیچ لە پرسی کورد ناگۆڕێ. ئێمە ئەگەر بیر لە شتێ بکەینەوە ئەوەیە کە لە گەڵ ئەواندا وەک دوو دەوڵەت دراوسێیەکی باش بین بۆ یەک نەک یەک ماڵ. چونکە کورد لە یەکماڵیی لە گەڵ ئەوان تەنیا کارەساتی دیتووە. ئایا ٥٠٠ ساڵ تاقیکردنەوە بەس نییە؟


*  بۆچی لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا لەسەر ئاستی هەموو پارچەكان، پرۆژەیەكی نەتەوەیی، یان لانیكەم رێككەوتنێك لەسەر رەهەندە گشتییەكان نابیندرێ؟ بۆچی كۆنگرەی نەتەوەیی پەكی كەوت؟


** ئەوە باسێکی زۆر هەڵدەگرێت، لە تاقەتی ئەم دیمانەیەدا نییە. خۆزگە دەرفەتێک هەڵکەوێ تا لە سەر ئەم پرسە بە تێروتەسەلی بدوێم. لەو کاتەوە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە رێگای راستەقینەی خۆی ترازاو هێزە سیاسیەکانی لە ئامانجی سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوونەوە، چوونە پێگەی  ئۆپۆزیسیۆنی دەوڵەتە داگیرکەرەکان و بە پێوەری ئۆپۆزیسیۆن ستراتیژی دێموکراتیزەکردنی دەوڵەتی داگیرکەریان گرتەبەر، پرۆژەی نەتەوەیی باری کرد. هاوکات دابەشکرانی کوردستان و دابەشبوونی ناسیۆنالیزمی کورد، بوونە لەمپەڕ لە سەر رێگای خەمڵینی ئەم پرۆژە نەتەوەییە. دابەش بوونی بزووتنەوەی کورد بە سەر هێزە جیاوازەکان و جۆری پارسەنگی هێز لە نێوانیاندا، لە هۆکارەکانیتری ئەم دۆخەیە.


  * دەگوترێ باسی پێكهێنانی بەرەی كوردستانی لە رۆژهەڵاتی كوردستان بووەتە پرسێكی سەرزارەكی، لە بەر ئەوەی هەموو حزب و لایەنەكان بە دەیان جار لە بەر دەم مایكی میدیاكاندا ئامادەیی خۆیان بۆ پێكهێنانی ئەو بەرەیە دەربڕیوە، كەچی تا ئێستا وەك پراكتیك هیچ ئەنجامێكی لێ نەكەوتووەتەوە، بەڵام لەم دۆخەدا كە گۆڕانكاری جددی لە ناوچەكەدا رووی داوە و وەرچەرخانی دیكەش بەڕێوەیە، تا چەند هەوڵتان داوە پێكهێنانی بەرەی كوردستانی لە قاڵبی دروشم دەربچێ، یان وەك لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لانیكەم جۆرێك لە هەماهەنگی لە نێوان خۆتان دروست بكەن؟


** بە شاهیدی بەڵگەنامەکان، پارتی ئازادیی کوردستان، داهێنەری بیری دامەزراندنی بەرەی کوردستانییە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەوەی پێمانکراوە لەم پێناوەدا کردوومانە. بەڵام بەداخەوە ئاکامی نەبوو. ناشمانەوێ، بەشداری بازاڕی دروشمدانی بێ کردەوە و فریودەرانە بین. بۆیە  لە حاڵی حازردا پارتی ئازادیی کوردستان تەنیا حیساب لە سەر هێز و تواناکانی خۆی دەکا بۆ جەنگی دژەتێرۆر لە رۆژهەڵات و لە باشووری کوردستان. لە رۆژهەڵات دژ بە داگیرکەرانی بەر فەرمانی تاران و لە باشوور دژ بە دەوڵەتی خەلافەتی داعش.


* كۆبوونەوەی هەندێ لە حزبە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە پێناوی هەماهەنگی و كاری هاوبەش تا چەند پرۆسەیەكی كارایە و ئەوەش كە دەگوترێ جۆرێك لە تەریكخستن، یان نادیدەگرتنی لایەنگەلی دیكەی لێكەوتووەتەوە، تا چەند ڕاستە؟

**  هەر کات و لە هەر کوێ، تەرازوی هێز لە نێوان چەند دەوڵەت، یان کۆمەڵێک حیزبی سیاسیدا بگۆڕدرێ، ئەوانەی هەست بە مەترسیی لە بەهێز بوونی دەوڵەت، یان حیزبێکی دیکە دەکەن، بۆ کۆنترۆڵی دۆخەکە یان گێڕانەوەی هاوسەنگیی، روو لە هاوپەیمانێتی دەکەن... بە پانەوە دیارە کە تەرازووی هێز بە قازانجی پارتی ئازادیی کوردستان گۆڕاوە. هەوڵی شەش لایەنە سیاسییەکە بۆ جۆرێک لێک نزیکبوونەوە و تەریکخستنی پارتی ئازادیی کوردستان، لەو چوارچێوەیەدا دەخوێندرێتەوە. من پیرۆزبایی لەو هەنگاوەیان دەکەم.


* یەكگرتنەوەی دیموكرات و كۆمەڵەكان تا چەند زەمینەی هاوكاری و خەباتی هاوبەشی گشت حزب و لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان خۆش دەكا؟

** ئەو بابەتە، بەشێک نییە لە مەشغەڵە و سەرقاڵییەکانی ئێمە.


* ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاوا دەمێكە دۆسیێ ناوكی، پرسی دیموكراسی و فایل و ڕاپۆرتەكانی مافی مرۆڤ لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران دەجووڵێنن، تا چەند بەوە گەشبینن كە ئەو فشارانە ئەگەری ریفۆرم لەو وڵاتەدا بڕەخسێنێ و ئایا تا ئێستا كاریگەرییەكی ئەرێنی هەبووە؟


   **بەداخەوە، رۆژاواییەکان هیچ سیاسەتێکی لێبڕاوانەیان  بەرانبەر پێشێلکاریی و یاخیگەرییەکانی تاران نەبووە، هەر بۆیەش نەک هەر بابەتێک بە ناوی رێفۆرم و چاکسازیی لە ئارادا نییە، بەڵکوو، تاران لە سێبەری ئەو سیاسەتە نادروستە جیهانییەدا، زیاتر لە جاران بە زەبری کوشت و بڕی خەڵک، حوکم دەکا.


*كەواتە وڵاتاتی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمریكا بۆچی بە سیاسەتی نەرم لەگەڵ ئێران مامەڵە دەكەن؟


** دیارە بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەو سیاسەتەدا دەبیننەوە، بە بێ گوێدانیان بە ئەرکی ئەخلاقییان.


*  دواپرسیارمان با گریمانەی ئەوە بێ، كۆماری ئیسلامی ئێران داوای وتووێژ و چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە ئێران بكا، ئەگەر وەك رێكخراوێكی ڕێپێدراو مافی چالاكیی سیاسی و مەدەنیتان لە رۆژهەڵاتی كوردستان پێ بدرێ، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پێشنیارەدا دەكەن و تا چەند ئەو ئەگەرە بە شتێكی مەحاڵ دەزانن؟


** ئەو گریمانەیە لە حاڵی حازردا مەحاڵە. حاڵەتێکی وا تەنیا لە کاتی گۆڕانی تەرازوی هێز لە نێوان کوردو تاراندا بە قازانجی کورد،  دەتوانێ وەک ئەگەرێک روو بدا.  وەک ئەزموونی شەڕی سێ مانگە و گفتوگۆکانی نێوان دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد و تاران. یان وەک راپەڕینی باشووری کوردستان و گفتوگۆ نێوان کورد و بەغدا... لە ئەگەرێکی وادا، خەون و خەمی ئێمە "مافی چالاکیی سیاسی و مەدەنی" نییە، بەڵکوو کارکردنە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان، جا یان لە رێگای رێفراندۆمەوە، یان بە جاڕدان.

 

**************************************

 

vokradio.jpg

 Voice of Kurdish-American Radio for Democracy, Peace, and Freedom

 
free stats

 

 

 
< بعد   قبل >
© 2007 - 1396, VOK Radio